پرسی رۆژ کاکەلاو تەحسین، شیکەرەوەی سیاسی وەڵامی دوو پرسی رۆژ دەداتەوە

0

پرسی ڕۆژ/ یەکەم…

١١ی ئایار ٢٠٢٣ لە ڕێورەسمێکی گەورەدا مۆزەخانەی بارزانی، بەئامادەبوونی  دەیان کەسایەتی سیاسی لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان بانگهێشتکرابوون.. ئەو پرۆژەیە بە تێچوویەکی زۆرەوە، و بەسەرپەرشتی خودی مەسعود بارزانی تەواوکراوە.

دیارە مۆزەخانە یەکێکە لە پرۆژەی پاراستنی مێژوو و کەلتوری  هەر میللەتێک، و گەیاندنی پەیامێک بۆ نەوەی داهاتوو.

بەڕای ئێوە ناوەرۆکی پەیامی ئەم پرۆژەیە لە ئێستادا چیە بۆ نەوەیەک کە هەندێکیان لەگەڵ زۆر لە رووداوەکانی مەلا مستەفای بارزان ژیاون و بەشداری رووداوەکان بوون، هەرەها بۆ نەوەی داهاتوو و بۆ میللەت و مێژوو.

کاکەلاو تەحسین: وەڵام بە پرسی یەکەم: یەکێک لە کێشەکانی نەتەوەی کورد بریتیە لە بیرچوونەوەی یادەوەریەکانی لە دوێنێدا، ئێمە نەتەوەیەکین دەیەها کارەسات و روداوومان بەسەر هاتووە، کە هەندێکیان بە گوێرەی پێوەرە نێودەولەتیەکان ئەچنە خانەی جینۆساید، بەڵام سەیر بکە لە باشور تا ئێستا ئیش نەکراوە بۆ بە دۆکۆمێنت کردنی ئەو رووداوانەو ئاشناکردنی دونیا بەو مێژووە، سەیر بکە جوولەکە چۆن هۆلۆکۆستی بە دونیا ناساند، دەیەها مۆزەخانەی بۆ دروست کرد، سەدەها فلیمی لەسەر بەرهەمهێناوە. بەڵام ئەبینین بەم دوایە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو دەیەها بابەت و رووداو مۆزەخانەیەکی کەسی بۆ بارزانی دروستدەکات! بەر لەهەر شتێک خەڵک بەر لەوەی بپرسێ ئەو مۆزەخانە بۆ؟ دەپرسێت بۆچی مۆزەخانەی شەهیدان و ئەنفال وپێشمەرگەو راپەرین و کۆرەو و…تاد زۆری تر لە ماوەی سی و دووساڵی حوکمڕانی کوردی لە باشور دروستنەکران؟؟ کێ ئەو مۆزەخانەی دروستکردوە؟ لای من وەڵامەکە ئەوەیە پارتی دیموکرات کوردو شۆرش و تەنانەت حیزبەکەشیان کورد دەکەنەوە لە بارزان، جا هەر سەردەمەی لە کەسایەتیەک چ شێخ ئەحمەد بێت، یان مەلا مستەفا، یان مسعود بارزانی… بۆیە بە هەموو دونیا دەڵێن گەر دەتەوێت لە خەبات و قوربانی کورد تێبگەیت، ئاشنا بیت بە راپەرین و قوربانیەکان فەرموون وەرنە مۆزەخانەی بارزان تا لە بارزانیەوە بزانن شۆرش چۆن کراوە، لە ئەنفالی بارزانیەکانەوە ئاشنا بن بە جینۆ سایدی گەلی کورد، ئەو مۆزەخانەیە وەک هەمو دامەزراوەکانی تری هەرێم لەبری ئەوەی وەک مۆزەخانەیەکی نیشتیمانی لە دایک بێت و بکرێتەوە بە داخەوە ئەویش وەک دامەزراوەیەکی حیزبی لە دایک بوو، جگە لەوەش بۆ ئایندە دەبێت بە ناوەندێک کە هەر کەسایەتیەکی نێودەوڵەتی هاتە هەرێم سەردانی ئەو مۆزەخانەیەی پێدەکەن، ئیتر لێرەوەش ناوەرۆکی پرۆژەکە جێگای خۆی دەگرێت. لای ئەوان کە کورد کردنەوەی کوردە لە بنەماڵەی بارزان.

 پرسی ڕۆژ/ دووەم…

٢٢ی ئایار لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کێشە کەوتە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی، و توندوتیژی لێکەوتەوە و کۆبوونەوەکە دواخرا، بەڵام لەسەر قسەی جێگری پەرلەمان دەنگدرا بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، تەنانەت رۆژی دواتر لە وەقائعی کوردستان بڵاوکرایەوە (واتە سیفەتی یاسایی وەرگرت) . ئێوە ئەم بارگرژیەی نێوان یەکێتی و پارتی لە ناو پەرلەمان و نزیکبوونەوەیان لە ئەنجومەنی وەزیران چۆن لێدەدەنەوە؟

وەڵام بە پرسی دووەم:  بەر لەهەر شتێک دەبێت بزانین کە بارگرژی هەبووە، بەڵام ناکۆکی نەبووە، رێکەوتن هەبووە نەک رێکنەکەوتن، تەبای هەبووە نەک دژایەتی. یەکەم تۆ سەیری ئەو بابەتە بکە کە گرژی لەسەر کەوتەوە، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، ئەندامەکانی کێن و لە کام لایەنن؟ سێ پارتی دوو یەکێتی دوو گۆران یەک کۆمەڵ یەک یەکگرتوو. پێشتر رێکەوتوون کە بە هەمان ژمارە کارا بکرێتەوە، دواتر لە پەرلەمان لیژنەیەکی هاوبەش لە هەر پێنج حیزب پێکهات رێکەوتن کە ناوەکان کێ بێت، کەواتە گەر ئەورۆژەش دەنگدانی بۆ نەکرابوایە و هەر رۆژەکی تر بۆی بکرابوایە دەنگ دانەکە لەسەر هەمان ناوەرۆک و هەمان پێکهاتە دەبوو. جا دەپرسم کۆمسیۆنەک پارتی تێیدا کەمینە بێت و دەست بەکار نەبێت تا کۆمسیارەکان سوێند نەخۆن وە بڕیار لە کۆمسیۆن بە پێنج دەنگ بێت و حیزبەکانی بەرامبەر پارتی شەش کورسیان هەبێت ئیتر ئەو شەڕە فشەیەی دەوێت؟؟؟

دووەم وەرە سەر شێوازی رێگری لە دەنگ دانەکە؛ بەر لە هەر شت یەکێتی دەیتوانی لە رێگای سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمان دانەنێت وەک ئەوەی لەو ترسەی شەش مانگە دای نەناوە، دواتر کە دای ناو پارتی داوای ئەو برگەیان کرد دەسەڵاتی خۆی بوو بێ هاتنی بۆ ناو دانیشتنەکە هەر شەوەکەی بە بەیانێک دوای بخات. دواتر گریمان یاساکەش دەرچوو ئێ کۆمسیارەکانی خۆیان با نەنێرن بۆ سوێند خواردن تا رێک دەکەون. لە هەموش کومیدی تر ئەو قسەیە کە یەکێتی دەڵێ رێگریمان کرد! چونکە دەبێت لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن بەیەکەوە بکرێت، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کارێکی یاسایە بۆ راستکردنەوەی کارێکی نایاسایی کە تەمەنی بەسەر چووە، کەواتە یەکێتی شانازی دەکات بەرێگری لە کردنی کارێکی یاسایی، سەبارەت بە پاساوەکەش سەیر تر، چونکە تەمەنی کۆمسیۆن تەنها لەگەڵ کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە هەڵبژاردن شەش مانگی پێویستە، بەڵام تەمەنی کۆمسیۆن پێنج ساڵە، ئیتر کاراکردنەوە چ پەیوەندی بە ئەنجامدان و نەدانی هەڵبژاردن هەیە. بۆ پارتیش لە یەکێتی کۆمیدی تر بوو چونکە گەر پەلەکەیان بۆ ئەوە بوو گوایە بەغدا بریاڕ لە دژی هەرێم دەدات، ئەی زەحمەت نەبێت پارتی شەش مانگە لە کوێ خەوتووە کە شەش مانگە ئەو داوایە لە دژی هەرێم لە دادگای باڵا هەیە، وە گەر مەبەستی هەڵبژاردنە دەبێت بزانێ بێ رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی هەڵبژاردن ناکرێت، چونکە سیاسیەن ئەو دوو هێزە خۆ سەپێنی دوو جوگرافیان. جگە لەوە؛ هاوکات کۆبونەوەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لە ئەنجومەنی وەزیران هەیەو لە کۆبونەوەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە شەڕی پەرلەمان پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە لە حکومەت.  گەر وەڵامەکە لێرە بدەمەوە بۆ هۆکارەکەی؛ ئەوا بە گشتی نەزانین و نا سیاسی و کەم ئەزموونی هەر دوو حیزبە، بەڵام وردتر هۆکار لای پارتی ئەوە بوو بە کۆمەڵگەی نێودەولەتی بڵێت ئەوە منم لەگەل هەڵبژاردنم و ئەوە یەکێتیە دژە. کە لەمەش نەزان بوون، چونکە گەر سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرت ئەوان بێ دەنگ بونایە ئامانجەکەیان دەپێکا، بۆ یەکێتیش ئەوە بوو بڵێت نەزانم لە ناو هەڵبژاردنی داهاتوو لە دوای هەڵبژاردنیش چی بەسەر پێگەکەم دێت ئەوا ناهێلم هەڵبژاردن بکرێت بە هیچ جۆر. بەڵام ئەویش نەزان بوو چونکە گەر ئەو شەڕەشی نەکردبوایە کۆمسیۆن کارا نەدەبۆوە بێ ئەندامەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی، وە کاراش ببایەوە بڕیاریان پێ نەدەدرا، وە بریاڕیش بدەن لە دێگەڵە تێناپەڕێت گەر یەکێتی نەیەوێت.  لە دوا قسەش دەڵێم ئێسا یەکێتی چاوەڕێی دادگای باڵایە بڕیار بدات کە کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات و پەرلەمانی هەرێم هەلوەشێنتەوە، بەڵام ئەوکات یاسای هەڵبژاردن بۆ چوار بازنە هەموار ناکرێتەوە بە هۆی نەمانی پەرلەمان. بەوەش یەکێتی داواکاریەک لە دەست دەدات، وە گەر دادگا بڕیاریدا پەرلەمانی هەرێم کارەکانی بکات ئەوسا دەبێت کۆمسیۆنی هەرێم کارابێت و یاساکەش هەموار بکەن بۆ چوار بازنە.

پرسیار ئایا کێشەی پێکهاتەکان کێشەیەکی جدیە لەنێوان ئەو دوو پارتە؟

بە رای من پێکهاتەکان تەنها بیانویەکە لە نێوانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، چونکە هەردوو لا باوەڕیان بەوە نییە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن. تۆ سەیر بکە لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ساڵی ۲٠۱٤ لە سلێمانی یەکێتی بە هۆی کورسیەکی مەسیحیەکان نەیهێشت گۆڕان پارێزگار وەربگرێت، وە پارتی لە هەولێر بە هۆی کورسی تورکمان نەیهێشت یەکێتی هیچ پۆستێک وەربگرێت. دواتر تەنها سەیری کۆمسیۆن بکە کورسیەک دراوە بە مەسیحی کەچی یەکێتی نوێنەرێکی خۆی لە مەسیحی داناوە، وە کورسیەک دراوە بە تورکمان کە پارتی تورکمانێکی لە حیزبەکەی خۆی داناوە. دواتر سەیری دانیشتنی ۲۳ حوزەیرانی ساڵی ۲٠۱٥ بکە کە یەکێتی توانی رێژەی دانیشتنەکە تەواو بکات بە هۆی بەشداری نوێنەری حیزبی رافیدەین لە مەسیحیەکان لە کۆبونەوەکە، لە دواهەمین کۆبونەوەی پەرلەمانیش پارتی بە هۆی نوێنەری تورکمان دانیشتنەکەی کرد. لە لایەکی تر هەموو هەنگاوە خراپ و باشەکانی پەرلەمان و حکومەت لە چەند ساڵی رابردوو ئەوا یەکێتی و پارتی کردوویانە، نەک بە هۆی پێکهاتەکان. یەکێتی و پارتی یاسای خۆپیشاندانیان دەرکرد، یاسای نەوت و گاز، ئەنجومەنی ئاسایش، یاسای تیرۆر، دەنگدان بە کابینەو سەرۆک و وەزیرەکان، درێژ کردنەوەی تەمەنی سەرۆکی هەرێم، دواخستنی هەڵبژاردن، لێبڕین و پاشەکەوتی موچە… تاد بۆیە بە رای من نە یەکێتی دەبێتە هێزی یەکەم گەر دوو کورسی کۆتا بۆ سنورەکەی زیاد بکرێت، وە نە پارتیش دەروخێت گەر دوو کورسی پێکهاتەکان لە زۆنەکەی بڕوات.

گەورەن بۆ ئێستەو پاشەڕۆژ کاری باشیان پێدەکرێ و ئەنجامیشی دەبێت.

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.