چەند شیعریکی: خالید بایەزیدی (دلێر) مەهاباد

0

 

١

من کرێکارێکم

دەستەکانم قـڵـیشاوە

قاچەکانم ماندوو هیلاک

پێکەنینم

بە هەورەکانەوە ..

توند توند

گرێ داوە

هەرکات بارانێک دەبارێ

مناڵەکانم

خورپەیەک دایان دەگرێ و

بە خەمباریەوە دەڵـێن:

تۆ بڵێی  :

هەورە بروسکەی بەهاری

باوکمانی نە سووتاندبێ ..

چرای ژیانمانی نەکوژانبێتەوە ؟

کاتێ باران و هەورە بروسکە

کۆتایی دیت ..

من و جەستەیەکی باراناوی

بەچاوێکی پڕ بە هەورەوە

دێینە ژوورێ

هەر مناڵە و گونایەکم ماچ دەکە ن و

یەکەیەکە هەورەکانی نیگاشم

بەسەر خۆیان دابەش دەکەن ..

منیش کۆتری خەیاڵم

هەڵدەفرێ و

کڵاوەکەی ( لینین )

دەکاتە هێلانەی خۆی

٢

 لەو باوەڕەدا نیم شاعیران بمرن

شیعرەکانیان  درەختێکە

کە هەموو بەهارێک

خونچەی تازە ئەکەن

مەلەکان لەسەر چڵی

ئاوازی نەمری دەخوێنن

*****

Leave A Reply

Your email address will not be published.