هیوا عومەر: پرسی ئابوری سەربەخۆ جیاوازە لە پرسی هەناردەكردنی نەوت، تەنها هەناردەكردنی نەوت لە لایەن هەرێمەوە یەكسان نییە بە ئابوری سەربەخۆ … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ هیوا عومەر نووسەر و ڕۆژنامەوان، سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوت و ئاییندەی سیاسی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: لەم رۆژانەدا دادگای پاریس لە قازانجی حكومەتی عێراقی بڕیارێكی دەركرد، توركیاش نەوتی هەریمی ڕاگرت تۆ چۆن دەروانیتە ئەم بڕیارە؟ ئایا سیاسییە، یاخود یاسایی؟ بۆ لەم كاتەدا ئەم بڕیار دەردەكرێت لە كاتێكدا شكاتە دەگەڕیتەوە  بۆ ساڵێ ٢٠١٤؟

هیوا عومەر: ئەم بریارە هەم دیوی سیاسی و هەمیش دیوی یاسایی هەیە، لە ساتەوەخێتكایە هەرێمی كوردستان لە ناوەوە تا دێت قەیرانەكانی قوڵتر دەبێتەوە كە خۆی دەبینێتەوە لە قەیرانی داریی و ئابوری و سیاسی هتد… ئەمەش دابراونییە لە دەرئەنجامی سیاسەتی ئۆلیگاریشی دارایی و فەرزكردنی رەچەتەكانی لیبراڵیەتی نوێ‌ .

بۆپێشەوە: سەرانی ئەحزابی ناسیۆنالیستی كوردی بەتایبەتی “مسعود بەرزانی، مام جەلال، نەشیروان مستەفا” زۆر شانازیان بە  ئابوری سەربەخۆوە دەكرد، هەروەها حكومەتی هەرێم دەیویست بچیتە ناو بازنەی وزەی جیهانیەوە، پێت وایە بەبێ ئەوەی كوردستان دەوڵەت بێت دەتوانێت كارێكی وابكات؟

هیوا عومەر: پرسی ئابوری سەربەخۆ جیاوازە لە پرسی هەناردەكردنی نەوت، تەنها هەناردەكردنی نەوت لە لایەن هەرێمەوە یەكسان نییە بە ئابوری سەربەخۆ، هەرێمی كوردستان وەك نەتەوەیەكی كۆلۆنیاڵكراو هەردەم پێویستی بە ئابوری و سیاسەتی سەربەخۆیی لە چوارچێوەی بەهێزكردنی ئیرادەو دۆخی ناوخۆییە. بەڵام پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە ئەوەی سەرانی حوكومران كردنیان لەماوەی 30ساڵی رابردوو ئابوری سەربەخۆ بوو؟

وەڵامەكە بە نەخێرە، چونكە ئەوان لە بری بەهێزكردنی ئابوری نیشتمانی و داهاتی تاك تەبەنی سیاسەتی ئابوری بەرخۆرییان كردووە، هەموو هێڵكەكانیان خستە سەبەتەی توركیا و ئابوری ریعی، ئەمەش بەشێوەیەك بەقەد ئەوەی بۆ بەهێزكردنی حزبە دەسەڵاتدارەكان و كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگە بەكار هێنرا بۆ پرسەكانی كۆمەڵگەو دابینكردنی مافە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی خەڵكی كوردستان بەكار نەهێنرا، ئێمە دەر ئەنجامەكەی بەروونی دەبینین چ جۆرە كۆمەڵگەیەك لەرووی پێكهاتەی چینایەتییەوە دروست بووە، كەمینەیەكی كەم خاوە هێز و سەرمایەكی گەورەن زۆرینەش پەراوێزخراوە بە داهاتێكی كەم دەژێت.

بۆپێشەوە: دوای دەرچونی بریاری دادگای پاریس بەشیك لە خەڵكی كوردستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لەم بارەیەوە،؟ دەمەوێت بپرسم بۆچی خەڵك دڵخۆشە بەم بڕیارە؟ ئایا ئەم بریارە سودی هەیە بۆ خەڵكی كوردستان؟

هیوا عومەر: یەكەم ئەم بریارە بە هیچ شێوەیەك سودی بۆ خەڵكی كوردستاندا نییە، وەك ئەوە وایە نەوت لە چنگی پارتی یەكێتی دەرهاتبێت گەرابێتەوە بۆ خەڵكی كوردستان؟

 ئەم دیدە زۆر هەڵەو كوشندەیە! وەزعی بەغدا لە زۆر لایەنەوە ئەگەر لە هەرێمی كوردستان خراپتر نەبێت باشتر نییە، ناكرێت كوردستان و ئەزموونەكەمان بە موڵكی پارتی و یەكێتی تەماشا بكەین .

خاڵی دووەم، خەڵكی بۆیە خۆشحاڵە، چونكە لە لایەن كابینەكانی حوكومەتی هەرێم زۆر بە خراپی ئیدارەی مەلەفی نەوت كراوە، بەقەد ئەوەی بۆ بەرژەوەندی حزبی و بەهێزكردنی حزب و میدیاكانیان و كۆنترۆڵكردن و كرینی خەڵك بەكار هاتووە ئەوەندە بۆ بەرژەوەندی گشتی بەكار نەهاتووە، بەڵام نابێت بەو بیانووە شەرعیەت بە فشارەكان و عەقڵیەتی شۆڤینی دەوڵەتی عێراق بدەین لەسەر گەلی كوردستان. لە لایەكی تر ئەم نیگەرانیی و بێئومێدییەی خەڵك پەیوەندی بە غیابی ئۆپۆزسیۆنێكی خاوەن روئیا و بە پرنسیپە لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان .

بۆپێشەوە: بریاری دادگای فەرەنسا، رێگە لە فرۆشتنی نەوت لە رێگای دەسەڵاتی هەرێمەوە دەگرێت، ئەوەش كیشە بۆ موچەو داهاتی دەسەڵاتی هەرێم دروست دەكات… خەڵكی كوردستان دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكەن؟

هیوا عومەر: خەڵكی كوردستان لە هەموو دۆخێكە خۆرێكخستن و بەهێزكردنی گیانی شۆرشگێری و هۆشیاریی سیاسی و فكرییان دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ پێشكەشكردن و بنیاتنانی ئەزموونێكی تر و بە دەستهێنانی ماف و ئازادییەكان.

بۆپێشەوە: بریاری دادگای فەرەنسا هاوكاتە لەگەڵ راپۆرتی فۆرن پۆلەسی ئەمریكی سەبارەت بە دۆخی سیاسی كوردستان و رەخنەی لە سەركوت و نەبوونی ئازادییەكان و باڵادەستی حزب بەسەر پیشمەرگەو هیزی ئەمنی و نابەرابەری گەورەی ئابوری بەرپرسان لەگەڵ ژیانی خەڵكی… ئایا ئەو دوو بریارە تەواوكەری یەكترین، یەكێكیان دەستی حزبەكان لەداهات دەبڕیت و ئەوی تریان دەستی سیاسیان دەخاتە ژێر پرسیار؟

هیوا عومەر: من یەكێكم لەوانە بە هیچ شێوەیەك دڵخۆش نیم بەو راپۆرت و هاشو هوشەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، لەم ناوچەیە خاوەن پرۆژەی ئابوری و بەرژەوەندی سیاسی خۆییان لەسەر ئەم بنەمایەش مامەڵە لەگەڵ دەسەڵات دەكەن، واتێنەگەین ئەگەر ئەوان هەندێك تێبینینان هەبێت لەسەر دەسەڵات سبەینی پاڵپشتیی پرۆژەو روئیای هێزكێكی تربكەن كە لە دەرەوەی رەچەتەكانی لیبراڵیەتی نوێ‌ و پاشكۆیاتی بیربكاتەوە. ئێمە دەبێت دڵمان بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و فاكتەرە ناوەخۆییەكان خۆش بێت بۆ گۆرانكاری نەك فاكتەری دەرەكی .

بۆپێشەوە: رێگە گرتن لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە، تا چەندە دەسەڵاتی هەرێم سنوردار دەكات و گوشارەكانی بەغدا لەسەری زیاد دەكات؟ وە هاوكات ئەوە چ كاریگەرییەكی لەسەر خەڵكی كوردستان دەبێت؟

هیوا عومەر: لە هەندێك لایەنەوە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لاواز  و لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەند بە هێز دەكەن، بێگومان ئەوە كاریگەری باشی نابێت، ئەوە وەستاوە لەسەر خەڵكی كوردستان و هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكان لەمرۆدا دەتوانن وەك بەدیل بێنەپێشەوە ؟

بۆپێشەوە: چۆن دەكرێت خەڵكی كوردستان سودمەند لە داهاتی نەوت و غازی هەرێم ببن؟

هیوا عومەر: ئەم پرسە پەیوەندی بە زۆر بابەتی ترەوە هەیە، یەكێك لەوانە گرێدراوە بە بوونی بزافێكی كۆمەڵایەتی و رێكخراو یەكگرتوو كە بتوانن ئەوە فەرزبكەن چەڤی نەوت خەڵك بێت نەك بۆ بەرژەوەندی كەمینەیەك، بێگومان ئەوەش روئیا و كاركردنی جدی دەوێت دوور لە عەقڵیەتی پۆپۆلیستی و دروشمبازی .

***

Leave A Reply

Your email address will not be published.