عەلی مەحمود دەبێ دەستبەجێ و بێقەیدو شەرت ئازاد بکرێت و قەرەبوو بکرێتەوە…

0

بەرواری ٢٥ی نیسان، عەلی مەحـمود هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری و کەسایەتییەکی ناسراوی دژە ستەم و بێمافی و تاوان، لەلایەن هیزێکی ئەمنی سەر بەپارتییەوە دەستگیرکرا و تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارێکی دراوەتە پاڵ، لەبەرامبەر بە دەستگیرکردنیدا، ژمارەیەکی بەرین لە نووسەر و رۆژنامەنووس هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی سیاسی و جەماوەری و کەسایەتی دیاری ئازادیخواز کاردانەوەیان لەخۆیان نیشانداو داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دەکەن… بۆ ئەم مەبەستە لەپاڵ چەند چالاکی و کۆبونەوەی نارەزایەتی لەناوخۆو دەرەوەی وڵاتدا کەمپەینێکی ئیمزا کۆکردنەوەیان بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵات بۆ ئازادکردنی وەڕێخستووە… ئەگەر تۆش دژی دەستگیرکردنی عەلی مەحمود و خواستی دەست بەجی ئازادکردنیت هەیە ئەم یاداشتە ئیمزا بکە… دەقی یاداشتی نارەزایەتیەکە لە لاپەڕە ٢ بخوێننەوە:

عەلی مەحمود دەبێ دەست بەجێ ئازاد بکرێت!  

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی نیسان هێزێکی پڕچەکی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکوان عەلی مەحمود و بە دوور لە هەر ڕێکارێکی یاسایی فڕاندوویانە. دەزگای ئاسایشی هەولێر پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و لەژێر گوشاری میدیا و ئازادیخوازاندا دانی بەم کردەوە نایاساییەی خۆیدا نا و چارەنووسی فڕێندراوەکانی ئاشکرا کرد. بەڵام بۆ پینەکردنی ئەو ئاکارە نایاسیاییە دووبارە بە لەژێرپێنانی سادەترین مافەکانی هەر تۆمەتبارێک، بەر لە دادگایی کردن یاخود ئاراستەکردنی هیچ تۆمەتێک، ڤیدیۆی دانپێدانانی فڕێندراوەکانیان لە ڕیگای دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکردەوە. عەلی مەحمود چالاکوانێکی ناسراوی بواری مافخوازیی لە کەیسەکانی ئەنفال‌و کیمیابارانە. ڕێکخەری کەمپینی بە دادگایی گەیاندنی تۆمەتبارانی ئەنفال‌ و کۆمەڵکوژیەکانە. ئەو تۆمەتبارانەی کە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر لەسەر تێوەگلانیان لە دەستگیرکردن‌، کوشتن‌و بێ سەروشوێنکردنی هەزاران کەسدا هەیە و لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە داوا کراون، بەڵام لە بن باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەندێک حزبی بەناو ئۆپۆزیسیۆندا نەک هەر داڵدەدراون، بەڵکو ژمارەیەکی زۆریان خاوەن پلەو پایەی سەربازین و لە ئیمکاناتی مالی و ژیانێکی شاهانە بەهرەمەندن. هەردوو باندی دەسەڵاتداری کوردستان بۆ درێژەدان بە تاڵانکاری سامانی خەڵکی کوردستان و داسەپاندنی هەژاری و نەداری بە سەر بەشی هەرە گەورەی کۆمەڵگادا پێویستی بەردەوامیان بە سەرۆک عەشیرەت‌و پەیوەندی و فەرهەنگی کۆنەپەرستانە هەیە و لە کێبەرکێی بەردەوامدان بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی ئەوانە. هەربۆیە سەرجەم بڕیارەکانی دادگا و هاواری دادخوازیی کەس‌و کاری ئەنفالکراوان‌و قوربانیەکانی ڕژێمی بەعس بە فەرامۆشی دەسپێرن و بەکردەوە هاوبەشی تاوان و تراجیدیایەکن کە هێشتا لە دەروونی قوربانیاندا زیندوون. عەلی مەحمود تۆمەتبارکراوە بە داڵدەدانی یەکێک لەو قوربانیانە کە لە کاردانەوەی ئەو هەموو ستەم‌و برینە ساڕێژنەکراوانەدا دەستی بردوو بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکی هەرگیز نەدیوی. لە کاتێکدا کە داڵدەدانی سەدان تاوانکار‌و نۆکەری بەعس دڵۆپێک عارەقەی شەرم ناخاتە سەر ناوچەوانی هیچ بەرپرسێک و حاکمێک و دادوەرێکی ئەم وڵاتە. لە ڤیدیۆی دەزگای ئاسایشی هەولێردا بێ شەرمیەکی بێ وێنە دەچۆڕێ. ئەو دەزگا ئەمنیەی کە پارێزەری یاسای جەنگەڵستانە، هەموو ڕۆژێک بە بەرچاوی زەقیەوە کەرامەت‌و ژیانی خەڵکی بێ پەنای کوردستان بە دەست چەقۆکێش و گۆپاڵ بەدەستە کۆن‌و تازەکانی حزبەکەیانەوە لەکەدار دەکرێت و خەڵتانی خوێن دەکرێت، کەچی لافی پاراستنی ئەمنیەت‌ و ژیانی خەڵک و بە سزا گەیاندنی تاوانکاران لێ دەدات. هۆکاری ڕاستەقینەی ڕفاندن‌و ڤیدیۆگرتنی عەلی مەحمود، پەردە هەڵماڵینێتی لەسەر تاوانکاران نەک داڵدەدانی تۆمەتبارێک. دەزگا ئەمنی‌و حزبیەکانی هەولێر دەمێکە لێو لە عەلی دەکرۆژن‌و لە فرسەتێک دەگەڕێن کە ئەوی هەمیشە بزێو و هەرگیز نەبەزیو بێ دەنگ بکەن. بە تۆڵەکردنەوە لەویش کۆمەڵگایەکی لێوان لێو لە توڕەیی و بێزاری بترسێنن و دەم بەست بکەن. هەربۆیە وەدەنگهاتن لەبەرانبەر ئەم کردەوە مافیایەی پارتی ئەرکی هەر ئازادیخوازێکە. ئەم ڕووداوە دەبێ سەرەڕای بۆنەیەک بۆ جارێکی تر پێ داگرتن لەسەر ئازادی سیاسی. دەرفەتێکیش بێت بۆ دووبارە بەرزکردنەوەی خواستی بە دادگا گەیاندنی ئەنفالچی و کۆمەڵکوژەکان. ئێمە کە لە خوارەوە ئیمزای ئەم بەیاننامەیە دەکەین خوازیارین کە: تۆمەتبارانی ئەنفال و کۆمەڵکوژیەکان، دەبێ دەستبەجێ هەموو پارێزبەندییەکی حزبی (پارتی) و (یەکێتی) یان لەسەر لابچێت و ئیمتیازاتەکانیان لێ دابماڵرێت و پاشان ڕادەستی دادگا بکرێن و بە سزای کردەوەکانیان بگەیەنرێن. دەسەڵاتدارانی کوردستان دەست لە پەلامار بۆ سەر ئازادیخوازان‌و سەرکوتی ئازادی سیاسی هەڵگرن و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەن.

عەلی مەحمود دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێت!

ئیمزاکان:

١/…

Leave A Reply

Your email address will not be published.