کۆمۆنەی پاریس، یەکەم حکومەتی کرێکاری لە جیهاندا!… وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە: تونا حەمە نوری

0

ڕۆژی شەممە ١٨ی ئازار ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆمۆنەی پاریس بوو، کە یەکەم حکومەتی کرێکاری جیهان بوو لە فەرەنسا. کۆمۆنەی پاریس ڕووداوێکی کتوپڕ نەبوو، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ١٨٤٨ تا ١٨٥١ بووە، کە خەباتی بەربڵاوی کرێکارانی لە هەموو وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا لەخۆگرتبوو، هەروەها خەباتی کرێکارانی فەرەنسی لە نێوان ساڵانی ١٨٥٧-١٨٦٩، شکستی سوپای فەرەنسا لەو کاتەدا لە شەڕیدا لەگەڵ سوپای پروسیا کە بەرەو دەروازەکانی پاریس پێشڕەوی کردبوو، شەڕەکە وەک پریشکێک وابوو تووڕەیی کرێکاران و خەڵکی پاریسی هەڵگیرساند.

بیست ساڵ پێش هاتنی کۆمۆن، دوای شکستی ڕاپەڕینی کرێکاران لە حوزەیرانی ١٨٤٨، کودەتای سەربازی ٢ی کانوونی دووەمی ١٨٥١ ئیمپراتۆر ناپلیۆنی سێیەمی هێنایە سەر دەسەڵات. سەرەتا ڕژێمی نوێی بۆناپارت پتەو دەهاتە بەرچاو. کرێکاران شکستیان هێنابوو، ڕێکخراوەکانیان یاساغ کرابوو. بەڵام تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ماندووبوونی هەڵکشانی ئابووری لەگەڵ زیندووبوونەوەی بزووتنەوەی کرێکاری، ڕژێمی بە شێوەیەکی جددی لاواز کردبوو. ڕوون بوو کە تەنیا جەنگێکی نوێ و – سەرکەوتنێکی خێرا – ڕێگەی پێدەدات بۆ کاتێکی درێژتر لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. لە مانگی ئابی ساڵی ١٨٧٠دا سوپاکانی ناپلیۆنی سێیەم لە دژی بیسمارک جوڵەیان کرد. ئەو ئیدیعای دەکرد کە جەنگەکە دەبێتە هۆی دەستکەوتی خاک و لاوازکردنی ڕکابەرەکانی فەرەنسا و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی و پیشەسازی.

زۆرجار ڕوودەدات کە شەڕ دەبێتە هۆی شۆڕش. ئەمە بەڕێکەوت نییە. کردەوەی بەرپرسەکانی دەوڵەت، ژەنەڕاڵەکان، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەگەرییەکان، تا ڕادەیەکی بێکۆتایی بەرزتر لەوەی کە لە سەردەمی ئاشتیدا بە شێوەیەکی ئاسایی ڕوودەدات، دێنە ژێر چاودێریی جەماوەری دانیشتووانەوە. ئەمەش بە تایبەتی لە ئەگەری شکستدا ڕوودەدات. هەوڵی داگیرکردنی ئەڵمانیا لەلایەن ناپلیۆنی سێیەمەوە بە خێرایی و بێ شکۆمەندانە کۆتایی هات. لە ٢ی ئەیلولدا، لە نزیک سیدان لە سنووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا، ئیمپراتۆر لەلایەن سوپای بیسمارکەوە لەگەڵ ١٠٠ هەزار سەربازدا دەستگیرکرا. لە پاریس خۆپیشاندانی جەماوەری بە شەقامەکانی پایتەختدا ڕژا و داوای ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەت و ڕاگەیاندنی کۆماری نوێی دیموکراسییان دەکرد.

جەماوەری کرێکاران و پاریسییەکان کە ڕاپەڕینیان کرد، حکومەتی ئەوکاتەی فەرەنسایان لە پاریس دەرکرد و ئەرکی بەرگریکردنیان لە شارەکە لە بەرامبەر داگیرکەران وەرگرت. حکومەتی هەڵاتوو کە تا دوێنێ لەگەڵ حکومەتی پروسیا لە شەڕدا بوو، بە هاوکاری سوپای پروسیا، پلانی هاوبەشیان لە دژی کرێکارانی یاخیبوو دانا. لە هەنگاوی یەکەمدا پروسیەکان ٦٠ هەزار دیلی جەنگی فەرەنسییان ئازادکرد و خستیانە بەر دەستی حکومەتی هەڵاتوو وە هاوکاری ڕێکخستنەوەی سوپای شکستخواردوویان کرد، دواجار حکومەتی لەسەرکار لابراوی ئەوکاتەی فەرەنسا بە هاوکاری سوپای پروسیا هێرشی کردە سەر پاریس، دوای چەند ڕۆژ لە شەڕێکی نابەرابەری سەربازیدا شکستیان بە كۆمۆنە هێنا.

لە ماوەیەکی کورتدا ١٧ هەزار کرێکار لە شەقامەکانی پاریس کۆمەڵکوژکران، هەزاران کرێکار لە سێدارەدران، بەم شێوەیە چینی سەرمایەداری فەرەنسی تۆڵەی خۆی لە شۆڕشی کرێکاران کردەوە و یەکەم ئەزموونی جیهانی حکومەتی کرێکاری شکستی هێنا.

کۆمۆنەی پاریس یەکەمین حکومەتی کرێکاران بوو لە جیهاندا و خوڵقێنەری حکومەتێک بوو کە ئەگەر سەرکەوتنەکەی بەردەوام بوایە، چینی کرێکار دەیتوانی هەنگاوی داهاتوو بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی و کرێکارانە بنێت. کۆمۆنەی پاریس یەکەم حکومەتی کرێکاری مێژوویی و لە هەمان کاتدا تایبەتی بوو. چاوخشاندنەوەیەکی خێرا بە بڕیارەکان و کردارەکانی کۆمۆنە، ئەوە دەردەخات کۆمۆنە بەرەو لەدایکبوونی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی نوێ دەڕۆشت.

کۆمۆنەی پاریس یەکێک بوو لە گەورەترین و ئیلهامبەخشترین ئەڵقەکانی مێژووی چینی کرێکار. خەڵکی زەحمەتکێشی پاریس لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی بێ وێنەدا، دەوڵەتی سەرمایەدارییان بە ئۆرگانەکانی خۆیان گۆڕی و دەسەڵاتی سیاسییان بەدەستەوە بوو تا لە کۆتا هەفتەی مانگی ئایاردا ڕووخان. کرێکارانی پاریس لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا هەوڵیان دەدا کۆتایی بە چەوساندنەوە و ستەم بهێنن و کۆمەڵگە لەسەر بناغەیەکی تەواو نوێ ڕێکبخەنەوە. وانەی ئەم ڕووداوانە بۆ سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆ گرنگییەکی بنەڕەتییان هەیە.

بەپێی فەرمانەکانی کۆمۆن، سوپای پیشەیی هەڵوەشایەوە، کاروباری سەربازیش بە لیژنەکانی گەلی چەکداری سپارد. ڕاگەیەندرا کە زەوی هی ئەو کەسەیە کە کاری لەسەر دەکات، کەرەستەی کاریش هی کرێکاران و کارکردنیش مافی سروشتی هەمووانە. موچەی زیادەڕۆیی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەڵوەشانەوە، بەرزترین مووچەی بەرپرسان ناتوانرێت لە مووچەی کرێکارێکی لێهاتوو زیاتر بێت، مووچەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە پشتبەستن بە بەهرە و پێگەی کارەکەیان دیاری دەکرێت. دادوەر و بەرپرسە باڵاکان هەڵدەبژێردرێن و لاشدەبرێن هەرکاتێک زۆرینەی دەنگدەران ویستیان. موڵک و ماڵی دادوەر و بەپرسەکان لەلایەن کۆمۆنەوە پەسەند دەکرێت. هەموو هاوکارییە داراییەکانی حکومەت بۆ کڵێسا دەبڕدرێت، ئایین وەک بابەتی تایبەتی تاکەکان ڕادەگەیەنرێت، قوتابخانەکان لەژێر کۆنترۆڵی کڵێسا ڕزگار دەکرێن، دادپەروەری و پەروەردە لە ئایین و دادوەرەکان جیا دەکرێنەوە. دەوامی شەوانە لە نانەواخانەکان قەدەغەیە، مووچەی کارمەندانی کۆمیسیۆنی کۆمۆنەکان لە هەمان ئاستی کرێکارانی نانەواخانەکاندا دادەنرێت. پۆلیس لەباتی خزمەتکردنی حکومەت دەبێتە ڕێکخراوێک کە خزمەت بە خۆشگوزەرانی خەڵک دەکات و سەرجەم ئەرکە سیاسییەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە هەڵدەوەشێتەوە، بەرپرسانی بەشی پۆلیسیش دەتوانن لە کارەکانیان دووربخرێنەوە. کۆمۆن ئازادی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری ڕاگەیاند، ئازادی گردبوونەوە، پێکهێنانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ڕاگەیاند. ئەو دامەزراوەیەی کە خاوەنەکانی لە پاریس هەڵاتبوون، بۆ کۆمەڵە کرێکارییەکان، کە لە کارگەکاندا سەرهەڵدەدەن، بەجێی دەهێڵرێت.

پێکهاتەی حکومەتی کۆمۆن لە بنەڕەتدا جیاواز بوو لە هەموو جۆرەکانی پێشووی حکومەت. کۆمۆن لە کەسانێک پێکهاتبوو کە لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە ناوچەی جیاوازدا هەڵبژێردرابوون. کۆمیتەی ناوەندی کۆمۆنەی پاریس ٨٠ ئەندامی هەبوو. بەپێی یاسای پەسەندکراو هەرکاتێک زۆرینەی دەنگدەران بیانویستایە، دەیانتوانی هەریەکێکیان لە کارەکانیان دووربخەنەوە. کاری ئەم کۆمیتەیە هەم یاسادانان و هەم جێبەجێکردن بوو.

هەرچەندە کۆمۆنەی پاریس ٧٢ ڕۆژ زیاتری نەخایاند و حکومەتی ئەو سەردەمەی فەرەنسا کۆمۆناردە قارەمانەکانی پاریسی لە خوێنا نوقم کرد. بەڵام خاڵە بەهێز و لاوازەکانی و وانە و ئەزموونەکانی، دەستکەوتی چینی کرێکاری جیهانە و ئەزموونی چینی کرێکاری بۆ شەڕی چارەنووسسازی کە هێشتا لە پێش ئەم چینەدایە، دەوڵەمەندتر کردوە.

ئەمڕۆ لەچوارچێوەی قووڵبوونەوەی قەیرانی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و گرانی تاقەتپڕوکێن و ئەو نادادپەروەرییەی کە بەسەر زۆرینەی دانیشتوانی جیهاندای سەپاندووە، پێویستی یەکێتی و یەکڕیزی کرێکاران و پشتیوانی نێودەوڵەتی چینی کرێکاری دەوروبەری جیهان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەلومەرجە و پەیوەندییە نامرۆڤانەدا سەد هێندە زیادی کردووە. لە ١٥٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمۆنەی پاریس، بە فێربوون لە وانە و ئەزموونی ئەو شۆڕش و حکومەتە کرێکارییە، پێویستە ڕیزەکانی چینایەتی خەبات بۆ بەرژەوەندی کرێکاران یەکگرتووتر و یەکڕیزتر بکەن و جیهانێک لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی بنیات بنێن.

٢٢ی ئازاری ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.