بۆ سەردەشت و هاوڕێكانی…هۆنراوەی: حەکیم میرزا

0

وێنە كەی سەردەشت…..

لەسەر پڕۆفایلەكەتان لابەن

وەرن با پێكەوە….خۆپیشاندانێك بكەین

 بچینە سەنتەری شار

 لەبەردەم ئاوێنەكەی…هۆلاكۆدا….ڕابووەستن

 ……….

 پەڕۆ دڕاوەكەی…سەر ناوچەوانی. قەڵا

 بە مناڵێكی…گەڕەكی شێخەڵادا بنێرین بۆ ماڵی

 سەرۆكی پەرلەمان

 پێی بڵێین

 فەرموو پێشمان كەوە

بۆ بەر ماڵی پیاو كوژەكان

 …….

 وێنەی

سەر پڕۆفاییلەكاتان لابەن

 با پێكەوە لەسەر پەنجەرەی …هەموو ماڵێك

 وێنەی سەردەشت و….كاوە گەرمیانی و

 سۆرانی مامە حەمەو

 ئەوانی تریش

 بە بۆیاخێكی…سور بنەخشێنین

بەردەرگاكان

 پڕكەین لەدار زەیتون

 ……..

 وێنەی…سەر پڕۆفایلەكەتان….لابەن

 باپێكەوە

خۆپیشاندانێك بكەین

 قەڵا بەرد بارانكەین

 هۆلاكۆی ئاخر زەمان شار بەدەر كەین

دەرگا لەسەر شەقامە داخراوەكان….بكەینەوە

لەسەر سوچی…هەموو كۆڵانێك

كراسی شەهیدێك…لەجیاتی ئاڵا بچەقێنین

 ……….

 با پێكەوە

خۆپیشاندانێك بكەین

سەركردەی مافیاكان لەماڵ….بێنینە دەرەوە

 ڕسوایان كەین

 جلیان لەبەرا نەهێڵین

شەرەفیان

 بشكێنین

 كۆشكو ڤێلاكانیان…بڕوخێنین

 سەریان بخەینە…ژێر

نەعلەكانی…دایكی…سەردەشت و

 هاوڕێكانی

Leave A Reply

Your email address will not be published.