لە حەوتەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی بۆپێشەوەدا، ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند و سیاسی …. بۆچوون و  سەرنج و  پێشنیاراتی خۆیان دەخەنە ڕوو… عەلی محەمەد ئەمین (نووسەرو ڕۆژنامەنووس):

0

  سەرەتا بە بۆنەی حەوتەمین ساڵی دەرچوونی بڵاوکراوەی (بۆپێشەوە) وە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و دەستی ماندووبوونتان دەگووشم، سوپاستان دەکەم کە ئەم دەرفەتەتان بۆ ڕەخساندم تا بە پێی توانا سەرنج و تێبینی خۆم لەسەر بڵاوکراوەکە بدەم و چەند پێشنیارو داواکاریەک بخەمە ڕوو ….

لە ڕاستیدا (بۆپێشەوە) ژمارە دوای ژمارە هەندێ پێشکەوتنی بەخۆیەوە دیوەو گۆرانکاری بە ئاراستەی باشتربوون و کاریگەری زیاتر تیایدا ڕوویداوە، وێرای ئەمەش بەردەوام لە کات و ساتی بڕیاڕدراوی خۆیدا دەرچووەو هەوڵی داوە وەک بڵاوکراوەیەکی سۆشیالیستی خۆی بە خوێنەران بناسێنێ و لەم نێوەدا دەنگ و ڕەنگی  ئازادیخوازانێکیش بەیان کات کە ئومێدو ئامانجیان بە ڕەوتە ناسیونالیست و کۆنەپەرستەکانەوە نەبەستووە، بۆ ئەمەش هەندێک دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ ژمارەیەک لە نووسەر، با حیزبیش نەبن، بیروبۆچوونی خۆیان لە دوتوێی لاپەڕەکانیدا بخەنەڕوو، هاوکات ئەوەش باشە کە بابەتەکان جۆراوجۆرایەتیەکیان پێوە دیارە، بەو مانایەی کە بابەتی سیاسی و فیکری و ئەدەبی و هونەری …. لەخۆگرتووە.

بۆ ئەوەی (بۆ پێشەوە) وەک ناوەکەی بۆپێشەوە هەنگاوی زیاتر بنێ و کاریگەری بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی  خەباتی زۆرلێکراواندا دابنێ و ئاسۆو ئامانجی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووخوازەکان ڕوونتر دەرخا، باشتر وایە کە زیاتر پێداگیری لەسەر بەرەوپێشچوونی خۆی بکاو بەپێی گۆرانکاری بارودۆخەکان و پێداویستیەکانی،  گۆرانکاری زیاتر لە خۆیدا بکا، ئەویش بەوەی هەوڵبدا هەرچی زیاتر ببێتە زمانحاڵی بزووتنەوەی یەکسانیخواز و ئازادیخواز، بەو واتایەی زمانحاڵی یەک ڕەوتی سیاسی حیزبی بچوک و بەرتەسک نەبێ و وەهای لێبێت بۆ بڵاوکردنەوەو  خوێندنەوەش، نووسەران و تێکۆشەران خۆیان ڕوو لە (بۆپێشەوە) بکەن و بە مینبەری دەنگ و ڕەنگی خۆیانی بزانن، هەروەها هەوڵبدرێت کە بابەتی فیکری ڕوون و بەهێزی تێدابێت، نەک هەر ئەو بابەتە فیکری و تێوریانە کە بیرمەندانی ڕێبازەکە چەندین ساڵ پێش ئێستا خستوویانەتە ڕوو، هەموو دەزانین تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەو بیرو بۆچوونانەدا و کەڵەکەبوونی ئەزموونی زیاتر و گۆڕانکاری زۆر لە بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی و عێراق و کوردستاندا لە زۆر ڕووەوە، دەخوازێ کە بۆچوون و تێگەیشتنی نوێ بخرێتە ڕوو، هەروەک وتراوە بیروباوەڕەکە  بەستەڵۆک نییە، بەڵکو ڕێبەری کارکردنە، با بۆپێشەوە ئامێزی خۆی واڵاکات بۆ سەرنچ و تێبینی و پێداچوونەوەو ڕەخنەی بنیاتنەرانە و ڕاڤەو شیکاری نوێ بۆ بارودۆخی هەمەلایەنەی  سیستمی  ئێستای سەرمایەداری چۆنێتی بەگژداچوونەوەی…، لەم نێوەدا ئەگەر بابەتی وەرگێڕدراویش لە زمانەکانی ترەوە هەبێت زۆر باشە، بەڵام بە زمانێکی سادەو ڕوون، ئەم زمانی سادەو ڕوونە، با لە بڵاوکردنەوەی هەموو بابەتەکاندا، بەهەند وەربگیرێ، تا هەموو خوێنەرێک بە ئاسانی لە واتاو پەیامی بابەتەکان بگات، خۆ ئەگەر پێویست بکاو دەسبکەوێت، لەگەڵ بابەتەکاندا جگە لە وێنەی نووسەر وێنەی بەڵگەنامەیی یاخود کاریکاتێری …. دابنرێ، هەروەها بە پێویستیشی دەزانم هێندە ناوی چەند کەسانێکی نووسەر، باحیزبیش بن و لە پلەو پۆستی باڵاش دابن دووبارە و سێ بارە نەبنەوە، ئاگەر هەر زەرورەت پێویستی کرد نووسەرێک دووبابەتی هەبێ، با هەمووی بە ناوی خۆیەوە نەبێت، هەروەها هەوڵبدرێت وتارو بابەتەکان دووربن لە مەیلی ئیرادەگەری بێ ڕەچاوکردنی بارودۆخ و یاری بە دروشم و داواکاری و ئارمان و ئامانجەوە نەکرێت و بابەتەکان داڕشتن ئاسا  نەنووسرێن و بڵاونەکرێنەوە…

هەر ئێستاکەش وەک هەموو دەزانین، بە هۆی سیستمی حوکمڕانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوەو بە هۆی کارو چالاکی فریودەرانەی لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانەوە، خەڵکێکی زۆر بێ ئومێد بووە، وێرای بێ ئومێدیش کە زیانبەخشێکی مەترسیدارە، بارودۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک خەریکە مۆری تاوانکاری لە تەوێلی حیزبی بەعسی ڕوخاو وسیستمە دیکتاتۆریەکەی دەسڕێتەوەو هەندێک مژدەی گەڕانەوەی پاشماوەکانی ئەو ڕژێمە نەگریسە ئەدەنەوە، هەندێکیش بە شێوازی حوکمڕانی ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی ناوەندا هەڵئەدەن و پێیانوایە ئەگەر دەسەڵاتی هەمەلایەنە بچێتەوە دەست بەغدا، بارودۆخەکە بەتەواوی باش دەبێت، لەم نێوەدا بە دروستی دەزانم  ئەم بڵاوکراوەیە هەوڵی گێرانەوەی هیواو ئومێد بۆ خەڵکی زۆرلێکراو بگەڕێنێتەوەو بابەتەکانی بە ئاڕاستەی هەرچی زیاتر رسواکردنی هەموو ئەوانە بکا کە مێژووی دەسەڵاتدارێتیان پڕە لە تاوان و بەهەدەردانی سەروەت و سامان و نادادوەری و سەرکوتی ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان.. لەکۆتاییدا دەڵێم با بابەتگەلی زۆرترو جۆراوجۆرتر لە دووتوێی لاپەڕەکانی بۆ پێشەوەدا پەخشکرێ و بابەت لەسەر زۆڕێک تەنگ و چەڵەمەو بزووتنەوە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان بڵاوبکرێتەوە و جگە لە بزووتنەوەی کرێکاران، بزووتنەوەکانی ژنان و خوێندکاران و لاوان و جوتیاران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان … بەسەر بکرێنەوەو باس و خواسیان بەشێوەی جۆراوجۆر لەسەر بڵاوبکرێنەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.