شوان حەمە : پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ، با لە فۆرمی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانیشدا بێت، دابڕاو نییە لە مێژوی شەش دەیەی ململانێ و ئاشتبوونە و شەڕ و ئاشتی ئەو دوو حیزبە … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووس شوان حەمە، سەبارەت بە ئامانج و ئایندەی ڕیکەوتنی پارتی و یەکێتی…

0

بۆپێشەوە: ٨ ی ئەم مانگە جێگری سەرۆکی حکومەت! دوای زیاتر لە ٦ مانگ کەنارەگیری لەگەڵ سەرۆکی حکومەت کۆبوەوە، بەجیا لە بانگەشەی پارتی و یەکێتی، هۆکاری سەرەکی کەنارەگیری جێگری سەرۆکی حکومەت چی بوو؟

شوان حەمە: تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ئاشتبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، ڕیکەوتن و پێکەوەکارکرنی داهاتوو گەرەنتی دەکات یان نا!

ڕووداوەکانی شەش مانگی ڕابردوو، وەک یەکەمین ئەزموونی نەوەی دووەمی بارزانی و تاڵەبانییەکان، کە لەیەککاتدا جومگەکانی حیزب و حکومەتیان کۆنترۆڵ کردوە، یەکەمین شکستی پێکەوەکارکردنی ئەو نەوە نوێیەیە، کە پێدەچێت هەردوو لا، هەڵگری هەمان رێباز و میزاجی سیاسی باوانیان بن.

پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ، با لە فۆرمی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانیشدا بێت، دابڕاو نییە لە مێژوی شەش دەیەی ململانێ و ئاشتبوونە و شەڕ و ئاشتی ئەو دوو حیزبە.

بۆپێشەوە: سەرۆکی پارتی کە خۆی کەسی یەکەمی پارتییە لە کردنەوەی یادگەی بارزانی نیشتیمانی!!، داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کۆتایی بە تەشەنوجی نیوانیان بهێنن و ناو “ماڵی کورد” ڕیکبخەنەوە، پرسیار ئەوەیە سەرۆکی پارتی کەخۆی لایەکی سەرەکی کیشەی نیوان پارتی و یەکێتی و دۆخی سیاسی کوردستانە، بۆ ئەو داوای ڕیکەوتنی پارتی و یەکێتی دەکات وخۆی بەدوور بێ لایەن لە کیشەکان و دەخاتە ڕوو؟ ئایا ئەو مامەڵەیە بەمانای ئەوە نایەت وەکو مەرجەع!! دەیەوێت خۆی دەربخات و جێ بخات؟

شوان حەمە: سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی، ئەگەرچی خۆی ساڵانێکی زۆر سەرۆکی هەرێم بووە، بەڵام هەرگیز باوەڕی بە دامەزراوگە حکومییەکان نەبووە، بۆ نموونە کەی لەبەرژەوەنی پارتی بووبێت کاری بە دامەزراوە حکومییەکان کردووە، کەی لەبەرژەوەندی پارتی نەبوبێت، دامەزراوەکانی پەک خستووە، نموونەی داخستی پەرلەمان لە دوای دروستبونی گۆڕان، لە ئێستاشدا سەرباری ئەوەی کوڕەکەی سەرۆکی حکومەت و برازاکەی سەرۆکی هەرێمە، بارەگای بارزانی کردووەتە و وەک مەرجەعێکی سەر و حکومەت و هەرێم ڕەفتار دەکات.

مەسعود بارزانی لەوە تێگەیشتووە کە گرژیەکانی نێوان حیزبەکەی و یەکێتی، پاشەکشەی حیزبەکانیتر بە هۆی دڕێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن، پێگەی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان لاواز دەکات.

یەکێک لە هۆکارەکانی باگهێشتی ‌بازرانی بۆ کۆبوونەوەی هێزە سیاسیەکانی، بۆ بەرگرتنە لە دروستبوونی ئەو لاوازییە و گەڕانەوەی پارتی وەک خاوەنی پرۆژە و کۆکردنەوەی حیزبەکانیتر لە دەوری خۆی.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانییە رێکەوتنی ئەمجارە، ئایا ئەمە ویستی پارتی و یەکێتی بوو یان گوشاری دەرەکی بۆ ئەوەی چیتر هەڵبژاردن دوانەخەن؟

شوان حەمە: کرۆکی ئەم ململانێ نوێیە، دوور و نزیک پەیوەندی بە دادپەروەی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری گشتی و قووتی خەڵک نییە، بەڵکو پەیوەندی بە داڕشتنەوەی بالانسی هێز و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی داهاتەکانە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، بە دیاریکراویش دۆزینەوەی گاز لە ناوچەی ژێردەستی یەکێتی. شەڕی ئۆکرانیا و دەرهاویشتەکانی، کورتهێنانی زۆری لە بەرهەمی گازدا لێکەوتووەتەوە.

ئاشتبوونەوەی ئەمجارەی پارتی و یەکێتی، هێندەی فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بوو، ‌هێندە خواست و پێویستی پارتی و یەکێتی نەبوو.

بۆپێشەوە: دەوترێت دوای هەر ڕیکەوتنێکی پارتی و یەکێتی، بارگرژی و هەڵشاخان و شەرێکی تر ماوە، ئەوە تا چەندە راستە و هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕیتەوە؟ ئایندەی ڕیکەوتنی ئەم جارە چۆن دەبینن؟

شوان حەمە: لە دۆخی ئێستادا کە پارتی و یەکێتی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی هەرێمیان بەدەستە، ئەگەری شەڕی ناوخۆ (هاوشێوەی شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤ ـ ١٩٩٨) ئەگەرێکی دوورە. بەڵام گرژی سیاسی و ڕەنگە پێکدادانی سنورداری چەکداری لێرەولەوێ، هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە.

بۆپێشەوە: تۆ چۆن دەروانیتە دەستەواژەی “یەک ریزی ناو ماڵی کورد” ئایا ئەم یەکریزییە لە روانگەی پارتی و یەکێتیەوە زیاتر لە ڕیکەوتن و سازانی نیوان پارتی و یەکێتییە؟

شوان حەمە: چەمکی (یەکڕیزی ناوماڵی کورد) چەمکێکی ئاڵۆزە، کورد کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لەلایەن هێزە ئیمپریالیستەکانی ئەوکات، بەفەرمی بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکرا.

لەسەر ئاستی نەخشەی سیاسی نیودەوڵەتی، تا ئێستا یەکڕیزی ناو ماڵێ کورد جێگەیەکی دیارکراوی نییە.

 لەسەر ئاستی ناوخۆی حیزبەکوردییەکان، زۆرجار یەکڕیزی ناو ماڵی کورد، نەک وەک چەمک، بەڵکو وەک دەستەواژەیەک بۆ وەبەرهێنانی سیاسی حیزبی و دەستکەوتە حیزبییە کورتماوەکان بەکار هاتووە. پێموابێت لە داهاتووشدا هەر وا بەکاری دێنن.

حیزبەکانی دەرەوەی هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی، لە زۆر قۆناغ و ڕووداودا نەیانتوانییوە، بە شوناس و ڕۆڵی سەربەخۆوە جوڵەی سیاسی بکەن، بەڵکو لە زۆر قۆناغ و ڕووداوی گەورەدا، لە پێناوی بەرژوەندی خۆیان، لەباشترین حاڵدا ڕۆڵی شوێنکەوتوی سیاسەتی پارتی و یەکێتیان بینیوە، لە خراپترین حاڵیشدا یان ترسێنراون و بێدەنگ کراون.

Leave A Reply

Your email address will not be published.