کشانەوەی فراکسیۆنی کۆمەڵ… عەبدوڵا مەحمود

0

لەچەند رۆژی رابردوودا حەوت ئەندامی پەرلەمان و ٣ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و قایمقیمێک و چوار بەڕێوەبەری ناحیەو بەرێوەبەر و جێگریکی گشتی لە ئیدارەی سلێمانی، لەسەر داوای عەلی باپیری سەرۆکی کۆمەڵ، دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. پاساوی ئەو هەنگاوەی کۆمەڵ ئەوەیە کە ئەم دەزگایانە ماوەی یاساییان تەواو بووە.

درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی و تازە نییە، چەندین مانگە پەرلەمان ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە و ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانیش دەمێکە ماوەی یاسایی خۆ تەواو بووە، کەچی تازە بەتازە کۆمەڵی دادگەری خەبەری دەبێتەوە کە ماوەی یاسای پەرلەمان و ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی بەسەرچووە بۆیە بەو پاساوە کۆمەڵ ئەندامەکانی خۆی لە پەرلەمان و دەسەڵاتە خۆجێیەکان دەکێشێتەوە…

دەست لەکارکێشانەوەی فراکسیۆنە پەرلەمانیەکان، لەهەرێمی کوردستاندا تازە نییە و چەند جارێکی تر فراکسیۆنێک یان چەند فراکسیۆن لە پەرلەمان کشاونەتەوە. ئەوەی لە کشانەوەی پەرلەمانتاران یان فراکسیۆنەکاندا ئەزمونکراوە… ئەوەیە هەر کاتێک بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری رووی لەهەڵکشان کردبێت و پەرێبیتەوە شەقام، یان کاتی هەڵبژاردنەکان نزیک بووبێتەوە، باسی کشانەوەی فراکسیۆنەکان هاتۆتە گۆڕی… ئامانجیش لەو دوو بژاردەیە کە فراکسیۆنەکان بۆ کشانەوە کردویانە بە عادەت ئەوەیە، لە کاتی هەڵچوونی بزوتنەوە نارەزایەتییە جەماوەریەکاندا بۆ ئەوەی خۆیان بە نارەزایەتی شەقامەوە هەڵبواسن و گەردن ئازادی لە کارنامەو بەشداریان لە حکومەتی و دز و گەندەڵدا بکەن، دەستیان بردووە بۆ دەست لەکارکێشانەوە یان هەرەشەی دەست لەکارکێشانەوە… ئەو کاتانەش کە پرسی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە دووبارە باسی کشانەوەی فراکسیۆنە پەرلەمانیەکان بەدەستەوە دەگیرێت، چ وەکو کەمپەینێکی پیش وەختەی هەڵبژاردن و چ بۆ شان خاڵی کردنەوە لە کارنامەی پیشوو حکومەت و پەرلەمان…

کشانەوەی فراکسیۆنی دادگەری دوورو نزیک پەیوەندی بە نایاسایی بوونی پەرلەمان و دەسەڵات خۆجێییەکانەوە نییە، ئەگەر وابوایە ئەو کاتەی پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردەوە یان دوای مانگیکیش دەکرا بلێین پاساوەکەیان ڕیی تێدەچیت، بەڵام دوای زیاتر لە شەش مانگ و کاتێک باسی هەڵبژاردن دێتە گۆرێ باسی نایاسایی پەرلەمان، درۆیەکە ناتوانێت کەس فریو بدات…

خۆ ئەگەر جارێک فراکسیۆنێکی پەرلەمانی، بەهۆی دواخستنی موچە، نەدانی موچە، بۆ خزمەتگوازرییەکان، یان لەسەر بەرگری لە پرسێکی ئازادی فراکسییۆنێک کشابایەوە یان هەرەشەی کشانەوەی کردبا، دیسان دەکرا لای بەشێک لە خەڵکی کوردستان پەسن کراباو قابیلی پشتیوانی بوایە… بەڵام نەک ئەوانە رووی نەداوەو لەم فراکسیۆنە پەرلەمانیانەش چاوەروانی هەڵوێستەیەکی واناکرێت، بەڵکو هەموو ئەو فراکسیۆنانە بەتایبەتی ئەوانەی دەرەوەی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە، هاوکار و هاوبەشی دەسەڵات بوون و رتوشی کارنامەی دەسەڵاتیان کردووە و خەڵکیان خۆشباوەر بە کابیەنەکان کردووە تا رەوایەتی بە بەشداری خۆیان، بدەن.

کۆمەڵی ئیسلامی کە ناوی خۆی گۆڕی بۆ کۆمەڵی دادگەری بۆ ئەوە بوو خۆی بە جوڵانەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ دادپەروەری هەڵبواسیت و شانی خۆیشی لە کارنامەی نەنگینی هیزە ئیسلامیەکان پاک بکاتەوەو  ئەوە بکاتە دەروازیەک بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی کوردستانەوە و تا لەو رێگایەوە شانسی متمانە بەدەست هێنان و بردنە سەری پیگەی خۆی زامن بکات، بەڵام خەڵکی کوردستان بە سانایی لە پەیام و فریوکاری پشتی ئەو مانۆرانەی کۆمەڵ گەیشتن و نەک فریوی بانگەشەکانیان نەخوارد، بەڵکو رەوەندی پاشەکشەی ئیسلامی سیاسی و لە گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا، لای هەمووان ئاشکرایە.

 کشانەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی کۆمەڵ و هات و هاواری نەوەی نوێ و چەند پەرلەمانێکی بەناو سەربەخۆ بەپاساوی تەواو بوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان و نایاسایی بوونی دریژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، کردنی ئاوی پیرۆزە بە پەرلەمان و کاری پەرلەمانیدا، تا پوچی پەرلەمان و کارنامەی پەرلەمانی لە لەچاوی خەڵکی کوردستان و رای گشتی بشارنەوە. ئەمان بە کارەیان دژ بە پەرلەمان و کاری پەرلەمانی نین، بەڵکو دەیانەوێت خەڵکی کوردستان ئامادەی دەورە و خولی داهاتووی هەڵبژاردن بکەن، بەتایبەتیش کە باش دەزانن خەڵكی کوردستان باوەری بە هەڵبژاردن و پەرلەمان نەماوەو بایکۆت و بەشداری نەکردنی نزیک بە سەدا هەشتای خەڵکی لە هەڵبژرادنەکاندا، بەڵگەی ئاشکراو حاشەهەڵنەگری وەستانەوەی خەڵکی کوردستاندا نەک بەرووی گاڵتەجاری هەڵبژاردن و پەرلەمانی دیکۆری خزمەتکاری حزبدا، بەڵکو بەدژی دەسەڵاتی داسەپاوی بزوتنەوەی کوردایەتیدا… ئەم جەنابانە دەیانەوێت ئابڕو بۆ هەڵبژرادنی ئابڕو بڕاو و پەرلەمانی بێ ئابڕو و وەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بگێرنەوە.

خەڵکی کوردستان پینج خولی گاڵتەجاری هەڵبژاردنی تاقی کردۆتەوە، پینج خولی کارنامەی حزبەکان بە قەومی و ئیسلامی و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە تاقی کردۆتەوە، کشانەوەی فراکسیۆنەکانی تاقی کردۆتەوە، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ئەزموون کردووە، لەهەموو ئەو تاقی کردنەوانەدا ئەوەی رۆشنە پەرلەمان جگە لە دیکۆرێک بۆ رەوایەتی بەخشین بەدەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی زیاتر شتیکی تر نەبووە، هاوکات بۆتە مایەی دەوڵەمەند بوون دەستراگەیشتن بە ژیانی شاهانەی پەرلەمانتاران و ئایندەی تەسەلی خانەنشینیان و لوشدانی داهاتی خەڵکی کوردستان و لەبەرامبەریشدا خراپتر بوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و نەمانی خزمەتگوزارییەکان و پەرەسەندنی هەژاری و گرانی و نەبوونی…

پەرلەمان و حکومەت، لە هەرێمی کوردستانی ژێر سایەی دوو حزبی میلیشیایی و دوو زۆنی دەسەڵاتی جیاواز و لە نەبوونی قەوارەی دەوڵەتی و لە نەبوونی مافی فەرمانرەوایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، جگە لەدیکۆرێک بۆ فریوکاری زیاتر شتیکی تر نییەوە خەڵکی کوردستانیش بە باجێکی زۆر بەو راستیە گەیشتوون… مانۆری فراکسۆنی کۆمەڵ و چەند ئەندام پەرلەمانێکی دەم هەراش و تەسەل و هات و هاواری نەوەی نوێ بەوەی پەرلەمان و حکومەت تەمەنیان نایاساییە، فریوکارییەکی ئاشکرایە بە مەبەستی ئابڕو گێرانەوە بۆ پەرلەمان و بەپیرۆزکردنی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.