لە حەوتەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی بۆپێشەوەدا، ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و سیاسی …. بۆچوون و سەرنج و پێشنیاراتی خۆیان دەخەنە ڕوو…بۆمن وەکو گەنجێك خۆشبەختانە هاورێیانی بۆ پێشەوە دەرگایان بۆ کردمەوە کەوا بتوانم بۆ یەکەمجار و یەکەم نووسینم لەم ڕۆژنامەدا بڵاوبکەمەوە و بەشداری بکەم، کە ئەمە بۆ من خۆشحاڵی و هاندانێکی مەزن بوو، کە هاوڕێیانی بۆپێشەوە گرنگی بە دەنگی نوێ و قەڵەمی نوێ دەدەن، بەبێ گوێدانە هیچ ئینتمایەکی حزبی و دەستەگەری و ئامانجی ئەم میدیایە خزمەتە بە کۆمەڵگە و فکری چەپ و هەوڵدان بۆ بۆ پێشەوەبردنی فکری ئازادی و سۆسیالیزم.

0

زانیار وەلی: سەرەتای دەرچوونی ژمارەکانی (بۆپێشەوە) لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا (فەیسبووک) ئاشنای ئەو ڕۆژنامەیە بووم، وەکو پڕۆژەیەکی میدیایی چەپ لە سەرەتاوە گرنگ و بایەخدار بوو لەلام.
میدیای کوردستانی باشوور و سۆشیاڵ میدیا پڕ بوو لە بابەتی بێکەڵك و بێ سوود، وەکو ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر و مەسرەفگەرا چووە، بێگومان میدیا بەهەموو جۆرەکانیەوە میدیایەکی بێ پرەنسیپن و ڕێزگرتنی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی تێدا لەناوچووە.
تەنها ئامانجی زۆربەی ئەم میدیایانە کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و فۆڵۆوەرە بێ گوێدانە ناوەرۆک و بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەکی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدابێت.
لەم نێوانەدا (بۆپێشەوە) کە هەر لە ناوەکەیدا مانایەکی گەورە دەدات جیاواز هاتە بەرچاوان. (بۆ پێشەوە) وەکو میدیایەکی چەپ و فیکری لەناو ئەو فەزا پۆپۆلیستی و بێ سەروبەرەیی میدیایی توانی جێێ خۆی بکاتەوە و چەندین قەڵەمی نوێ و بابەتی زۆر گرنگ لەخۆی کۆبکاتەوە.
جگەلەوەی وەکو پڕۆژەیەکی میدیایی سۆسیالیستی ئەوەی زۆر گرنگە (بۆپێشەوە) هەموو کەسێک دەتوانێ بەخۆڕایی و زۆر بە ئاسانی بەدەستی بگات، کە لە دنیای سەرمایەداری ئێستادا هەموو شتێک بووە بە کاڵا و مامەڵەی پێوە دەکرێت و قازانجی ماددی لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە و تەنانەت خەریکە ئۆکسجین و هەناسەدانیش بەرامبەر بە پارە دەدرێت. (بۆپێشەوە) بەبێ هیچ قازانجێکی ماددی چ بەڕێوبەرانی و چ ئەوانەی تێیدا دەنووسن و فکر و بۆچوونیان بڵاودەکەنەوە و کاردەکەن و پەخش دەکەن. کە ئەوە خاڵێکی هەرە گەش و جوانی ئەم پڕۆژەیە چونکە هەمیشە سیستەمی سەرمایەداری بانگەشەی ئەوە دەکات کە پارە و قازانج هەمیشە هاندەرە بۆ هەموو شتێک و بەبێ قازانج و هاندان بە پارە هیچ کارێک ناچێتە پێشەوە و پێش ناکەوێت، بەڵام (بۆپێشەوە) ئەمەی ڕەتکردەوەو ئەوە چەندین ژمارەی لێ دەردەچێت و بەردەوامە و بەرەو پێش دەچێت.
بۆمن وەکو گەنجێك خۆشبەختانە هاورێیانی بۆ پێشەوە دەرگایان بۆ کردمەوە کەوا بتوانم بۆ یەکەمجار و یەکەم نووسینم لەم ڕۆژنامەدا بڵاوبکەمەوە و بەشداری بکەم، کە ئەمە بۆ من خۆشحاڵی و هاندانێکی مەزن بوو، کە هاوڕێیانی بۆپێشەوە گرنگی بە دەنگی نوێ و قەڵەمی نوێ دەدەن، بەبێ گوێدانە هیچ ئینتمایەکی حزبی و دەستەگەری و ئامانجی ئەم میدیایە خزمەتە بە کۆمەڵگە و فکری چەپ و هەوڵدان بۆ بۆ پێشەوەبردنی فکری ئازادی و سۆسیالیزم.
هیودارام (بۆپێشەوە) بەردەوام بێت و بەرەوپێش بچێت و گەشەبکات و هەموو ئەوانەی هیوای ئەوە دەخوازن میدیایەکی ئازاد و سۆسیالستی هەبێت لە کوردستاندا هاوکاری و هاوپشتی ئەم پڕۆژەیەبن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.