هەوڵ بۆ کوشتنی ئازادی و بێدەنگ راگرتنی کۆمەڵگە بەرووی نادادی و بێمافی سەرکوتدا، ناکامە!   

0

ماوەی چەند رۆژێکە عەلی مەحمود، هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری، رۆژنامەنووس و دەنگی هەمیشە نارازی بەدژی ستەم و بێمافی و تاواندا، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتییەوە دەستگیر کراوەو تۆمەتی هاوکاری و داڵدەدانی تۆمەتبارێکی دراوەتە پاڵ.

هەر کەس و لایەن و گروپ و کۆڕو کۆمەڵێک لە کوردستاندا بێت، یان چاودیری دۆخی سیاسی ئەم هەرێمە بکات.. ریزی وردو درشتی دەیان و سەدان تۆمەتبار و کارنامەو بەڵگەنامەی تاوانەکان، دەزانێت… تۆمەتبارانی جینۆساید لە ئەنفال و کیمیابارانەوە بۆ سوتماککردن و بۆمباباران، بۆ چاوساغی و نۆکەر پیشەیی بۆ تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکە تادەگاتە تیرۆری دەیان کەسایەتی سیاسی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز و رۆژنامەنووس و دەیان و سەدان فتوای زنجیرەیی… ئەمانە هەموویان نەک داڵدەدەرو هاوکاری!! ی بکوژێک یان تۆمەتبارێک بوون، بەڵکو کاراکتەری کوشتار و هاوکار لە خوڵقاندنی نەنگینترین تاوان بەدژی خەڵکی کوردستان بوون. ئەم سەدان و هەزار تۆمەتبارە راستەقینەیە کە بەڵگەکانیان هاوار دەکەن و قوربانیەکانیان ئاشکران، نەک ئازادن، بەڵکو بەشێکی هەرە زۆریان لەپاڵ حزبەکان و سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، ژیانێکی شاهانەیان بۆ دابینکراوە و بەرپرسیاریەتیان پێ بەخشراوە.

ئەگەر بڕیار بێت تۆمەتباران و هاوکارانیان دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، ئەوا ئەو سەدان هەزار تۆمەتبارە و ئەو سەدان بەرپرسە حزبی و حکومیانەش کە بوونەتە پاڵ پشت و پارێزەری تۆمەتبارەکان و “پسوڵەی ئازایەتیان” داوە لە بەرۆکی ئەو تۆمەتبارانە، دەبوو هەموویان رووبەرووی یاسا و لێپرسینەوە بکرێنەوە و باجی تاوانەکانیان بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان بدەن و لەوەش زیاتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەتاوانی بەشداری و رۆڵ بینین لە تاوانی گەورەی یاساغی نێودەوڵەتیدا ناویان تۆمار بکرێت.

جیا لەوانە تۆمەتبارانی ژن کوژ، کە گۆرستانی ژنانی بێ ناونیشانیان، کردۆتە سیمای نەنگینی میژووی هاوچەرخی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بە هەزارانن و لە ژیر سایەی ئەم دەسەڵاتەو یاسا دژە ژنەکاندا، ئازادن و دەستی یاسای میلیشیایی ئەحزاب پێیان راناگات و لە دیوەخانی “ئاشتی کۆمەڵایەیدا” تۆمەتباران دەبەخشرێن و ئەوانەشی دەستگیر دەکرێن بە پاساوی شەرەف شۆردنەوە، دوای چەند رۆژ ئازاد دەکرێن و کوشتنی ژن بەوێنەی کوشتنی بە ئەنقەست، مامەڵە ناکەن… بەمەش رێرەوی ژن کوژیان قیرتاو ئازادو سانا کردووە.

نەک هەر تۆمەتبارانی بەشدار و هاوکار لە جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و لە سەرکوت و تیرۆ و تۆقاندن، بەڵکو ئەوانەشی کە باوەشیان بۆیان کردۆتەوە، هێندە زۆرن کە دەبوو دادگایی بکرێن، کەچی هەر ئەو جەنابابە، هەژموون و هەیمەنەی دەسەڵات و چەکیان بەسەر یاسادا زاڵ کردووەو دادگا و یاسایان بۆ بەرگری لە خۆیان و بۆ زیندانیکردنی ناڕازیان و ترساندنی کۆمەڵگە قوتکردۆتەوە.

جەلاد و تۆمەتبار، لەجیگای ئەوە لە زیندان و لەبەردەم لێپرسینەوەی یاسایی بن، یاسایان بەدەستەوە گرتووە، لەبەرامبەر قوربانیان و ئازادیخوازان و نووسەرو رۆژنامەنووس و نەیارانی دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی میلیشیایی و نۆکەر پیشەدا.

کەچی هەر رۆژە ئینسانی ئازادیخواز و نووسەر و چالاکوان و رۆژنامەنووس دەستگیر دەکەن، تۆمەتیان بۆ دادەتاشن، سیناریۆی ئامادەکراویان بۆ دەخەنە ڕوو، کەسایەتیان ورد دەکەن… لەبەرامبەریشدا بکوژ و نەخشەدارێژەرانی تیرۆر و تۆقاندن و رفاندن… بۆیەک جاریش ئاشکرا ناکرێن و دەستی یاسا پێیان ناگات.

ئەم دۆخە کە تۆمەتبار و جەلاد، یاساشیان خستۆتە ژێر هەژموونی دەسەڵات و خۆیانەوە و هەر رۆژە لە سیناریۆیەکی تازەدا دەیخەنە ڕوو، هیچ نییە جگە لەوەی ماهیەتی دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تۆقینەری بزوتنەوەی کوردایەتی دەخاتە ڕوو. عەلی مەحمود و شیروان شیروانیەکان و هیمن مامەندکان و بەدەل بەروارییەکان…تاد، نموونەی خستنەرووی ماهیەتی دەسەڵاتی دڵ رەقی بۆرژوازی کوردن لە دژی چین و توێژە بێبەشەکان و جەماوەری نەداری کوردستاندا. نموونەی سەرکوت و ژێر پێخستنی سەرەتاییترین ئازادییەکان و مافی نارەزایەتی دەربرین و بەیانی بیروڕایە. نموونەی بەدەستەوە گرتنی مامەڵەی بەعسیانەو داعشیانەیە، ئامانجیش تەنها و تەنها داسەپاندنی کەشی ترس و توقاندنە بۆ بێدەنگ کردنی دەنگی نارەزایەتی و ئازادیخوازی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.

دیارە تا سەرکوت و بێمافی و دڵ رەقی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکانی زۆرتر بێت، کاردانەوەو نەفرەت لەو دەسەڵاتە زۆرتر دەبێت و ویستی ئازادی و ئازادیخوازی زۆرتر دەبێت. هاوکات بێدەنگی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوای بەرامبەر بەو تاوانانەی دەرهەق بە ئازادی و ئازادیخوازن دەکرێت، هیچ نییە جگە لەوەی ئەو هیزانە جیاوازیەکیان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژازی کورد نییەو هاوکار و هاوپیشەی ئەم دەسەڵاتە نەگریسەی بۆرژوای کوردن و دەبێ ریسوا بکرێن.

عەلی مەحمود، تۆمەتبار نییە، تۆمەتبارەکان لە باوەشی دەسەڵات و لەپاڵ سەرۆکەکاندان، بۆیە دەبێ دەست بەجێ و بیقەیدو شەرت عەلی مەحمود ئازاد بکرێت و قەرەبوو بکرێتەوە و خواستی دادگای تۆمەتباران و پاریزەرانیان، ببێتە خواستی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و نارەزایەتی جەماوەری کوردستان لە دژی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتی… بۆ ئەمەش پێویستە بزوتنەوە و نارەزایەتی جەماوەری و ئازادیخوازی، هێزی خۆی لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان بینێتە مەیدان و نیشانی بدات، کە هەوڵ بۆ کوشتنی ئازادی و بێدەنگ راگرتنی کۆمەڵگە بەرووی نادادی و بێمافی سەرکوتدا، ناکامە.

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.