پرسی ڕۆژ/ ڕادەستکردنەوەی نەوت بە عێراق، شکست بوو یان دەستکەوت؟ کامەران محەمەد وەڵامی پرسی رۆژ دەداتەوە…

0

کامەران محەمەد چالاکوانی مەدەنی وەڵام ئەم پرسەمان دەداتەوە.

ئەگەرچی هەر لەسەرەتای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن دوو حزبە خۆسەپێنەکەی هەرێم ( پارتی و یەکێتی) خەڵكانێکی زۆر ئەو هەنگاوەیان بە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك وەسف کرد و تەنانەت بە نادەستووریشییان لە قەلەمدا، بەڵام ئەو دوو حزبە بەبێ گوێدانە ئەو ئامۆژگارییانە، پێداگیرییان لەسەر دەست بەسەرداگرتنی نەوت بە ناوی ئابووری سەربەخۆ کردەوە! کێشەکە لە هەبوونی ئابووری سەربەخۆ نییە، و هیچ کەسێکیش لە هەرێمی کوردستان دژی ئەوە نەبووە هەرێم ئابوورییەکی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام زۆرینەی خەڵك لەسەر ئەوە کۆك بوون، کە ئەم دوو دەسەڵاتە مەبەستیان لەوە بووە  ئابوورییەکە سەربەخۆیان بێت نەك سەربەخۆ بێت! دیارە ئەنجامەکەش هەروا کەوتەوە، ئابووری هەردوو حزب گەیشتە کەشکەلانی فەلەك و میللەتیش سەرباری بێموچەیی، نزیکەی ٣٠ ملیار  دۆلار قەرزار بۆوە! بۆیە ئەگەر ئێستاکە خەڵك دڵخۆشە بەوەی ئەم ئابووریە زەبەلاحە لەم دوو حزبە بڕدراوە، لە ئەنجامی ئەو شێوازە مەفیاگەراییەی هەردوو حزبە لە بەتاڵانبردنی سەروەتی خەڵك و نیشتیمان! خەڵكی هەرێم بەگشتی بەیەک پرسیار وەڵام دەداتەوە! ئەویش ئەوەیە “ ئێمە لەپێناو چی  لە ژێر ناوی ئابووری سەربەخۆ بە ملیاران قەرزار ببینەوە؟!”
لەبارەی ئەوەی ئایا ڕادەستکردنەوەی نەوت شکستی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو یان دەسکەوت؟! من پێموایە هەموو کەسێکی هۆشیار تێدەگات  پارتی و یەکێتی بەجۆرێک دۆڕان، هیچ جیاوازییەکی نەبوو لە دۆڕانی بانگەشەی دەوڵەتە کوردییەکە! سەرەتا لە مەحکەمەی فیدڕاڵی دۆڕان و لەجیاتی داننان بە دۆڕانەکە؟ پێیان گوت “ مەحکەمەی سەورە”، دواتر لە مەحکەمەی فەرەنسا دۆڕان و ناچار تەسلیم بوون! بەڵام ئەمجارە نەیانتوانی و نەیانگوت مەحکەمەی سەورە! کە ئێستاکە دەڵێن ئەمە دەسکەوتە، ڕێک لە قسەی  قومارچییە دۆڕاوەکە دەچێت!

ڕەنگە ئەو قسەیە ڕاستییەکی زۆری تێدابێت، کە دەڵێن حکومەتی عێراقیش لێوان لێوە لە گەندەڵی، هەموو خەڵكی هەرێم و عێراق و ئەمەریکا و ناوچەکەش ئەو ڕاستییە دەزانێت، بۆیە دڵخۆشی خەڵكیش بەم ڕادەستکردنەوەیە لە ناهۆشیارییەوە نییە، ئێمە دەزانین تەسلیمکردنەوەی ئەم نەوتە بریتییە لە ئاڵوگۆڕێك لە دەستێکی نائەمینەوە بۆ دەستێکی دیکەی نائەمین، بەڵام دەستە پیسەکەی دووەم، لایەنی کەم  مووچەی خەڵكی هەرێمەکە دەدات و خەڵك ٣٠ ملیار دۆلار قەرزاربار نابێتەوە! بۆیە هەر دروشمێکی نەتەوەیی و هەر ختوکەدانێکی نەتەوەیی تێکەڵ بەو بابەتە بکرێت، بڵقێکی دیکەی سەر ئاوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.