سەربەخۆی ئابوری یا بەهەدەردانی سامانی سروشتی…! نووسینی: جەمال نوری
لەهەولێری پایتەختی هەرێم لەحوزەیرانی ٢٠٠٩ مەراسیمێک سازکرا بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بۆ یەکەمجار، بە ڕێژەی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وە دەستی کرد بە پەمپکردنی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکی لە زاخۆ و تەقتەق لە کۆیسەنجاک بۆ بۆری نەوتی عێراق کە کێڵگەکانی جەیهانی تورکیاوە دەبەستێتەوە.
سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە وتارەکەیدا پێیوابوو ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامی داوە بە تەنها لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لەبەرژەوەندی گەلانی عێراقە بەگشتی، سەرەتای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم وابڕیاربوو ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان دەردەهێنرێت بڕژێتە هەمان بۆرییەوە کە نەوتی عێراق بە بەندەری جەیهانەوە دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بیفرۆشێت و بیخاتە ناو بودجەی دەوڵەتەوە بەڵام وا دەرنەچوو.
سەرەتا ڕێگایان بەخۆیاندا بەتەنکەر نەوت ئاودیوی سنورەکان بکەن لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان لەزستانی ساردی کوردستاندا شەویان ڕۆژ دەکردەوە بەبێ ئەوەی تەنها بەرمیلە نەوتێ لەو نەوتەکەی ژێرخانی سروشتی خۆمانی پێ بدرێ، لەکاتێکدا نەوتی هەرێم چەندین سنوری دەوڵەتانی بڕی و گەیشتبوە ئەفغانستان و سەرەک وەزیرانی ئەو وڵاتە سوپاسی حوکمەتی هەرێمی کرد کە نەوتی فرۆشتوە پێیان بەتاڵان، ئەو دەمە پێیان وابوو بە بەرچاوی وڵاتانی دنیاوە و بێ گوێدانە یاسا نێو دەوڵەتیەکان و یاساکانی دەوڵەتی فیدرالی عێراق دەتوانن هەرچی نەوتی کەرکوک و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستانیشە، هەرزانفرۆشی بکەن.
لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، لافی سەربەخۆی ئابوری و نەوتی هەرێم لەسەر نەخشەی جیهانییە و دەتوانن بە پشت بەستن بە نەوت پایە سەرەکیەکانی دەوڵەت دروست بکەن، وەلێ بەداخەوە، نەک هەر نەیانتوانی هەرێم بخەنە سەر نەخشەی ئابوری جیهانی، بەڵکو لە مابەینی دوو بنەماڵەدا قۆرغکراو هەرچی خێرو بێری ئەم نەوتەیە دەچووە گیرڤانی تەنها دوو بنەماڵەی دەست ڕۆیشتوو لەهەرێم، بەبێ ئەوەی تەنها تەنکە نەوتێک چییە داهاتەکەی بدەنەوە بەعێراق.
لەو سەرو بەندەدا جەلال تاڵەبانی نەخۆش کەوت و دوورکەوتەوە لە ساحەی سیاسی لە عێراق و کوردستان، بەمەش، دەسەڵاتدارانی پارتی زیاتر دەستیان ئاوەلا بوو و خۆیان کردە تاکە مەرجەع و بڕیار بەدەستی هەرێمی کوردستان.
هەموو خەڵکی کوردستان دادو بێدادیان بوو لەدەست بەتاڵانبردنی نەوت، نابووتکردنی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕمانی ژێرخانی ئابوری و پوکانەوەی ئیش وکاری دەستی و داخستنی کارگە بچوک و کردنەوەی بازاڕی هەرێم بە ڕووی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ساغکردنەوەی هەرچی کاڵای ئێکس پایەر بوو بەسەر خەڵکی ڕەش و ڕووتی ئەم هەرێمەدا تاقی دەکرانەوە، تاوای لێهات نەخۆشی شێرپەنجە وەک پەتای هەڵامەتی لێهاتبوو بۆ هاوڵاتیانی هەرێم. لەسایەی ئابوری سەربەخۆدا پەرلەمان پەکخراو وەزیرەکان نێردرانەوە بۆ ماڵەوە، شەقام لێوان لێو بوو لەدەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی ناعەدالەتی و بێکاری و بڵاوبوونەوەی فەسادی ئیداری لەدام و دەزگاکانی هەرێمدا بوو بە کارێکی ئاسایی، لەو سەرو وەختەدا بۆنی نەفت سەرانی حوکمەتی هەرێمی کەڕو کاس کردبوو، کەوتنی موسڵ دووەم شاری گەورەی عێراق بەدەستی هێزی تاریک پەرستی داعشەوە، زیاتر سەرانی هەرێمی بوغرا کرد کە بەئاشکراو بێ سڵەمینەوە بەعێراق بڵێن لەئەرزی واقیعدا شتێک نەماوە بەیەکگرتووی بۆ عێراق مەگەر لەسەر نەخشەی کاغەز نەبێ، بوونی داعش لە ناوچەکانی سونە مەزهەب زەمینەی خۆشکرد بۆ دەست تێکەڵکردنی بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ داعشدا بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە ڕێگای یاساغ.
پارتی، رێکەوتنی نھێنی،لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەکاو نەوت دەفرۆشێ، بەڵام لایەنەکانی تر وەك یەکێتی و گۆڕان بێ باکانە بەدوای پارتی کەوتن، یان لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەیانکردە هاتو هاوار بێ ئەوەی هەنگاوی کرداری بنێن..، کاتێکیش پارتی بانگەشەی جێھێشتنی بەغداد دەکات و ریفراندۆم دەکات.. لایەنەکانی تر وەك یەکێتی و گۆڕان کوێرانە کەوتنەدوای.
یەکێتی و لایەنەکانی تری زۆنگی سەوز چەند ساڵە گوایە بانگەشەی رێکەوتنیان لەگەڵ بەغداد دەکرد، بەڵام پارتی سەرۆکایەتی رێکەوتنی لەگەڵ بەغداد ئەنجامدا و یەکێتی و لایەنەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆن وەك ڕەشە خەڵکەکە!!، لە راگەیاندنەکانەوە، ھەواڵی رێکەوتنی ھەرێم و بەغداد دەبێ ببیستن.
سەرەتا کە بیریان لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کردەوە دۆستەکانی کورد لەوڵاتان پێیان ڕاگەیاندین کە بەهیچ شێوەیەک دەست نەبەن بۆ مەلەفی نەوت، بەڵکو وەها بکەن نەوت وەک خۆی بمێنێ و دەستکاری نەکرێ بۆ نەوەکانی ئاینندەی دابنێن.
حوکمەتی هەرێم مەلەفی نەوتی دابوە دەست کەسایەتیەکی مشەخۆر بەناوی ” ئاشتی هەورامی” کە هەرچی نەوتی هەرێم هەبوو دای بەتاڵان و خۆشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو.
لەکاتێکدا ساڵێک بەسەر وادەی ڕاپەڕینەکەی بەهاری 91دا تێ پەڕی بوو، وەک ڕۆژنامەنوسێک دەمەو ئێوارەیەکی مانگی 9ی 1992، سەرم لە نوسینگە تایبەتەکەی “عەلی بۆسکانی” دا لەبازاڕی عەسری سلێمانی، پاش بەخێرهاتنم داوای کرد چی دەخۆمەوە وتم چایەک دەخۆمەوە، تا کابرای چایچی چایەکەی هێنا، “عەلی بۆسکانی” ناو مێزەکەی دەگەڕاو دواتر مەلەفێکی گەورەی هێنایە دەرەوە،
+پێیووتم ئەزانی ئەمە مەلەفی چی یە؟
-وتم نەخێر نازانم دەبێ مەلەفی چی بێ..
+وتی ئەمە ناوی تەواوی ئەو دەوڵەمەندانەی هەرێمی کوردستانە کەخۆمان لە 19 کەس دەدەین کە ملێونێر بین داوامان کردوە لە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی کە بەپارەی خۆمان پاڵاوگەوی دەرهێنانی نەوت لەدەرەوە دەهێنین لەناوخۆی کوردستاندا چەند بیرە نەوتێک لێ دەدەین و نەوتی لێ دەردەهێنین تەنها بۆ ناوخۆی خۆمان تاکو هەموو ماڵی لەزستاندا مانگانە سەرو بەرمیل نەوتی پێ بدرێ و ناویشی نانێین وەزارەتی نەوت ؟
-وتم ئێ دواتر گەیشتن بەچی؟
+وتی هەر ئەم مەلەفەمان جوڵاند یەکسەر لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە، نەک هەر پشتیوانیان نەکردین، بەڵکو پێیان ڕاگەیاندین جارێکی تر دەست بەرن بۆ مەلەفی ئاوها خۆتان دەبیننەوە.
بۆیە پێی وتم ئێوە گەنجن، پێی ڕاگەیاندم کورد گەر بیەوێ بەمافە ڕەواکانی خۆی بگات، دەبێ لەبیرە نەوتەکانەوە دەست پێ بکات. یادی بەخێر “عەلی بۆسکانی” ساڵی دواتر شەهید کراو، دوای چەندین ساڵ دەستمان گیر بوو لە بیرە نەوتەکانی کوردستان، نەک دەوڵەتمان پێ ڕانەگەیاند ، بەڵکو جارێکی تر کردیانینەوە بە گەلی بن دەست لەناو دەوڵەتی عێراقی سەردەست..!