زیارەتی گۆڕی ڕابەڕانی ناسیونالیزم، بۆچی؟ نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

سەردانی گۆڕی مردووەکان مافی تاکە کەس و هەرکەس ئازادە سەردانیان دەکات یا نا یکات. بۆ کەسێک ئازیزیکی دەمرێت و سەردانی گۆڕەکەی دەکا پەیامی وەفا وخۆشەویستی بۆ مردووەکە نیشان دەدات، بۆ زیارەتی ڕابەڕێکی سیاسی و پیشاندانی بە کۆمەڵگە لە شێوەی وێنەو ڤیدیۆ لە ڕێگای میدیاوە پەیامێکی سیاسی نیشان ئەدات… دیاردەی سەردانی سەرکردەی سیاسیی پڕوپاگەندەیە بۆ لایەنێکی سیاسی و پەیامە بۆ بەهێز کردنی ئەو ڕێبازەی ئەو. لەو چەند ساڵەی دوایدا سەردانی گۆڕی سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی سەرنج ڕاکێش. سەردانی گۆڕی موستەفا بارزانی، ئیدریس بارزانی و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا بە نموونە دیاردەیەکی گشتگیرە. بە ڕای من هەرکەس سەردانی گۆڕي ئەم سێ سەرکردەیە دەکات پەیامی بەهێزکردن وبانگەواز و پڕوپاگەندە بۆ ڕێبازی ئەو سەرکردانەو حیزبەکانیان دەگەیەنێ ئیتر بە هەر بیانویەکەوە و بەهەر هۆکارێک بێت ئەو سەردانەیان. بەهێزکردنی ڕێبازو ڕەوتی ناسیۆنالیستانەی ئەم سەرکردانە هیچ لە بەرژەوەندی چینە هەژارو کەم دەرامەتەکانی کوردستاندا نییە، بەڵکو دەبێتە مەینەتی و کوێرەوەری زیاتر بۆیان. لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی چینی دزو گەندەڵکارو سەرمایەدارو مافیاکانە کە لە ماوەی دەسەڵاتیاندا یا لە ماوەی ئۆپۆزسیۆن بونیاندا هیچ دەسکەوتیان نەبووە بۆ چینە هەژارەکان یا بۆکرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و کارمەندو مامۆستاو گەنج و مناڵیش لە کوردستاندا، بەڵکو دەسکەوتی ماددی و مەعنەوی بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان بووە. لە لایەکی ترەوە لە ماوەی ژیانی سیاسیاندا بوونەتە هۆی لە ناوبردنی تاکی کورد چ بە شێوەی تیرۆرو کوشتن وپەلامارو ڕفاندن و زیندانی کردنی، چ بەشێوەی برسیکردن وبێکارکردنی و هەژارکردنی. تا لە ژیاندا بوون جگە لە زیان هیچ سوودێکیان نەبووە ئیتر بۆ دەبێ کەسانی یەکسانیخوازو ئازادیخواز وکەسانی مرۆڤدۆست و ژیان دۆستی کورد زیارەتی گۆڕی ئەم سەرکردانە بکات. بەپێچەوانەوە دەبێ خەڵکی کوردستان ئەمانە وەک تۆمەتبار و بکوژ چاو لێ بکات، ئەمانە مێژوویان دیارە کە بکوژی دەیان و سەدان کەسی ڕۆژنامەنووس وچالاکوانی مەدەنی و سیاسی و چەپ وکۆمۆنیست وئازادیخوازن و ئەمانە نۆکەری بەعس و خومەینی و شای ئێران بوون. ئەگەر بڕیاڕتدا سەردانی ئەم گۆڕانە بکەی لەپێشدا بیر لە مێژوویان بکەرەوە، بیر لە بەرژوەندییە ئابورییەکانیان بکەرەوە ئەنجا ئەو بڕیاڕە بدە. جگە لەمە زیارەتەکانیش خراونەتە ئاستێکی خورافی وەهاوە کەوەک زیارەتە دینیەکانیان لێ هاتووە. فاتیحا خوێندن و دوعا وپاڕانەوە لەسەر گۆڕەکانیان بەشێکی ترە لەو ڕەخنە توندانەی دەبێ لێ یان بگیرێ بەمەرجێ ئەمانە لەکاتی بوونیاندا خۆیان و حیزبەکانیان بە عەلمانی ناساندووە ئەمەش دووڕوویەکی ئاشکرایە. زیارەتی گۆڕی کەسە ناودارەکان دەبێ لەوەوە سەرچاوە بگرێ کە چەندە سوودیان گەیاندوە بەخەڵک و چەندە دەسکەوتی ئینسانی و زانستی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوریان هەبووە بۆ ئەوەی درێژە بەڕێگاکەیان بدرێ. ئەم سەرکردانەی ناسیۆنالیزمی کورد لە مێژوودا زۆر تاوانی بەکۆمەڵ و بە تاکیان دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامداوە، وەک جەنگە ناوخۆییەکان و کوشتنی موخالیفانی سیاسی خۆیان و پێش لەشکری بۆ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و کوشتنی شوعی و کۆمۆنیست و چەپەکان و تەنانەت ئەوانەشیان کە لە ناوحیزبەکانی خۆیاندا ڕەخنەیان لێ گرتوون. بەهەموو پێوانەیەک دروست نییە و راست نییە خەڵک سەردانی گۆڕی ئەم سەرکردانە بکات، بەڵام هەرکەسیش ئەو کارە دەکات ئازادە لەهەمان کاتدا جێگای ڕەخنەی خەلکی ئینسان دۆستیشە.

کۆتایی ئایاری ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.