مەبەستی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ھەڵمەتی حیجابی زۆرەملێ و ژەهراویکردنی قوتابخانەكان چییە؟
بەپێی هەواڵی میدیاکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قوتابخانەی شارەکانی نەغەدە، ئەردەبیل، ورمێ، دیواندەرە، کەرەج، ئەهواز، سەقز، سنە ژەهراوی کراون. تێوەگلانی بەرپرسانی حکومەت لەم کارە پۆخڵ و نامرۆڤانەدا ئەوەندە ئاشکرا بووە کە ڕۆژنامەی حکومی ئینفورماسیۆن لە ژمارەی ٨ی نیسان نووسیویەتی: دەستی بەهێز لە پشت ژەهراویکردنەکەوەیە. نەتانگوت گیراون؟ کەواتە بۆ بەردەوام دەبێت؟”
دروستكردنی قەیران و ژیانی قەیراناوی یەكێكە لە تایبەتمەندییە سروشتییەکانی دەسەڵاتی بۆرجوازی و دەسەڵاتی ئیسلامی ئێرانیش بەدەر نییە لەم ڕاستییە. ئامانج لێی ڕاکێشانی بیر و مێشکی خەڵکە بۆ قەیرانە دەستکردەکانی حکومەت و هەروەها دوورخستنەوەی بیر و دەروونیانە لە مەسەلەی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی حكومەت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی هەلومەرجی ڕاپەڕین، بە تایبەتیش لە حەوت مانگ ڕابوردوەوە، ھێشتا لە ئێراندا دەکوڵێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستەشە حکومەت خۆی زەمینە بۆ تاوانی دژی کچان دەخوڵقێنێت و لە لایەکی تریشەوە سەرەڕای ئەوەی زۆرترین کەرەستەی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و نەهێشتنی ئەم تاوانە، بە شێوەیەک قورستری دەکات و چاوپۆشی لێدەكات.
حکومەت هەموو پڕوپاگەندە و هەڕەشەی جێبەجێکردن لە دژی ژنان ئەنجام دەدات و چەندین ئۆرگانی سەرکوتکاری بۆ دیاری دەکات، بەڵام ناشهێڵێت هیچ شتێك سەبارەت بە ژەهراویکردنی خوێندکاران ئاشکرا ببێت.
لە کۆتاییدا ئەوە ماوە بڵێم مەبەست لە گەرمکردنی پرسی حیجابی ئیجباری و درێژەدان بە ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی کچان، سەرقاڵكردنی خەڵكە و شاردنەوەی پرسی ڕاپەڕینە. حكومەت هەوڵ دەدات بە فووکردنی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک لە دژی ژنان کەشوهەوای تۆقاندن دروستبکات و لە هەمان کاتدا ترس لە دڵی بنەماڵەکان و خوێندکاراندا بچێنێت بۆ ئەوەی بەردەوامیی ڕاپەڕین ڕابگرن.
نووسینی: تونا حەمە نوری