”هەشتی ژن!!“

0

جا ئەڵێن کابرا شەلم کوێرم ئەنووسێ، ئاخر ئەی ئەگەر نەنووسم چیبکەم، جارێ ئەوە لە داخی ساویلکەیی و داماوی ژنی کورد!! مەگەر قوڕی دنیا بگرینەوە..

کابرایەک هەیە، به حساب شاعیرێکی تا ڕادەیەک ناوداری پایتەختی ڕۆشنبیریە و چەند شیعرێکیشی لە قۆناغی سەرەتایی خوێندندا ئەخوێنرێن، ڕۆژانە خەریکی کۆڕی شیعر و شتە، هەوادارانیشی سێ بەشیان ژنانی خۆشباوەڕ، خەوخۆش، چەپڵەوەشێنن، ئێ مەعلومی هەموو لایەکیشە شاعیر و نووسەر و مووسەر و شتیوا، ئەبێ زمانزانێکی باشبێ، تەنانەت نابێ لە زمانی بازاڕ و کوچە و کۆڵانانیش بێخەبەربێ..

ئا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، کاکەی شاعیر وەک خەمخۆرێکی سەرسەختی ژن، سەروگوێلاکی چەندین وشە و نیوەدێڕی بۆ هەشتی مارس هەڵپاچیبوو..

وەختێ پۆستەکەیم بینی، لە سەری سەرەوە دەستەواژەی (8ی ژن)م کەوتە بەرچاو، تۆمەز باوانێکتە شیعرەکەی ناونابوو هەشتی ژن!

لە کۆمێنت هیچم نەنووسی، وتم ڕەنگە بەسەریا تێپەڕیبێ، بۆیە چوومە مسنجێر، نووسیم:

ــ “کاکە ئەو ناونیشانە بگۆڕە”

ــ “بۆچی؟!”

ــ “ببوورە کاک فڵان، یەعنی تۆ نازانی لە کوردەواریدا، بە تایبەت لە باشور، ژمارە هەشت ئاماژەیە بۆ ئەندامی مێینەی ژن، پێنج بۆ کۆم و یەکیش بۆ ئەندامی نێرینەی پیاو؟!”

کەچی لە وەڵامدا هەستم بە لوتبەرزی و غرورێکی تۆکمەی ئەو شاعیرە کرد، وەختێ نووسی:

ــ “سوپاس، خەمت نەبێ من زۆر لەوە گەورەترم عاجزبم لە ڕەخنە، پێویستیش ناکا بڵێی ببوورە، ئێستا ناونیشانەکە ئەگۆڕم”

سەیرتر لە هەمووی، چەندین خانم لەسەر ئەو هەشتی ژنە، یەک دنیا دەستخۆشی و ئیمۆجی دڵ و گوڵ و ستایشیان بۆ ناردبوو!

نووسین: ئارام حەسەن

Leave A Reply

Your email address will not be published.