ناڕەزایەتی کرێکارانی فەرەنسا و پێشڕەویەکانی!… نوری بەشیر

0

ناڕەزایەتی ملیۆنی ئەم دەورەیەی کرێکارانی فەرەنسا لەبەرانبەر زیادکردنى تەمەنى خانەنشینى  لە ٦٢ ساڵیەوە بۆ ٦٤ ساڵ دەستیپێکردوە و پێی ناوەتە سێهەمین مانگەوە. لەناو ئەو ناڕەزایەتیانەدا تەنیا لەمانگی جەنیوەریدا لە٢٤٠ ناوەندی جیاوازدا خۆپیشاندان لەسەراسەری فەرەنسادا ئەنجامدراوە. لە ٧ی مارسدا فەرەنسا خۆپیشاندانی سێ ملیۆن و نیوی بەخۆیەوە بینی. ئەوەی بەرچاوبوو لەم ناڕەزایەتیانەدا ریزی یەکگرتووی سەرجەم یەکێتیە کرێکاری و سەندیکا و کۆنفدراسیۆنە کرێکارییەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران بوو کە بەگشتی لەدەوری بانگەوازی یەکێتیە کرێكارییەکان کۆبوونەتەوە و هەتا  حزب و لایەنە چەپەکانیشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەگشتی فەزای کۆمەڵگە و ناڕەزایەتییەکان ڕوخسارێکی رادیکال و سۆشیالیستی پێوە دیارە لە دروشم و خواستەکان و داواکاری رۆشتنی ماکرۆن و حکومەتەکەی و وتنەوەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە ناڕەزایەتی ملیۆنیدا. هەروەها لەمانگی جەنیوەریدا بەپێی راگیریەک کرابوو لە ٧٥٪ خەڵک لایەنگری ئەم ناڕەزایەتیانە و بەدژی سیاسەتی دەوڵەتن. ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی ئێستا بۆ بۆرژوازی و چینی کرێکاریش مەیدانێکی شەڕی چینایەتی گەورەیە کە پریشکەکەی ئەوروپاشی گرتۆتە و هەر زوو کاریگەریەکەی گەورەترین ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشەکانی خزمەتگوزاری و رێگاوبانی ئەڵمانیای بەدوای خۆیدا هێنا کە لە سی ساڵی رابردوودا بێوێنە بووە و  کاریگەریەکانیشی لەسەر ناڕەزایەتیەکانی ئیسپانیا  و بەریتانیاش و وڵاتانی تریش وردە وردە دەردەکەوێت.

ئەم ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییە بەرفراوانە بەدوای ئەو سیاسەتە دژی کرێکاریەی ماکرۆندا دێت کە لەسەرەتای ئەمساڵدا بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حکومەت و پەرلەمان بڕیار لەسەردا بەزیادکردنی تەمەنی خانەشینی. ئەم ناڕەزایەتیانە ئەگەرچی سەرەتا لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاری و سەندیکاکان دەستی پێکرد، بەڵام هەرزوو لە کۆمەڵگەدا تەقیەوەو بووە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان و زۆربەی کۆمەڵگەی گرتەوە. بەجیا لەم هێرشەی ماکرۆن لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی کە هێرشە بۆسەر هەموو کۆمەڵگە، بەردەوام لە دەورەی رابردوودا بۆرژوازی فەرەنسی و حکومەتەکەی هێرشێکی فراوانی بۆسەر کۆمەڵگە بەشێوەیەکی سیستماتیک و رێکخراو دەستپێکردوە کەبەشێوەیەکی سەرەکی خۆی لەزیادبوونی نرخی شتومەک و پێداویستییە رۆژانەییەکان دەبینێتەوە بەدوای قەیرانی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا. سەرباری ئەوە حکومەتی ماکرۆن دەستی داوەتە هێرش بۆسەر لاوان و بێکاران و پەنابەران و کۆچکردوان و کردەوەی راسیستانە بەرامبەریان. سەرباری کردەوەی توندوتیژی پۆلیس دژ بە  خەڵك و خۆپیشاندەران. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەساڵی رابردوودا ١٥٠٠ حاڵەتی توندوتیژی پۆلیس تۆمار کراوە، هەموو ئەمانە کۆمەڵگەی فەرەنسا زۆر بە فراوانی وشیارن پێی و هەستی پێدەکەن.

هەواڵەکانی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی ئەم دەورەیەی فەرەنسا، لەگەڵ هاتووهاوار و تۆمەت هەڵبەستن و پڕوپاگەندەی ئاژاوەگێڕی و دەستی دەرەکی لەپشتەوەبوون لەلایەن باڵەکانی بۆرژوازی و میدیاکانیانەوە نەیتوانیوە نەك هەر ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە پێ بکات، بەڵکو نەیتوانیوە رێگربێت لەوەی پشتیوانی جەماوەری و گشتی بۆ ناڕەزایەتییەکان بەرین و فراوان بێتەوەو ببێتە مەسەلەیەکی گرنگی میدیای ناوخۆی فەرەنسا و ئەوروپا و هەتا جیهانیش. گرنگی ئەم ناڕەزایەتیانە؛ تەنیا لە مانگرتنە سەراسەریەکان و خۆپیشاندانی ملیۆنی و ئیدامەکاریەکەیدا نییە، بەڵکو بەجیا لەوانە روخساری میلیتانتی هەبوو لەبەرامبەر هێرش و توندوتیژی و سەرکوت و رشتنی گازی فرمێسک رێژ و دەستگیرکردنەکانی پۆلیسدا. خۆپیشاندەرانیش بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە وەڵامی پۆلیسیان داوەتەوە و هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی سەرکوتی بۆرژوایی و لە ناوەندەکانی شارە گەورەکاندا رێگاکانی هاتووچۆیان گرتووە و مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی کرێکاران ئیستگاکانی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان و پاسەکان و بەنزینخانەکان و زانکۆکان و زۆر شوێنی تری دەوڵەتی پەکخستووە…

خەسڵەتی ناڕەزایەتییە ئیدامەکاریەکەی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی فەرەنسا ترسێکی زۆری لەسەر هەموو بۆرژوازی دەسەڵاتدار داناوە، بۆیە باڵی توندڕەو و راستڕەوی فەرەنسا داوا لە ماکرۆن دەکەن کە بەهەر شێوەیەک بووە ئەو ناڕەزایەتیانە پاشەکشە پێبکات. بەمە مەیدانی کێشە چینایەتیەکەی نێوان بۆرژوازی و کرێکاران رۆشنتر بووە و کرێکاران سورترن لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانیان بۆ داواکاریەکانیان و پاشەکشەی ماکرۆن و حکومەتەکەی لە سەپاندنی ئەو یاسا نوێیەدا.

ریشەی ئەم ناڕەزایەتیانەی فەرەنسا لە گەورەیی و مەزنیەک کە هەیەتی کاریگەری مێژوویەک لە شۆڕش و دەوروجێگای چینی کرێکارە لەو وڵاتەدا کە هەیبووە لەوانە شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریسە کە وەک دەرس و دەستکەوتێکی چینایەتی گرنگ کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو پێشڕەویانەی چینی کرێکاری فەرەنسا لەم ناڕەزایەتیانە و جەماوەری بوونەوەی لەئاستی هەموو کۆمەڵگادا و هاتنەمەیدانی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و وەستانەوە لەبەرامبەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی بۆرژوازیدا نیشانی داوە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە لاوازیەکی گەورەی هەیە لەڕووی ڕێکخراوبوونی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی چینی کرێکارەوە، کە بتوانێت ناڕەزایەتییەکانی ئێستای چینی کرێکارو جەماوەری ناڕازی فەرەنسا بەرەو سەرکەوتن و بەرێت و پاشەکەشەیەکی جدی بە حکومەتی بۆرژوازی فەرەنسا بکات و هاوکات چینەکە ئامادەبکات بۆ شەڕی کۆتایی لەگەڵ بۆرژوایدا کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر چینی کرێکاری پاریس یەکەم ئەزمونیان کرد و نمونەیەکیان لە شۆڕشی چینایەتی پرۆلیتاریا بە کرێکارانی جیهان نیشان دا. ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار لە فەرەنسا ئەوەیە کە ئەم ئەرکە مەزنە مێژووییە وەڵام بدەنەوە.

ئەپریلی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.