لە پەراوێزی هێرشە درۆنیەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی: ئەوەی پارتی و یەكێتی لەسەر یەکتری بەیانیان کرد، سەرڕێژ لەڕاستییە..

0

٢٧ ی ئەم مانگە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هیرشێکی لە رێگای درۆنەوە کردە سەر فرۆکەخانەی سلێمانی و ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج کە ژمارەیەک بەرپرسی سوریای دیموکراتی تیابووە… وەکو دەوترێت هیرشەکە بۆسەر ئۆتۆمبیلەکە دەست پاریزی کردووە چونکە هاوکات لەگەڵ بوونی بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا، چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لەناو سەیارەکەدا بوون.

ئەوەی کە دوای هیرشە تیرۆریستیەکە روویدا لە خودی کردەوە تیرۆریستیەکە، ترسناک تر و کاردانەوەکەشی گەورەتر. لە کردەوە تیرۆرستیەکەدا کەس نەبووە قوربانی و زیانی مادی نەبوو، تەنها ئەوە نەبێت ئەوە هوشداریەک بوو بە یەکێتی نیشتیمانی کە چیتر هاوکاری ‌هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و سوری نەکات و سنوری خۆی بزانێت، بەڵام مامەڵەی پارتی و یەکیتی و بەرپرسە باڵاکانی لە ئاستی حزبی و حکومیدا، زۆر لەوە گەورەتر بوو… هەردوو لا هەرچی لە فەرهەنگی بزوتنەوەی کوردایەتیدا هەیە، بەرامبەر بە یەکتری بەیانیان کرد و یەکتریان بە نۆکەر پیشە، نابەرپرس، خزمەت بە ئەجندای دەرەکی، جاسوس، نائەمن و نائارم کردنی کۆمەڵگە، دژایەتی خەڵکی کوردستان تۆمەتبار کرد.

دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە کوردستان دەبێتە مەیدانی کردەوەی تیرۆریستی وڵاتانی ملهوری ناوچەکە و لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان و مەیدانێک بۆ ململانێی هیزە ناوچەییەکان. هەروەها ئەوە یەکەمین جاریش نییە، کە هێزە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان لە کردەوەو ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە دەکەن و چاوساغی و بۆ کردەوە تیرۆریستیەکانیان دەکەن. بەتایبەتی ئەوەندەی بە کردەوەی رفاندن و تیرۆریستی دەگەڕیتەوە، بێ چاوساغی و هاوکاری نۆکەرەکانیان ناتوانرێت ئەنجام و بدرێت و بەئاکام بگات. خودی پارتی و یەکێتیش گەواهی ئەو نۆکەر پیشەییەی یەکتری دەدەن و رای دەگەیەنن، بەڵام رۆڵی پارتی و یەکێتی هەر گێرانی دەور و چاوساغی بۆ وڵاتەکان نییە، بەڵکو عادەت پیشەیی و خۆشخزمەتیان بۆتە ناسنامەی بوون و مانەوەیان. بۆتە رێگایەک بۆ راگرتنی باڵانس و کەناڵێک بۆ كیبەرکێیان لە هەرێمدا.

هێج بڕگەو دەورە و ویستگەیەک لە مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتیدا نییە کە باڵەکانی ئەم بزوتنەوەیە خۆیان بە وڵاتێکی دژە خەلکی کوردستان و بلۆکیكی ناوچەیی و جیهانیەوە گرێنەدابێت و نەبوونە جێ بەجیكاری سیاسەت و نەخشەکانیان و دژایەتی کردنی ئۆپۆزیسیۆنی و بزوتنەوەی رادیکاڵ و شۆرشگێرانە و ئازادیخوازانە.

بۆیە ئەوەی لە ٦٦ روودەدات، لە ٧٤ پیش دێت، لە ٨٨ دوبارە دەبێتەوە لە ٩١ دەمەزەرد دەکرێتەوە،  ٣١ ئاب پیش دێت، ١٦ ئۆکتۆبەر دەبێ ملۆزم…تاد، هیچ نییە جگە لە خستنەرووی خول خواردنی بزوتنەوەی کوردایەتی لە فەلەکی نۆکەر پیشەیی و پشت بەستن بە دەوڵەتە ملهور و کۆنەپەرستەکان.

ئەوەی سەرانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ روداوەکان و پیشهاتەکان و ئاڵوگۆرەکان یان لە ململانێی ناوخۆیاندا لەسەر کیشەیەک بەرامبەر بە یەکتری بەیانی دەکەن، لێوان لێو لەراستییە… عادەت پیشەیی و خۆشخزمەتی بەرجەسترین تایبەتمەندی پارتی و یەکێتی و سەرجەم هیزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە.

 ئەوەی جێگای رامان و پرسیارە ئەوەیە هۆکار چییە، ئەم روداوەی فرۆکەخانەی سلێمانی وا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو یەکێتی و پارتی کیشایە شەرێکی راگەیاندنی بەربڵاو و بەرین؟ جیا لەوەی مەزولم عەبدی و چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لە سەیارەیەکدا بوون و هیرشەکە بۆ سەر فرۆکەخانە بووە کە پیشتر لەلایەن تورکیاوە گەشتەکانی راگیراون… هۆکارەکەی ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی دەسەڵات بەدەستی هەرێم، توشی ئەزمەو بێ ئاسۆیەکی کەمەر شکێن بوون. لەبەرامبەر بە بەغدادا خەریکی مل کەچکردنن و هیچ کارتێکیان بەدەستەوە نەماوە و تا دیتیش هەژموونی ناوەند دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و حقوقی دەستوریان بەرتەسک و بەرتەسکتر دەکاتەوە، ئەمریکا و غەرب بە ئاشکرا سەرزەنشتیان دەکەن و دەستی هاوکاری و پشتیوانیان کەم و کەمتر دەکەنەوە… وڵاتانی ناوچەکە هیندەی روویان لە بەغداو مامەڵە لەگەڵ ناوەندە هیێندەش لە دەسەڵاتی هەرێم دوور دەکەونەوە. لە ئاستی ناوخۆییدا لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوانی جەماوەری بەرەو ڕوون. کارنامەی خۆیان لەدەسەڵاتدا لەهەموو زەمینەیەکدا روو بەشکست و ناکامییە… گەندەڵی و تاڵانی و دزی ئاشکرای دەسەڵات و بنەماڵە و قلشتی چینایەتی هیندە بەرین بۆتەوە لەلایەکەوە نوخبەیەکی سیاسی و بنەماڵەیی کردۆتە ملیاردیر و ملیۆنیر و لەبەرامبەردا هەژار و گرانی و برسێتی و نەبوونی و بێکاریی روو لە هەلکشانێکی یەکجار زۆرە. هەموو ئەمانە ریزەکانی بۆرژوازی کوردی بە جۆرێک پەرش و بڵاو کردۆتەوە کە پیکەوە لکاندنەوەو ریک کەوتنەوەیان لە مەحاڵ نزیکترە و خەریکی پیلان لەیەک گێرانن… ئەمانە هەموویان هۆکاری ئەوە هیرشە میدیایەن کە پارتی و یەکێتی بەداوی روداوی فرۆکەخانەکەدا، بەدەستیانەوە گرتووە. دیارە هەر روداو پیشهاتێکی تر بەهەمان شیوە پارتی و یەکێتی بەگژ یەکتریدا دەکات و شەپۆلی جەنگی میدیایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەیەکتری دوریان دەخاتەوە. جەنگی سەرەکی هەردوو هیزەکەش دوور و نزیک لەسەر خواست و کیشەکانی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو بە نیشانەگرتنی جەماوەری بیبەشی کوردستان و خوست و ویستە ئابوری و سیاسییەکانیانە.

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.