پیرۆزە یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی نێونەتەوەیی چینی کرێکار!…. عەبدوڵا مەحمود

0

یەکی ئایار یادو بۆنەی هیچ نەتەوەو نەژاد و دین و مەزهەبێک، هیچ و جۆرە خودا و پەیامبەرو پاشاو سەرۆک و مەلیکێک، نییە. سومبولی ڕیز دانان بۆ هیچ سنور و نیشتمان و قارەمانەکانی نییە… یەکی ئایار رۆژی نوێکرنەوەی هاوپشتی و هاوچارەنوسی جیهانی چینی کرێکارە، بێگویدانە، ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و رەنگی پێست و دین و مەزهەب، بێگوێدانە ژن و پیاو بوون، بێگوێدانە دوور و نزیکایەتی سنورەکان و چغرافیا…
یەکی ئایار، رەمزی نەفرەتی چینی کرێکاریی جیهانییە لە زوڵم و نابەرابەری و جەنگ و بێمافی… ئەم هاوارە ئینسانییە، پیرۆزە لەهەموو ئوردوی هاواری ئازادی…
یەکی ئایارێکی ترە و سیستەمی سەرمایەداری هێشتا چنگی لە گەروی کۆمەڵگەی مروڤایەتی، گیرکردووە… یەکی ئایارێکی ترە و تۆماری ئۆردوی بێکاران، شەپۆل ئاسا هەڵدەکشێ… هەژاری و نەداری و گرانی، بەرین و بەرینتر دەبێتەوە… بێخانەولانەیی سنور ناناسێ… ئاوارەیی و جەنگ هەموو کون و قوژبنێکی دنیای تەنیووە… یەکی ئایارێکی ترەو سیستەمی سەرمایەداری دنەدەری کۆنەپەرسترین ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی و راسیستی و نەژادپەرستی و قەوم پەرستییە…. یەکی ئایارێکی ترەو زوڵم و بێمافی سەر ژنان و مناڵان بێداد دەکات… ئەم نیزامە دیلی هێنەرو بە ئەتۆمیزەکردنی ئینسانە، ناتوانێ و هیچ ئاسۆیەک و رێگایەکی نیوە ناچڵیشی بۆ باشترکردنی ژیان، لە هەگبەدا نییە… نیزامی سەرمایەداری نیشانی دایەوە کە سیستەمێکی ئاوسە بەهەموو گرفتە ئابوری وسیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوریەکانی ئەم سەردەمە… ئەم سیستەمە بە هەموو پێوانەیەک نەک هەر زیادەیە بەسەر کۆمەڵگەی ئینسانیەوە، بەڵکو سەرچاوەی بە دۆزەخکردنی ژیانی ملیاردەها ئینسانی ئەم گۆی زەویەیە… بۆ ئەوەی شکۆ و ئیرادە بۆ ئینسان بگەرێتەوە. بۆ ئەوەی ستەمی چینایەتی و هەڵاوردنی قەومی و دینی نەژادی و کۆتایی پێ بێت. بۆ ئەوەی بێکاری و گرانی و ئاوارەیی وبێمافی و جەنگ و کوشتارو نائەمنی، سایەی نەنگینی توڕ بدرێت… پێویستە نیزامی سەرمایەداری بەهەموو مۆدێل و شێوازو رەنگەکانیەوە، بۆ ئەبەد زیندەبەچاڵ بکرێت… زیندەبەچاڵکردنی ئەم سیستەمە، کاری چینی کرێکاری و ڕیکخراو و حزبی مارکسیستی و کۆمەڵایەتی خۆیەتی… پەیامی چینی کرێکار، لە ئایاردا، دەبێ پەیامی کۆتاییهێنان بێت بە نیزامی دیلی هێنەری سەرمایەداری…

 بژی یەکی ئایار… پیرۆزە یەکی ئایار

Leave A Reply

Your email address will not be published.