فینلاند لە پێکهێنانی ڕاستڕەوترین حکومەتی مێژووی وڵاتدا… نووسینی: بنار مستەفا
هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند لە سەرەتای مانگی ئەپریل ئەنجامدرا و کورسیەکان بەسەر پارتەکانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بە یەکسان دابەش بوون. بەو پێیەی پارتی یەکگرتووی گەل (پارتی مێژوویی بۆرژواکانی فینلاند) زۆرترین کورسییەکانی بەدەستهێنا، ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت. لە ٢٦ی مانگدا سەرۆکی حزبی ناوبراو ڕایگەیاند، کە لەگەڵ پارتی فینلاندییە ڕەسەنەکان، مەسیحییە دیموکراتەکان و پارتی گەلی سویدی گفتوگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
هەرچەندە پارتەکانی پەرلەمان لە چوارچێوە گشتییەکەیاندا یەک هێڵن و لە هەمان سیستەمی پەرلەمانتاریزمدا کاردەکەن و کۆتاییهێنان بە سەرمایەداری لە ئەجندایاندا نییە، بەڵام بەسەر بەرەی ڕاست و چەپی پەرلەماندا دابەش بوون و لە هەندێک سیاسەتدا جیاوازییەک بەدی دەکرێت. بە گشتی لە پرسی ئەوەی دەوڵەت چەندە بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ لە بەرانبەر ژیان و گوزەرانی دانیشتووان یان چەندە دەیخاتە سەر ئەستۆی خودی هاوڵاتیان، جیاوازییەکان دەردەکەون. هەروەها ململانێی ئەوەی چ دەستکەوتێک لە سایەی سەرمایەداریدا بۆ کرێکاران بەدەست دێت یان لێیان دەسەندرێتەوە، خاڵی ناکۆکی ئەم حزبانەیە. بەڵام هەموویان تێکڕا کۆکن لەسەر پرسە گەورەکان، وەک ئەوەی گۆڕانکاری دەبێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەنجام بدرێت.
ئەم پێکهاتەیەی بڕیارە حکومەت پێک بهێنێت، دەبێتە ڕاستڕەوترین حکومەت لە سەد ساڵی ڕابردووی مێژووی وڵاتدا. تا ئێستا بە گشتی حکومەتەکان تێکەڵەیەک بوون لە پارتەکانی بەرەی چەپ و ڕاست، هەندێک جار لایەکیان بە ڕێژەیەک زیاتر یان کەمتر بەشدار دەبوون و بەو پێیە سازشیان لەسەر خواست و ئامانجەکانی یەکدی دەکرد. ئەم حکومەتەی بەڕێوەیە، تەواوی ڕاستی پەرلەمانە بە هەر چوار پارتەکەی، ئەمەش بە مانای پێویست نەکردنی سازش دێت لە زۆر بابەتدا.
بۆ نمونە ئەو مافانەی کرێکاران لە خەباتی دەیان ساڵە بەدەستیان هێناوە، لە سایەی حکومەتیکی لەم چەشنەدا لە ژێر هەڕەشەی پاشەکشەدایە و نەماندایە. بەرەی ڕاست تەنانەت بیمەی بێکاری و مافی مانگرتنی کرێکارانیان کردۆتە ژێر پرسیارەوە و ئامادەییان هەیە، لە دەرفەتێکی گونجاودا بە زیانی کرێکاران گۆڕانی بەسەردا بهێنن. هەروەها مافی پەنابەری و جێگەوڕێگەی بیانیان لە کۆمەڵگەدا بابەتیکی ترە، کە بێگومان لە سایەی حکومەتێکی وەها ڕاستدا، ئەو مافانەی بەدەستهاتوون، پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێت و سنووردارکردنی زیاتر و زیاتر دێتە ئاراوە.
ئەمانە تەنها لێکدانەوە نیین، بەڵکو پەیامی ڕۆشن و تەنانەت بەڵێنی هەڵبژاردنی خودی ئەم لایەنانە خۆشیان بووە. بۆ نمونە پارتی یەکگرتووی گەل وەک مەرج ئەوەی دادەنا، کە لە ساڵی ئایندە بڕی شەش ملیارد ئێورۆ و ساڵی دواتریش سێ ملیارد لە بودجەی وڵات بگیرێتەوە، تا قەرزی سەر وڵات کەم بێتەوە. بە کردەوە بە مانای کەم بوونەوەی ئەو خزمەتگوزارییانە دێت، کە ئەوانەی لە هەمووان زیاتر پێویستیان پێی هەیە. هەروەها پارتی فینلاندییە ڕەسەنەکان دەمێکە لەسەر توندکردنەوەی یاساکانی پەیوەند بە بیانی و بە تایبەتی مافی پەنابەری کەمپەین دەکات. کاتیک ئەم پارتانە لە حکومەتدان، تەنانەت بێ ڕکابەرت شکڵیش، بێگومان ئاسانتر دەتوانن ئەو یاسایانە بچەسپێنن، کە ئامانجیانە. ڕۆشنە حکومەتێکی هێندە ڕاستڕەو، بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی کرێکاران نابێت و قڵشتی چێنایەتی فراوانتر دەکات. ئەو تایبەتمەندیانەی پێناسەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانن و بە شێوەی جیاواز کەم تا زۆر پیادە دەکران، لە ژێر مەترسی ئاڵوگۆڕی فراواندان.
دیاردەی پێکهێنانی حکومەت لە لایەن بەرەی ڕاستی پەرلەمان و زیاتر لادان بە لای ڕاستی پارت و دەوڵەتەکان، تەنها لە فینلاند نییە. لە زۆر وڵاتی تردا و تەنانەت لە نێو باڵەکانی بۆرژوازیشدا، ڕاستڕەوترینیان بە دەسەڵات گەیشتن. تڕامپ نمونەیەکی بەرجەستەی ئەم دیاردەیەیە. ئەمە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە ڕوو لە چینی کرێکار، کە هەموو ئەو دەستکەوتانەی ساڵەهایە لە ڕێگەی خەباتەوە بەدەستهاتوون، بەرەی کۆتایی ببرێن.
لە بەرانبەر ئەم دیاردەیە و ڕێگەگرتن لە گۆڕانکاری زیاتر لە زەرەی کرێکاران و پاشەکشە بە دەستکەوتەکانیان، دەخوازێت لە چینی کرێکار بە شێوەیەکی فراوانتر و ڕێکخراوتر ڕووبەڕووی ئەم بزووتنەوەیە بێتەوە. مەرجێکی گرنگی سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەک بەرانبەر ئەم دیاردەیە، نەبەستنەوەی خەباتە تەنها بە دەنگدان و ڕێگای پەرلەمان، وەک کرێکارانی فەڕەنسا دەستیان بۆ بردووە و ئومێدێکی گەورەیان خستۆتە دڵی چینی کرێکارەوە.
کۆتایی ئەپریلی ٢٠٢٣