دەسەلات بە کردەوە پووچی دامودەزگا فەرمییەکان ڕادەگەیەنێت! نووسینی: بنار مستەفا
لە کوردستان دام و دەزگا فەرمییەکان خاوەنی جێگەوڕێگەیەکی شایستە بە ئاماژە نین. لەمێژە خەڵکی ئەم ڕاستییەیان ئەزموون کردووە و خودی دەسەڵاتدارانیش چیتر نایشارنەوە. هەم جاروبار لە قسەی بەرپرسانەوە ئەم ڕاستییە دەدرکێنن، هەم کارەکانیان بە کردەوە نیشانی دەدەن. لەم بارەوە کۆمەڵە نمونەیەکی زۆر هەیە و دەکرێت تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا ئاماژە بە دوو ڕووداوی بەرجەستە و نوێ بکەین.
شەڕ و پێکدادانی پەرلەمان، نمونەیەکی زیندووی ئەم لیستە درێژەیە. لە کاتێکدا دوو حزبی دەسەڵات و حزبەکانی شەریکی زۆر کاریان کردووە بۆ نیشاندانی پەرلەمان وەک پێگەیەکی خاوەن بڕیار و دەزگایەکی شەرعی، بەڵام هەر خۆیان بە چەند شێوە پووچی و هیچ لەبارنەبووی دەسەلمێنن. كێشمەکێش لەسەر بەندەکانی پەیڕەوی ناوخۆی کارکردنیان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی بە هێز و پیاکێشان و تەنانەت دەستبەسەرگرتنی چەکوشی بڕیاردان، دەرفەتێک بۆ مانەوەی ئۆتۆریتەی ئەم دەزگایە ناهێڵێتەوە. پرسیاری هەر کەسێک دەکرێت ئەوە بێت: ئەگەر ئەوانەی پەرلەمانیان بۆ گرنگە و بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، ئاخۆ بۆ خەڵکی چی بەهایەکی هەبێت و چی ئومێدێک بهێڵێتەوە.
هەڵبەت ئەمە یەکەم جار نییە لە پەرلەمان دیمەنی سەلماندنی پووچی دەزگاکە لە لایەن زوڕناژەنانییەوە دەبینین و دەبیستین. بەڵام پێشتر زیاتر لە ڕێگەی ئەو لایەنانەی بەناو ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان بوون بە شکڵ و شێوەی جیاواز دەبینرا. ئەم جارەیان دوو هێزی سەرەکی، کە خۆیان بە خاوەنی پەرلەمان دەزانن و بە گرنگییەوە کار لەسەر بەشەرعی کردنی دەکەن، بە کردەوەیەکی تەفسیرهەڵنەگر، هێڵێان بە ژێر ئەو ڕاستییەدا هێنا، کە پەرلەمان پووچە و کارتۆنییە. دەزگایەکە بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی میلیشیا و هەر ساتێک دەتوانن لەوەی هەیە ڕیسواتری بکەن.
یەکێکی تر لە هەواڵەکانی هەفتەی ڕابردوو، کە میدیاکان سەرنجیان چووە سەری و بە تایبەتی کەناڵەکانی دەسەڵات لە هەوڵی گەورەکردنیدا بوون، کردنەوەی هێڵی گەرم بوو لە لایەن سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بۆ وەرگرتنی کێشەی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنیان. ڕاستی و دروستی ئەم هەواڵە بەجێی خۆی، چونکە لە کەناڵی ترەوە ئاماژە بەوە دراوە، کە کەسانێک دەیان جار هەواڵیان داوە تێل بکەن و بێ وەڵام ماوەتەوە. بەڵام ناوەڕۆکی ئەم هەواڵە چیمان پێ دەڵێت؟
ئەگەر لە جێگەیەکدا دەسەڵات و دامودەزگاری فەرمی بوونیان هەبێت، پێویست بەوە دەکات بەرپرسێکی حزبی ئەم کارە بکات؟ ئەم جارەیان نەک بە درکاندنێک، بەڵکو بە کردەوە سەرۆکی یەکیتی نیشانیدا، کە لە کوردستان و لانی کەم لە ژێر دەسەڵاتی حزبەکەی ئەودا کەناڵێکی فەرمی بوونی نییە بۆ چارەسەری کێشەی هاوڵاتیان. واتە گەر دانیشتووانان لێیان قەوما، دووچاری نادادپەوەری بوونەوە و مافیان خورا، شوێنێک نییە پەنای بۆ بەرن. هەڵبەت لەو گرتە ڤیدیۆیەی میدیاکان بڵاویان کردەوە، باس لە کێشەی بچووک نەبوو، بەڵکو بۆ نمونە باس لە “بوونی مافیا” دەکرا.
میدیاکانی دەسەڵات ویستیان ئەوە وەک خاڵێکی بەهێز نیشان بدەن، کاتێک سەرۆکی یەکێتی بوونی مافیای وەک “مەلەفی خۆی” وەرگرت، بەڵام بێ ئاگا یان چاوپۆشی لەوەی ئەم هەنگاوە کۆمەڵێک پرسیار دروست دەکات لەسەر ئەوەی “چۆن ئەم مافیایانە دروست بوون و بۆچی دەزگایەکی فەرمی نییە بتوانێت سنوورێک بۆ ئەم مافیاگەرییە دابنێت؟” ڕەنگە دروستتر بێت بڵێین چیتر پرسیاری نەهێشت و نیشانیدا، کە دەسەڵاتی سی ساڵەی کوردایەتی مافیا لە بازاڕەکاندا بەرهەم دەهێنێت و یاسا و دادگایەکیش نییە بتوانێت بەریان پێ بگرێت، بەڵکو تەنها ڕێگا بۆ ئەگەری کۆتاییهێنان پێی سەرۆکی حزبە، کە هیچ پێگەیەکی حکومی نییە.
ئەم دوو نمونەیە لە هەواڵە سەرەکییەکانی هەفتەی ڕابردوو، بە کردەوە لە لایەن خودی دەسەڵاتدارانەوە نیشانی دەدات، کە لە دامودەزگا فەرمییەکان پووچ و بێ ناوەڕۆک و هیچ کارەن. ناتوانن جێگەی متمانەی خەڵکی بن، لە کاتێکدا خودی خۆیان ئۆتۆریتەی دەزگاکان ژێر پێ دەنێن.
کۆتایی ئایاری ٢٠٢٣