بێهۆش کردنی کۆمەڵگە و نەمانی ڕاچڵەکینی کۆمەڵایەتی لە ئاست کوشتنی ژناندا” …نووسینی: بەیان ئیبراهیم

0

ئەگەر کۆمەڵگە لە ڕووی زانستی کۆمەڵایەتیەوە بەلاشەیەک وێنا بکەین، ئەوا لە ژێر ڕەحمی پرۆسەیەکی داگیرکاریی کۆی جیهازەکانی لەشی ئەم کۆمەڵگەیە داین، بە پلانێکی هێواش ئەم کۆمەڵگەیە وەک لاشەیەک براوەتە ژوری نەشتەرگەری و بێهۆشکاریی و بێهۆش (بەنج) کراوە تا ئەو ڕادەیەی وەک لاشەیەکی بەنجکراو گۆشتی لێ بکەیەتەوە هەست بە هیچ ناکات.

بە مانایەکی تر ئەم کۆمەڵگەیە وا بێ هۆش کراوە کە ڕاچڵەکینی نەماوە. ئا لێرەوە کاتێک کۆمەڵگەیەک خاڵی بکرێتەوە لە پرۆسەی ڕاچڵەکین، ئەو کات نەک هەر گۆشتی لێ بکرێتەوە، سەریشی ببڕرێت ئاگای لێ نابێت. خۆ ئەگەر کۆمەڵگەیەک لە ژوری نەشتەرگەری بهێنینەدەر و هوشیار بێت ئەوا دەبوو بۆ ئەم کوشتنی ژنانە و سەدان گوناهی تر وەک هاتنی بێگانە و دزی و نەبونی موچە پڕ ببوایە لە ڕاچڵەکین، ڕاچڵەکین یەکسانە بەوەی کە دەبو بۆ تاوانێکی وەک کوشتنی ژنان لە کەمترین ئاستدا پەنجا ڕێکخراو بانگەوازی خۆپشاندانێکیان بکردایە، خۆ ئەگەر هەر ڕێکخراوێک دوو سەد کەسی بهێنایەتە سەر شەقام، ئەوا یەکسان دەبوو بە دەهەزارکەس کە ئەمە دەیکردە ڕاچڵەکین و دەبوە گوشاری قورس لەسەر دەستەڵات و هەتا ئەو کەسانەی کە ئەم تاوانانە دەکەن.

کە ئەم ڕاچڵەکینە نەبێت هیچ کاردانەوەیەک یان ڕاچڵەکینێکی کۆمەڵایەتی لێ نەبێت، بکوژەکان ترسیان نییە، خۆ لە حاڵەتی بونی ڕاچەڵەکینی کۆمەڵایەتیدا بەدەر لە گوشار بۆسەر دەستەڵات دەبووە چاو ترسێنێک بۆ سەر ئەو کەسانەی کە جەلادانە گوناهبارن بە کوشتنی ژنان.

کاتێک کۆمەڵگە بێهۆش کراوە و خاڵی بوەتەوە لە ڕاچڵەکین ئەو کات کوشتن و تاوانکردن ئاسایی دەبێتەوە، وەک ئەوەی ئێستە ڕودەدا، نەک هەر تاکەکان هەستی پێ ناکەن، بەڵکو ئەو هەمو ڕێکخراوە ژنانە ناتوانن ترادسیۆنێک بەرامبەر ئەم غەدرانە دروست بکەن.

پڕۆسەی بێهۆشکردن (بەنج)ی کۆمەڵایەتی لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە ئێمە خاوەنی دەستەڵاتی خۆیی نین و سەرچاوەی ئەم بێهۆشکاریە دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکاریی وڵاتانی باڵا دەست لەم هەرێمەی ئێمەدا، کە دەتوانین بە بێهۆشکاری (بەنج ) ی گشتی ناوزەند بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە چالاک و پڕ جوڵە نەبێت و چۆنیان بوێت لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری بهێنن.

لەم هەفتەیەدا چەندین کوشتنی ژن بڵاوکراوەتەوە ئەوەی کە زانراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆی کۆمەڵگە لە ژوری نەشتەرگەری وڵاتانی زلهێزدایە و بێهۆشکراوە بۆیە نەدەبێتە ڕاچڵەکینێکی بەهێز نە دەتوانرێ هیچ بکرێت، بەدەر لە پرسەیەکی شەرمنانە بۆ خوێنی قوربانیانی ژن هیچی تری لێناکەوێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.