دابران لە نەرێت و شێوەکاری چەپی رادیکاڵ مەرجی کۆمەڵایەتی بونەوەی حزبە… نووسینی: عوسمان محەمەد
هەلوومەرجی سیاسی جیهان لەئاستانەی ئاڵوگۆڕێکدایە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیزامی سەرمایەداری لەئەزمەیەکی قووڵی خنکێنەردایە، بۆرژواکان وەک نەریتی هەمیشەییان لەهەوڵی ئەوەدان زەرەرو زیانەکانی ئەم ئەزمەیە بدەنەوە بەسەر چینی کرێکاردا، بۆیە کۆمەڵگەیان کردۆتە مەنجەنیقێک بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش…. بێزاری خەڵک گەیشتۆتە لووتکە ئێستا لەهەموو کاتێ زیاتر خەباتی کۆمۆنیستەکان بۆ ڕابەرایەتی و ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز پێویستی ترە، دەخالەتی کۆمۆنیستەکان لەم هەلوومەرجەدا بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەو دیاریکردنی چارەنووسیان مەسەلەیەکی گرنگ و حەیاتیە.
خەباتی چینی کرێکار لەدژی نیزامی سەرمایەداری و بەرگرتن بەهێرشی دڕندانەیان کارێکی ڕۆژانە و بەردەوامە بەئاشکراش ئەنجام ئەدرێ، کارێک نییە لەژێر زەمینەکان و لەپشتی پەردەوە بکرێ یان ئەنجام بدرێ.
هەرحزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی و مارکسیست بەبێ درێژەدان بەم خەباتە ڕۆژانەیەی چینی کرێکار بەهیچ ئامانجێک ناگات، سەنگی مەحەکی هەر ڕێکخراوێکی سیاسی (کۆمەڵگەیە)….بەبێ جوڵاندنی کۆمەڵگەو تەوازوونی هێزو کۆکردنەوەی هێزی کرێکارو کۆمەڵانی خەڵک ئەکەوێتە کەناری سیاسیەوە. تائێستا ئێمە نەمانتوانیوە ببینە هێزیکی کۆمەڵایەتی کاریگەر کە ئەحزابی بۆرژوازی بخاتەژێر گوشاری توندەوە.
لەدەورانی پێشوودا ئێمە ناوبانگمان بەدووشت دەرکردووە.
یەکەم/حزبێکی دژی دین و دژی ئیسلامی سیاسی.
دووەم/وەک حزبێکی سیاسی کەبەرگری لەمافی ژن ئەکەین.
بەڵام لە ناو چینی کرێکار و خەباتی رۆژانەی ئەم چینە رۆڵ و کاریگەریمان لاواز بوە و وەک حزبێکی دژی سەرمایەداری کە خەبات ئەکات بۆ دامەزراندنی سۆشیالیزم و کۆتاییهێنان بە ستەم و چەوسانەوە، کەمتر دەرکەوتیـــن هەر لەبەر ئەوەش بووە کە کرێکاران کەمتر ڕوویان لە حزبی ئێمە کردووە.
لە دوای لینین و بۆڵشەویزم، بە هۆی شکستی شۆرشی کرێکاری لە روسیا ئیتر دابڕانێک کەوتە نیوان چینی کرێکار و کۆمۆنیزمەوە، سەرئەنجامیش ئەحزابی چەپ و بەناو کۆمۆنیست و سۆسیالیست لە پراکتیک و شێوەکاری کۆمۆنیستی دابڕان.
ئەوە نزیکەی سەدەیەکە لە سایەی باڵادەستی پەیداکردنی جۆرەها سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی بورژوازیەوە، شێوەکارو پراکتیکی سۆشیالیزمی بورژوازی و وردەبۆرژوازی برەوەی پەیداکردوە، بە دیاریکراوی سوونەتەکانی چەپی ڕادیکاڵ و رۆشبیران و وردەبورژوازی ناڕازی خەباتی کۆمۆنیستەکانی لە قاڵب داوە.
شۆڕشی سۆشیالیستی بەبێ ڕێکخستنی چینی کرێکار ئیمکانی نییە، مەشغەڵەی ئێمە کاری بەردەوامی ئێمە، پیویستە چینی کرێکارو بزووتنەوەی کرێکاری بێت، هەرئەمەش وا دەکات کە بتوانین کۆمەڵاتی بینەوە و لە ناو چینی کرێکار رەگ و ریشە داکوتین. ئەگینا لە باشترین حاڵەتدا تەنها دەتوانین گروپێکی فشار بین بەسەر دەسەڵات و ڕەوتە بۆرژواکانەوە. ئەوە ڕاستە بەدرێژای مێژوو بۆرژوازی دەسەلاتدار، لەهەوڵی ئەوەدا بووە کە ئێمە قەدەغە بکەن. وە لە چوارچێوەیەکدا قەتیس بکەن، بەڵام بەرە بەرە رەزایەت دان بەم چوارچێوەیە بوەتە نەریک لای کۆمۆنیستەکان وەکو ئەوەی کە خەباتی کۆمۆنیستی هەر لە بناغەوە خەباتێکی نهینی بیت، بۆیە ملمان بەو چوارچێوەیە داوە و نەمانتوانیووە بشکێنین دەست و پێی خۆمانی لی رزگار بکەین. بۆ دەرچوون لەم هەلوومەرجە سیاسی و پراکتیکیە ئەبێ ئەم تەوقی قەدەغەیە بشکێنین و خۆمان بەخاوەنی کۆمەڵگە بزانین ئەبێ بەرنامەی ئێمە و پراکتیکی ئێمە بۆ کۆمەڵگە زۆر بەڕۆشنی تەبلیغ بکەن.
ڕەوتە ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیستەکان و بەشەکانی تری بۆرژوازی بە بەرنامە دژی ئینسانیەکانیانەوە لەهەموو کۆڕو کۆمەڵێک قسەی خۆیان و سیاسەتی خۆیان تەبلیغ ئەکەن بەبێ ئەوەی شەرم بکەن هەرچی قیەم و هەست و سۆزی ئینسانی هەیە ئەیخەنە ژێر پرسیارەوە بەشێک لەخەڵکیش گوێیان لێ ئەگرێ. بەڵام ئێمە کە ئەو هەموو بەرنامە پراوپر ئینسانیەمان، نەک نابێ سڵ لەوە بکەینەوە کە لە هەموو کۆڕۆکۆمەڵ و بەوپەری شانازیەوە پیداگری لەسەر بەرنامە و سیاست و ئامانجە ئازادیخوازانەکانی خۆمان بکەین، بەڵکو دەبێ جێگا بە کۆنەپەرستانی ئیسلامی و ناسیۆنالیست لێژ بکەین، فەزایەک بەرپا بکەین کە ئەوان شەرم لە خۆیان بکەن کە باسی فروفیشالی نەتەوەپەرستی و خورافات و دواکەوتوی ناسیۆنالیستی و ئیسلامیان بکەن.
ئەو کارو چالاکیە سیاسیەی کە ئێمە کردوومانە، بێ وێنە بووە لە مەیدانی سیاسیدا، تەنانەت بۆتە جێگەی سەرنجی نەیارەکانمانیش لەزۆر جێگەدا باسی ئەوەیان کردووە، کۆمەنیستەکان لەگەڵ ئەوەی کە گشــت بەشەکانی بۆرژوازی هەڕەشەیان لێئەکەن و بەردەوام ڕێگریان بۆ دروست ئەکەن، لەهیچ لایەنێکی سیاسی و حکومی ئیمکاناتی ماددی وەرناگرن لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان ئەو هەموو چالاکی و تێکۆشانە بەردەوام درێژە پێ ئەدەن، لەهیچ هەڕەشەیەکی ناسڵەمێنەوە، بەڵام چونکە ئەو چالاکی و ئەنەرژیانە لەمەیدانی تاکتیکیا بەخەرج دراوە، وە ئەوەش چوار چوارچێوەیەکی بۆ ئێمە دروست کردووە، کە تەبلیغ و تەرویجی ئێمە لە قاڵب بدات، لەم حاڵەتەدا کادرو ئەندامانی ئێمە ناتوانێ دەستی کراوەبێت.
بەرنامەی پراکتیکی خۆمان لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا تەبلیغ بکەین کاتێ لەکۆڕ و کۆمەڵێکدا بەشدار ئەبین نابی دودڵ بین خۆ لەکۆڕ و کۆمەڵەکان خۆمان دوور بگرین، ئەبێ ئەم پراکتیک و شێوەکارە زۆر جەریئانە تێکبشکێنین بۆئەمەش ئەبێ کارەکتەرێکی زۆر چالاک بین و کۆمەڵگە بێنینە پای سیاسەتەکانی خۆمان. هیچ کاتێک کۆمەڵگە بەقەد ئێستا تینووی سیاسەتەکانی ئێمە نەبووە، بەڵام ئەبێ تەبلیغ و تەرویجی ئێمە سەرچاوەو خەبات و تێکۆشانمان بچیتە سەر دژی سەرمایەداری و سیستەمێکی بەرهەمهێنانی دژی ئینسانی کە دروستیان کردووە ئەگەر بتوانین ئەم پراکتیکە دژی سەرمایەداریە پیادەبکەین ئەوا سیاسەتەکانمان لەمەیدانی دین لەمەیدانی ژنان لە دژی ناسیۆنالیزم و ڕەوتە بۆرژواکانی تر ئەچیتە قاڵبی خۆیەوە قسەکانیشمان ناکۆک نابێ بۆ بەرژەوەندی و ئاواتەکانی بۆکۆمەڵانی خەڵک.
ئەبێ کادر و ئەندامانی ئێمە ئەوە بزانن کە ئەسڵ لەخەباتی ئێمەدا ئەوەیە کەڕێکخەری چینی کرێکار بین بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی. بەبێ ڕێکخستنی چینی کرێکار شۆڕشی سۆشیالیستی کارێکی مەحاڵە، کاتێک کە ڕەخنەی ئێمە ئەچێتە سەر ڕەووتە ئیسلامیەکان یان ڕەخنە لەدژی نایەکسانی ژن و پیاو ئەگرین لەبەر ئەوەیە کەئەمانە هاوکارو پشتیوانی لەم نیزامە چەوسێنەرە ئەکەن.
مارکسیستەکان کەڕەخنە لە ژێردەستەیی ژنان ئەکەن ئەوە تەنها و بە تەنها لەبەرخاتری خودی ئازادی ژن نییە، چینە چەوسێنەرەکان هەربناغەوە هێزی چینی کرێکارییان کردۆتە دووبەشەوە نیوەی کرێکارانیان بێبەش کردووە لەخەبات بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە شۆڕشی سۆشیالیستی هەرکاتێک کە ئەزمەی ئابووری تەوژمیان بۆئەهێنێ ئەوە بەئەشکاڵی جۆراوجۆر هەوڵ ئەدەن ژن بنێرنە ماڵەوە، چونکە ژنان لەماڵەوە کاریان هەیە دیارە ئەوکارەشیان بێ کرێیە، بەم نەخشەیە ئەیانەوێ دوو هەدەف بپێکن.
یەکەم: ئەیانەوێ ژنان دابڕن لەخەبات و ناڕەزایەتی دژی سەرمایەداری.
دووەم: ئەم کارو ماندووبونەی ژنان نەکرێی هەیەو نە هیچ ماف و ئیمتیازێک.
لەم ڕوانگە سیاسیەوە کۆمۆنیستەکان ئەڕواننە چەوسانەوەی ژنان نایەکسانی ژنان بەکاڵا کردن و کۆیلە کردنیان لەوێوە سەرچاوە ئەگرێ.
ئەم تێڕوانینە بۆ مەسەلەی دینیش هەروایە، واتە رەخنەی سەرەکی کۆمۆنیزم لە دین تەنها ئەوە نییە کە خورافات و کۆنەپەرست و ناکۆکە بە زانست و ژیانی مۆدیرنی ئینسان، بەڵکو لەمەش زیاتر و لە بنەرەتدا رەخنەی سەرەکی کۆمۆنیزم لە دین ئەوەیە کە بەرگری لە دابەشبونی کۆمەڵایەتی دەکات بۆ چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەرە، بەرگری لە سیستەمی سەرمایەداری دەکات، خەباتی کرێکاران لە پێناو رزگاری دوچاری هەڵدێر دەکات، لەسەر بناغەی دینی ناکۆکی و تەفرەقە لە نیوان کرێکاران سەر بە دینە جیاوازەکان دروست دەکات..هتد ئەگەر نا هەرکەسێ ئازادە چ دێنێک و چ بیروباوەڕێک هەڵئەبژێرێ و پەیڕەوی لێئەکات کاتێک کە ڕەخنەی بناغەی و ستراتیژی ئێمە لەدژی سەرمایەداریەوە سەرچاوەئەگرێ و ئەوا تەبلیغی ئێمە لەنێو خەڵکدا پێشوازی لێئەکرێ لەهەمان کاتدا دەستی کادرو ئەندامانی ئێمە ئەکاتەوە بۆ ئەوەی لەهەر کۆڕو کۆمەڵێکدا قسەی خۆیان بکەن بەبێ دوودڵی و شەرم کردن، کاتێک کە ڕەوتە ئیسلامیەکان و ناسیۆنالستەکان بەو هەموو سیاسەتە دژی ئینسانیەوە لەکۆڕو کۆمەڵانەدا زۆرترین دەمەوەری ئەکەن بۆچی ئێمە بەو بیروباوەڕە ئینسانیانەوە نەتوانین قسەی خۆمان بکەین.
تەبلیـــغی ئێمە ئەبێ بچێتە سەر ئەوەی کە ئەحزابی سەر بەبزوتنەوە بورژوازییەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە لەباری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەرنامەیان چییە…؟
چۆن چارەسەری نەبوونی و بێ کاری و تیرۆرو ڕەشە کوژی و نەبونی ئاو و کارەبا و نەوت و بەنزین و …هتــــد.
ئەبێ قسەو باسە سیاسییەکانمان ئەو مەیدانە بنەڕەتییانە بپێکین کە ڕاستەوخــۆ لەناکۆکی کارو سەرمایەوە سەرچاوە ئەگرێ.
بە واتایەکی تر ناکۆکی ئێمە لەگەڵ ئەحزاب و بزوتنەوە کۆمەڵاییەتیەکانی بورژوازی کە لەسەر ئەو نابەرابەرییەی ناو کۆمەڵگەیە، ئەو نابەرابەرییە ئابوری و سیاســی و کۆمەڵاییەتیەی کە سیستەمی ســـەرمایەداری دروستی کردووە…
*****