ئەنفال تاوانی دوو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی! … نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

ڕۆژی١٤ /٤ ی هەموو ساڵێک یادی ئەنفال کردنی ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کوردستانە کە بەبێ دەست پاراستن لە پیرو لە ژن و لەگەنج و لە مناڵ لە لایەن ڕژێمی فاشیستی بەعسەوە لە ساڵەکانی هەشتاکاندا ئەنجامی داوە .

ئەنفال وکیمیابارانی خەڵکی کوردستان لە لایەن ئەو ڕژێمە ناسیونالیستەی بەعسەوە وەک جینۆسایدی ئەم خەڵکە هەرگیز لە بیر ناکرێت.

کارەساتی ئەنفال لەسەر بنەمای ئایەتێکی قورئان ئەنجام دراوە کە ناوی ئەنفالە، ڕوو بەو کەسانە ئەنجام دەدرێ کە موسڵمان نین، حکومەتی دڕەندەی بەعس سوودی لەم ئایەتە بینیوە.

ساڵەکانی هەشتاکان شەڕی ئێران و عێراق لە ئارادا بوو کەدەکرێ تاوانی ئەنفال وەک یەکێ لە تاوانە گەورەکانی ئەم جەنگە ئەژمار بکرێ هەروەک تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە .

لەو جەنگەدا هێزی چەکداری حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان و ئیسلامیەکان لەبەرەی ئێراندا وەک کەواسووری بەرلەشکر بەشداریان کرد دژ بە سوپای حکومەتی ناسیۆنالیستی بەعس.

سوپای پاسداری ئێران و پێشمەرگە پێکەوە دەچوونە شاروشارۆچکەو گوندەکانی کوردستان بەدوای ئەوەدا حکومەتی فاشیستی بەعس بەعیشوائی خەڵکی ئەو شوێنانەی بە زیلی عەسکەری دەگواستەوە بۆ باشوری عێراق بێ ئەوەی پاسدار و حیزبەکانی کوردایەتی  بەرگری لەو خەڵکە بکەن.  هەروەک چۆن ئەم حیزبانە بەرگری یان لەخەلکی هەڵەبجە نەکرد لە ١٩٨٨ و هەروەک چۆن بەرگریان لەخەڵکی کوردستان نەکرد لە کۆڕەوەکە لە ١٩٩١ و هەروەک چۆن بەرگریان لەخەڵکی شەنگال نەکرد، هەروەک چۆن بەرگریان لە خەڵکی کەرکوک و توزخورماتو نەکرد .

تاوانی ئەنفال ڕووی لەسەر هەموو ئەوانە هەڵماڵی کە بە ناوي دیموکراتی ومافی مرۆڤ و ئیسلامەوە پروپاگەندەی بەزەیی ومرۆڤ دۆستیان دەکرد .

بێ دەنگی ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپاو سۆڤیەت و ئەوروپای ڕۆژهەڵات و چین و یابان و وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی  و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆنگرەی ئیسلامی و جامعەی عەرەبی لە بەرانبەر ئەم تاوانەی سەدام و بەعسیەکاندا لەو کاتانەدا نیشانی دا هیچکام لەوانە پەیوەندیان بە مرۆڤ دۆستی و مرۆڤایەتیەوە نەبووە .

ئەمانە هەموو ئەمڕۆش هەمان پروپاگەندەی درۆزنانە دەکەن، بەڵام هەموویان لەگەڵ سیستەمی قازانج پەرستانەی سەرمایەداری هاوڕێ و هاوکارو هاوبەرژەوەندن، بۆیە ناکرێ چیتر پشت بەمانە ببەسترێ و پێویستە خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان خۆشباوەڕ نەبن پێ یان .

سەرجەم ئەمانەو دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و حیزبە قەومی وئیسلامیەکان بەشدارن لەم تاوانەدا.

بەلگەش بۆ ئەمە کەسوکاری ئەنفال کراوان لە پاش ٣٥ سال بەسەر ئەو کارەساتەدا بێ بەشن لە ژیانێکی شایستە بە ئینسان لە ڕووی مووچەو خزمەتگوزاری وقەرەبووی زیان کەوتوانەوە.

تەنها هێزێک ئەتوانێ بەرگری لە خەڵکی بکات ئەویش هێزی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکیشان وخەڵکی مرۆڤ دۆست وئازادیخواز ویەکسانیخوازە. بەیەکگرتووی ئەم هێزە دەکرێ ژیانێکی شایستەش بەمرۆڤ بۆ قوربانیانی ئەنفال بەدەست بێت. ئەگەر ئەم هێزە هۆشیارو ڕێکخراو بێت دەکرێ بە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین و شۆڕش پاشەکشە بەو دوژمنانە بکەن کە تاوانبارن و تا ئاستی ئەوەش ڕایانماڵن لەدەسەلاتی چەوسێنەرانەیان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تر کە بەژەوەندی سەرجەم چین و توێژە ستەملێکراوەکان پارێزراو بێت .

****

Leave A Reply

Your email address will not be published.