دیموکراسی لەسایەی سەرمایەداری و لیبرالیزمەکەیدا چی بەسەرهاتووە…

0

لە ڕۆژی دووشەمە 27/3/2023 کۆمەڵکوژییەکی تر لە ئەمریکا ڕویدا، کە کەسێک بەچەکەوە چووە قوتابخانەیەکی سەرەتایی و لە شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنەسی، شەش کەسی کوشت، کە سیانیان منداڵی 9 ساڵان بوون و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و دوو کارمەندی تریش کوژران. هەفتەیەک دوای ئەم ڕوداوە لە ڕۆژی دووشەمە 3/4/2023 قوتابیان و دایک و باوکان و هەندێ لەخەڵکی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد لەبەردەم پەرلەمانی ئەو ویلایەتە لە دژی ئەم تاوانە و داوای کۆکردنەوەو  کۆنترۆڵکردنی چەکیان کرد. دوو ئەندامی پەرلەمانی ویلایەتی تێنەسی کە لە ڕەش پێستەکان بوون بە ناوەکانی (جەستن جۆنسن و جەستن پییەرسۆن) لەگەڵ ئەندامێکی تردا کە ژنێکی سپی پێست بوو بە ناوی (گلۆریا جۆنسن) چوونە ناوخەڵکەکەوە و پشتیوانی داواکاری خۆپیشاندەرانیان کرد.

پەرلەمانی ویلایەتی تێنەسی کە بەدەست کۆماریخوازەکانەوەیە، لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەمە 6/4/2023 دا بڕیاری دا و هەر دوو پەرلەمانتارە ڕەش پێستەکە لە پەرلەمان فەسڵکران (دەرکران) کە سەر بە حیزبی دیموکرات بوون. سەرنجڕاکێشییەکی تر ئەوە بوو کە پەرلەمانتارە سپی پێستەکە (گلۆریا) هەر چەندە وەک ئەوان چووبووە ناو خۆپیشاندەرانەوە و پشتیوانی داخوازی خۆپیشاندەران بوو، بڕیاری دەرکردنی بۆ دەرنەچوو.

تا ئێستا لەم ساڵی 2023 یەدا تا کۆتایی مانگی ڕابردوو (مارس) ئەمە کۆمەڵکوژی ژمارە 134 و تا ئێستا لەم سێ مانگەدا 196 کەس کوژراون و 470 کەسیش بریندار بووە. وە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا (2022) ژمارەی تەقەکردن و کۆمەڵکوژیەکان 647 بوو، کە 44 هەزار کوژراوی لێکەتەوە. ئەوەی لە ئەمریکادا دژی قەدەغەکردن و کۆنترۆڵکردنی چەک و تفەنگە، کۆمپانیای (ناشناڵ ڕایفەڵ ئەسۆسیەیشن)ە، کە کورتکراوەکەی (ئێن ئاڕ ئەی)یە کە لە ڕێگەی فرۆشتنی هەموو جۆرەکانی چەکەوە، ساڵانە سەرمایەیەکی خەیاڵی کەڵەکە ئەکات. ئەم کۆمپانیایە تەنها لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020ی ئەمریکادا  250 ملیۆن دۆلاری سەرف کردووە و وەک بەرتیل داویەتی بە کاندیدەکانی ئەندامانی پەرلەمان، تا پشتیوانی هیچ بڕیارێک لەدژی قەدەغەکردنی چەک نەکەن.

ئەوەتە لەسایەی سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراسییە بۆش و بێناوەڕۆکەکەیدا کە لیبرالەکان خۆیانی پێوە بادەدەن، کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیاکان بەنرخترە لە ژیانی ساڵانە چل هەزار کەسی بێگوناهی ئەمریکا. لەسایەی دیموکراسی سەرمایەداریدا ئەوە دەنگدانی خەڵک نییە کە ئەندامان بۆ پەرلەمان ئەنێرێت، بەڵکو دۆنەیشن و پارەی بەرتیلی کۆمپانیاکانە کە بڕیاردەدات کێ دەنێرن بۆ پەرلەمان تا یاساکان لە بەرژەوەندیان دەربکەن و هەرگیز بڕیار لە دژیان نەدەن. ئەوەتە لە پەرلەمانی ویلایەتی تێنەسی گاڵتەجاڕی دیموکراسی لەسایەی سەرمایەداریدا دەردەکەوێ و دوو هەڵبژێردراوی خەڵک دەردەکەن و هیچ حیسابێک بۆ دەنگی دەنگدەران ناکەن.

نمونەکان بۆ پیشاندانی بێ مانایی دیموکراسی لەسایەی سیستەمی سەرمایەداریدا لە ژمارە نایەن. ڕیپێرت مێردۆک کە ملیاردێرێکی جولەکەی ئوسترالییە و خاوەن گەورەترین میدیا جۆراوجۆرەکانە لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا، لە هەر یەکێک لەم وڵاتانە لە کاتی هەڵبژاردندا پشتیوانی هەر حیزبێک بکات، ئەو حیزبە ئەیباتەوە. وە دژایەتی هەرکەسێکیشی کردبێ، نەیهێشتوە لە هەڵبژاردندا دەربچێت، چونکە بەردەوام میدیا عیملاقەکانی پشتیوانی کێ بکات ئەوە براوەیە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە سەرمایەداران چۆنیان بوێت دەنگی دەنگدەران ئاڕاستە ئەکەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریئەهێنن. واتە لەم سێ وڵاتە تەنها دەنگی ڕیپێرت میردۆک هێندەی ملیۆنەها دەنگی کەسی ئاساییە و ئەو بەتەنها ئەتوانی بڕیاربدا کە کێ براوەیە. لە ساڵی 1996دا تۆنی بلێیەر هەموو حکومەتە سێبەرەکەی هێنا بۆ ئاسترالیا و لە سیدنی لە ئۆپرا هاوس، کۆبوونەوەی لەگەڵ (ڕیپێرت مێردۆک)دا کرد و پشتیوانی ئەوی بەدەستهێنا و هەلبژاردنی بردەوە و دواتریش بوو بە یەکێک لە حکومەتە باڵ ڕاستەکانی مێژووی بەریتانیا.

عامر سابیر

11 ئەیپرڵی 2023

Leave A Reply

Your email address will not be published.