وتەی ئێلینۆر ماركس لە ڕۆژی ١ی ئایاری ١٨٩٠ لە ھاید پارك – لەندەن

0

ئێمە نەهاتوین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی کاری حزبە سیاسییەکان بکەین، بەڵکو ئێمە هاتووین بۆ بەرگری له کرێکار و داوای به دیهێنانی مافەكانمان بكەین.
ئەو کاتەم لەبیرە کە دەهاتینە هاید پارک و داوای ٨ کاتژمێر کارکردنمان دەکرد. ئەوکات ئێمە بەقەد ژمارەی پەنجە بووین، ئەو ژمارەیە گەورە بوو بۆ سەدان و هەزاران، ئەمڕۆ سەیری ئەم خۆپیشاندانە شایستە و قەرەباڵغەمان بکەن کە پارکەکەی پڕکردووە.
ئەمڕۆ من نەك تەنها وەک چالاکوانێکی سەندیکا، بەڵکو وەک سۆشیالیستێکیش قسه دەكەم، ئێمەی سۆشیالیست پێمان وایه بەدیهێنانی ٨ کاتژمێر کارکردن له ڕۆژێکدا هەنگاوی یەکەمه و زۆر پەلەیە کە جێبەجێ ببێت و ئامانجمان ئەوەیە بگەینە ئەو کاتەی کە چیتر چینێک نامێنێت بۆ بەخێوكردنی چینەکانی تر.

بەڵام بێکاری لەو کاتەدا لە کۆمەڵگادا بوونی نابێت. گەیشتن بە ڕۆژی کارکردنی هەشت کاتژمێری، ئامانجی کۆتاییمان نییە، بەڵکو سەرەتای خەباتە، بەس نییە بۆ ڕۆژی کارکردنی هەشت کاتژمێری دەست بە خۆپیشاندان بکەین، پێویستە ڕۆژانە لەسەر دۆزی خۆمان قسە بکەین و هانی پیاوان و بەتایبەتی ژنان بدەین بەشداری ڕیزەکانمان بکەن و یارمەتیمان بدەن. نابێت وەک هەندێک مەسیحی بین کە شەش ڕۆژ گوناه دەکەن و لە حەوتەمدا دەچنە کڵێسا، بەڵکو دەبێت ڕۆژانە لە پێناو دۆزی خۆماندا خەبات بکەین.

هەستە وەک شێر دوای خەوتن

لە ژمارەیەکی بێ سەرو بندا

زنجیرەکانت فڕێبدە بۆ زەوی وەک دێو

ئەوەی لە خەودا کەوتە سەرت

ئێوە زۆرن، ئەوان کەمن.”

* ئێلینۆر مارکس (١٦ی کانوونی دووەم ١٨٥٥ – ٣١ی ئازاری ١٨٩٨) لە لەندەن لەدایک بووە و شەشەم منداڵی مارکس و جێنی هاوسەری بوو. چالاکوانێکی سەندیکایی و سۆشیالیست بوو.  یەکەم کەس بوو ڕۆمانی مادام بۆڤاری وەرگێڕا بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. لە ساڵی ١٨٩٨ ئێلینۆر بۆی دەرکەوت کە هاوسەرەکەی، کە ١٤ ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵدا کردبوو، ئێدوارد ئەڤێلینگ، بە نهێنی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەکتەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵان بە ناوی ئیڤا فرای کردووە. ئێلینۆر لەتەمەنی ٤٣ ساڵیدا سیانیدی خوارد و خۆی کوشت.

وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە:

توانا حەمە نوری

کۆتایی نیسانی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.