کێبەرکێی ڕاستڕەوی لە ئەوروپا! سەرنجێک لە هەڵبژاردنی فینلەند! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ڕاست وچەپی بۆرژوازی لە فینلەند لە پێشبڕکێی ڕاستڕەویەکی بێوێنەدا منەتی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکی تریان بە گەردنی چینی کرێکار وهاوڵاتیانی فینلەندەوە هەڵواسی. خەسڵەتی ئەم هەڵبژاردنە پێشبڕکێی ڕاستڕەوییەکی ترسناک بوو لە نێوان ڕاست و چەپی بۆرژوازیدا. بەم مانایە تەنانەت ئەگەر فراکسیونی حیزبە چەپەکانی بۆرژوازیش لەم پێشبڕکێیە براوە بوونایە بڕیار بوو هەمان ئەجێندای ئەمڕۆی بۆرژوازی، ئەجێندای توندکردنەوەی ڕاستڕەوی لە کۆمەڵگە لە دژی چینی کرێکار و بەشەرییەت پیادە بکات. ئیتر ڕاست و چەپی بۆرژوازی پێویستیان بە مراعاتکردنی ئەو موجامەلانەی پێشوو نییە بەرامبەر بە ژیان وگوزەرانی چینی کرێکار و هاوڵاتیان.

هەرچەندە ئەم ڕاستڕەویە بێپەردە وگەورەیە کە سەرتاپای دژی عەدالەتخوازی تائێستایە، هەناسەی لە سینەی هەر مرۆڤێکی شەریفی دنیای ئەمڕۆ دا بەند کردوە، بەڵام دەگوترێ قەیدی چییە ئەمە باجێکە کە بەشەرییەت لە پای چاکە و کەڵکەکانی دیموکراسی دەبێ بیدا. قەیدی چییە با هەر چینی دارا بتوانێ ملهوڕترین هێز و نەنگینترین ئەجێنداش بکاتە بژاردە و ئەمری واقیع، بەڵام پێویست بە نیگەرانی ناکا. چونکە دیموکراسی هەر خۆی تەمرینی تەحەمولکردن ویەکتر قبوڵکردن و قبوڵکردنی شکست وسەرکەوتنی هێزی نەیارە و دواجار دیموکراسی باشترین میکانیزمە بۆ چاککردنی کەموکوڕیەکانی خۆی. نیگەرانی ناوێ مەگەر دیموکراسی دوا شێوەی مافی بەشەر بۆ دەخالەت لەچارەنوسی  سیاسی خۆیدا نییە؟

بۆ کەسانێک کە ئەم دنیایە و ئازادی و ئیختیاری مرۆڤ لە سوژنی ئەم ئیدیۆلۆژیای باوی چینی دەسەڵاتداری دنیای ئەمڕۆ وە دەبینین، لەوە ئاسایی ترنییە کە دیموکراسی و ئەم دیکتاتۆریەتە بە دوا سنوری ئازادی و باڵاترین ئاستی ئازادی و مافی هاوڵاتی دنیای ئەمڕۆ بزانن بۆ دەخالەت لە ژیانی سیاسی و ئابوری خۆی. لەوە ئاساییتر نییە ئەوە بەسەرو زیاد بزانن کە هاوڵاتی دنیای ئەمڕۆ هەر چوار ساڵ و دوساڵ جارێک چارەنوسی خۆی و کۆمەڵگەکەی ڕادەستی نوێنەرانی ڕاست و چەپی چینی دسەڵاتداری دنیای ئەمڕۆ بکات. لە جیاتی ئەوان بڕیاری جەنگ و وێران کردن بدەن، لە جیاتی ئەوان وبەناوی ئەوانەوە نان و ژیان و ئاسایشی ژیان وێران بکەن. یوغسلافیا و عێراق و لیبیا و سوریا و تاڵیبان و قاعیدە و هتد بخوڵقێێنن.

بەڵام بڕیار نییە پڕۆلیتاریا و هاوڵاتی دنیای ئەمڕۆ تەنیا لە سوژنی ئەم ئایدیۆلۆژیا باوەی چینی دەسەڵاتدارەوە سەیری ئازادی و مافی خۆی بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی و کۆمەڵگەکەی و بەشی خۆی لەژیان بکات. هەرچەندیش چەپی شەیدای فەزیلەت و چاکەکانی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم له بابی خێروبەڕەکەتەکانی ئەم جۆرە دەرک و تێگەیشتنەی چینە دەسەڵاتداری دنیای ئەمڕۆ فەلسەفەڕێسی بکا، ئیتر چارەی واقیعی دیموکراسی لەوە ئاشکراترە کە بکرێ وەک دوا شێوەی ئازادی و مافی هاوڵاتی دنیای ئەمڕۆ بۆ دەست هەبوون لە ژیان و چارەنوسی سیاسی خۆی قبۆڵ بکرێ.

هەر ئێستا میلیۆنان کرێکار و هاوڵاتی لە دەرەوەی ئەم  دیموکراتییە پەرلەمانییە بە ڕاست و چەپیەوە، لەسەر جادەن و بۆ بەرگری لە ژیان و نان کەرامەتی خۆیان شەڕی پۆلیس و سەگ و ئەسپی ڕاهێنراو و گۆپاڵ بەدەستی ئەم دنیا دیموکراتە دەکەن. هەر ئەم خەباتە چینایەتیە کەلەدەرەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن کە وای کردوە ئاستێکی دیاریکراوی عەدالەتێکی زۆرتر هەبێ، ماف وحورمەتێکی زۆرتر بەرقەرار بێت. مافی مانگرتن و ڕێکخراو بوون هەبێ، هاوڵاتی مافی دەربڕین و گوزارشت لە خۆکردنێکی زۆرتری هەبێ.

لە دەرەوەی سنورەکانی ئەم پەرلەمان و خۆهەڵکێشانەی دیموکراسی، تەنانەت ئەو ئاستەی ئێستای عەدالەت و ماف و ئازادیش بە زۆری چینی کرێکار و بزوتنەوە ڕادیکاڵەکانی ئەم چینە و سۆشیالیزمی پڕۆلیتێری و لە زۆربەی کاتدا بە شێوەی جیاواز لەوەی کە دیموکراسی بۆرژوایی سنوری بۆ کێشاوە، بەدەستهاتون و گۆڕاون بە ستانداردی قبوڵکراوی دنیای ئەمڕۆ. چەپی دژی ئیستیبداد و دواکەوتوی شەرق و ئەوانەی کە لە ڕێگەی پرتەوبۆڵەی دیموکراتیکەوە هێشتا چاوەڕوانی ئەوەیان لە هاوڵاتی دنیای ئەمڕۆ هەیە کە هێشتا پێویستە زۆرتر تەمرینی تەحەمول و بوردەباری دیمکراتیک، بکەن، لە بنەڕەتەوە خۆیان بەشێکن لەم پڕپوچە چینەداراکان و هەزاران فرسەخ دورن لە مەسەلەی ئازادی واقیعی مرۆڤ لە دنیای ئەمڕۆ. بەشێکن لە قوربانیانی پەرپوتی ئەم دنیایە.

هەڵبژاردنی فینلەندا و ئاکامەکانی وەک دەیان هەڵبژاردنی دنیای ئەمڕۆ، لە بەستەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕوویدا کە بۆرژوازی پێویستی بە ڕێکخستنەوەیەکی ڕاستڕەوانەی سەرمایە و بازاڕ و چەوسانەوە هەیە و پێویستی بە ئابوری هێزی کاری هەرزانتر هەیە و  ئەم ڕێکخستنەوە ڕاستڕوانەیەش تەنیا لەڕێگەی ئەو هێزو بزوتنەوە بۆرژواییانەوە ئیمکانی هەیە کە بۆ داسەپاندنی ئەم  هەلومەرجە بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگە ئامادەن بە قودرەتەوە بچنە پای جەنگێکی چینایەتی گەورەوە. پەیوەندی هێزەکانی چەپ و ڕاستی بۆرژوازی هەرچیەک بێ، ئەو هەلومەرجە پێمان دەڵێ کە ئەم جۆش و خرۆشی ڕاستڕەویە لە کەمپی بۆرژوازیدا، چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش بە ناچار ڕادەکێشێتە ناو خەبات و کێشمەکێشێکی چینایەتی بێ ئەمانەوە لەسەر ژیان و ئازادی و موقەدەراتی خۆی، نەک هەر لە فیلەندا بەڵکو لەسەراسەری قارەی ئەوروپا. وە سەرەنجام ڕادیکاڵیزمی بۆرژوایی بە ناچار لەگەڵ خۆیدا ڕادیکالیزم کرێکاری و ئەو گوتار و باوەڕەی کە ئیتر چوارچێوەی ئەم تەمرینە دیموکراسیەی چینی دارا، پڕۆلیتاریا و هاوڵاتی دنیای ئەمڕۆ جگە لە هەناسە ساردی و شکست هیچی تری بۆ نامێنێتەوە، دێنێتەوە ناو مەیدانی ئەم جەنگ و کێشمەکێشە.

٣/٤/٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.