ئایار تەواو بوو، بەڵام ئیتر خەباتی چینایەتی ئارام نابێتەوە!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ئایار بە هەموو شکۆی چینایەتی خۆیەوە، بەهەموو ئەو نەفرت و توڕەیی و ڕەتکردنەوە چینایەتیەی کە لە خۆیدا هەڵیگرتبوو کۆتایی پێهات، بەڵام ئایار تەنها شەپۆلێکی دەریایەکی ڕوولەهەڵچوونی خەباتێکی بێئەمانی چینایەتییە کە نەک هەر ئارام نابێتەوە، بەڵکو بێگەڕانەوە هەلومەرجی سازشی چینایەتی تا ئێستا تێکدەشکێنێ و بەناچاری و بە هۆی باردۆخی واقیعی ئەم سەردەمە لە مێژووی ململانێی چینایەتیدا وا دەکا ڕادیکاڵ بێت.
پایتەختەکانی ئەوروپا، لە پاریسەوە تا بەرلین و تا لندن و تا میلان وتا هەر شوێنێکی تری ئەم دنیایە یەک ڕۆژیش نییە کە هەدا بدات و نەبێتە مەیدانی هاتنەمەیدانە توڕەکانی کرێکاران. ئەوهاتنە مەیدانانەی کە تازە دەکرێ بڵێین سەرەتای تۆفانە گەورەترە کرێکارییە گەورە و ڕادیکاڵەکانی داهاتویەکی نزیکن. بەڵام هەر چرکە وسەعاتێکی ئەو خەبات و موقاوەمەتە بێئەمانەی چینی کرێکار لە پاریس و شارەکانی ئەوروپا، بەڵگەی ئەو ڕاستیەن کەدنیا چیتر دنیای بەرهەمی شەڕی سارد و سەرکەوتنی خوێناوی دیموکراسی دوای شەڕی سارد نییە.
دنیای ئەو وەهمانە نییە کەبکرێ لەم سەردەمەدا لە ڕێگەی داواکردنی دیموکراسیەکی زۆرتر و لیبڕاڵیزەکردنی تا ئەوپەڕی ژیان، بکرێ بە ژیان و چارەنوسێکی تەنانەت کەمێک لەوەی ئێستا ئومێدەواربین. دنیای ئەوە نییە کە بکرێ باوەڕ بەوە بکرێ ژینگە و جوڵانەوەی ژینگەپارێزی کە پرسی ژینگە بە پرسی سەرەکی مرۆڤ و مێژوو دەزانێ، بکرێ وەڵامی ئەو پرسیارە وجودیانە بدرێتەوە کە سیستەمی کاری کرێگرتە وسەرمایه ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی کردۆتەوە. ئەو سەردەمە نییە کە بە شەڕی شارستانیەکان، شەڕ و ململانێی کلتورەکان وەڵامی ئەم هەلومەرجە بدرێتەوە. ئەو سەردەمە نییە کەئیتر بکرێ باوەڕ بەوە بکرێ بە ئیتحادیەگەرایی و سەندیکاگەرایی و جوڵانەوەی پیشەیی و ڕشتەیی دەکرێ هیچ گۆڕانێک ڕووبدا، بکرێ توانا و ئیمکاناتی چینی کرێکار و بەشەرییەت بۆ هیچ سەرکەوتنێک، لەدژی دەسەڵاتی سەرمایە ڕێک بخرێ. دنیای ئەوەنییە کە بکرێ بە بزوتنەوەی و فێمنیستی و سنفیەتی ڕەگەزی هیچ ڕزگاریەک لە هیچ شتێکدا ڕووبدا.
هەر چەند دەهەیەک پێش ئێستا بوو کە کاڵایەکی تریان خستە بازاڕی فیکر و ئایدیۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدارەوە کە ئەویش پۆست مۆدێرنیزم بوو کە بەپێی ئەو هەموو ورد و ڕێژەیی بوو، ڕاستی ڕێژەیی بوو، مێژوو ڕێژەیی بوو، ماف و ئازادی مرۆڤ ڕێژەیی بوو. هیچ پرسێکی گەورە مانای نەبوو، چی چەوسانەوەیە و چی بە چەوسانەوە داناندرێ ڕێژەیی بوو. وتیان هەموو شتێک ڕێژەییە. ئایدیۆلۆژیایەکی پوچگەرا کە نەک هەر ئینکاری هەر پرسێکی گەورە و جیددی لە مێژوودا دەکرد، بەڵکو لە بنەڕەتەوە ئینکاری هەر هەوڵ و پڕاتیکێکی مرۆڤی چەوساوەی ئەو سەردەمی دەکرد بۆ ئاڵۆگۆڕ و ژیانێکی باشتر. کاڵایەکی فیکری و ئایدیۆلۆژی سەرباری ئەوەی بە تەواوی مانا ئاوێنەی ئەم داتەپینە سیاسی کۆمەڵایەتی و فیکری و ئەخلاقیەی سەرمایە و سەرمایەداری ئەم سەردەمە بوو، وەک شاکارێکی گەورە وداهێنانێکی عەقڵ و مەنتیق کرایە بەری ئەم ڕەزالەتە چینایەتیە بێپەردەیە سەرمایە.
ئەگەر ئەو بڕگەیە لە مێژووی ململانێی چینایەتیدا ئەو وێستگەیەیە کە قیتاری ئازادیخوازی و ئیددیعاو ئعتیباری ئازادیخوازی جوڵانەوەی چینەکانی تر تیایدا دەگەنە دوا مەنزڵگەی خۆیان، وا چینی کرێکاری کرێگرتە ناچارە نەک هەر بۆ کۆتایی پێهێنانی چەوسانەوەی کرێگرتە و سەرمایە و بەرهەمهێنانی و کاڵایی، نەک هەر بۆ ڕزگاریەکی سۆشیالیستی و بنەڕەتی، بەڵکو بۆ بەرگریەکی سەرکەوتوانەی کرێکاریی لە ژیان و گوزەرانی خۆی، لەبەشی خۆی لە ژیان، بۆ بەرگری لە دەستکەوتەکانی تا ئێستای خەباتی چینایەتی تا ئێستا، ناچارە ڕادیکاڵ بێت و ناچارە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەکەی بێدار بکاتەوە.