حكومەتی کارتۆنی و راپۆرتی رەزیل…

0

گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی ئەمریکی لەم رۆژانەدا راپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە، کە تیادا ئاماژە بە جیاوازی چینایەتی و نەبوونی هەلی کار، پیشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، شەپۆلی کۆچی خەڵکی بەدوای ژیانی باشتر، زاڵبوونی دەسەڵاتی حزبی لەجێگای دەسەڵاتی حکومی و باڵادەستی حزب بەسەر هێزی پیشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆر و…تاد، دەکات.

دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە لە ماوەی یەک دوو ساڵی رابردوودا هوشداری لەدۆخی هەرێم لەلایەن نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و بەشێک لە میدیا و راپۆرتە هەواڵیەکانی ئەدرێت… هەموو ئەو دۆسیانەش کە باس دەکرێن تا دەگاتە دواین راپۆرتی فۆرن پۆلەسی ئەمریکی، نەک هیچ شتیکی تازەیان تیا نییە، بەڵکو ئەو پەری رەزیلیان کردووە لە گواستنەوە راستییە واقعیەکانی دۆخی سیاسی کوردستان و کارنامەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی حزبەکانی. لەوەش زیاتر ئەو چەند خاڵەی بە رەزیلی خراونەتە ڕوو، تازە نین و تەمەنیان بە ئەندازەی تەمەنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە، کە ئەمریکاو  غەرب و میدیای نۆکەریان دەیان ساڵە پشتیوانیان دەکەن لە پێناو ئامانجەکان و بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا.

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بە سەرکوتی شوراکان و کوشتاری ژنان و تاڵانی ئاشکراو و سەرکوتی ئازادییەکان، و تیرۆی نەیارانی سیاسی و سەربرینی قەڵەم و سەرکوتی سیاسی و  دابەش کردنی هەرێم و قەڵەوکردنی میلیشایی حزبی و دەزگای سەرکوت و جاسوسی جیاجیا و بە پشتیوانی خودی ئەمریکا و غەرب و ئەو میدیا پوچە دەستی پێکردووە، کە ئەمڕۆ هاواریان بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لێ هەڵساوە.

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ساڵ و دوو ساڵ نییە، کە سەرکوت دەکات و هەرێمی دابەشی دوو زۆنی کردووە. دوو ساڵ نییە کە تاڵانی دەکات و هێزی چەکداری دابەشی سەر بنەماڵە حزبیەکان کردووە. دوو ساڵ نییە، سەرۆکی حزب و بنەماڵە دەسترۆشتوەکان لە کۆشکی شاهانەدا ژیان دەکەن و هاوڵاتیان هەژار تر و هەژار تر دەبن. دوو ساڵ نییە سەرکوتی ئازادیەکان و پیشلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری دەکەن… دوو ساڵ نییە کە دوو هیزی پیشمەرگە، دوو ئاسایش و دوو پۆلیس و دوو دەزگای هەواڵگری و دوو دژە تیرۆر و … هەیە. دوو ساڵ نییە لاوان کوردستان جێ دەهێڵن و بەدوای ژیان لە جێگای تردا دەگەڕین… وە دوو ساڵ نییە حکومەتی کارتۆی هەیەو ئێستا خەریکە دەروخێ…تاد.

ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، دوو دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشتایی و مافیایی و دژە ئینسانی و دژە ئازادی و ئازادی رۆژنامەگەری و دژە ژن و دژی هەموو ئیرادەیەکی ئازادانەی ئینسانە، دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی سەرەکی و چەند بنەماڵەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی بودەڵەی ناو یەک خێزانە، کە دەسەڵات و داهات… قیبلەنومایانە، بۆئەو ئامانجەشیان نۆکەر پیشەیی ناسنامەیانە. لەدژی ئازادی و ئازادییەکان و پێشکەوتنخوازی، کۆنەپەرستی و بەدەستەوە گرتنی یاسا و ریسای دواکەوتوانەو ئیسلامی، رفاندن و راوەدوونان و تیرۆر و زیندانی نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووس و نووسەران… ناسنامەیانە. بۆ بەرگری لە قەڵەمرەی دەسەڵاتیان، میلیشیایی حزبی و بنەماڵەییان دروستکردووە. بۆ رەوایەتی دان بە یاسا بەعسیەکان و داعشیەکان، داداگاکانیان پاوانی ژیر سایەی دەسەڵاتی خۆیان کردووە دادگای سەربەخۆ تەنها دەستەواژەیەکی تەبا، لەگەڵ دەسەڵاتی بنەماڵەو میلیشیایە. حکومەتی ئەم جۆرە لە دەسەڵات لەیەکەمین رۆژەوە حکومەتێکی کاتۆنی و کاریکاتۆر بووە، بۆ شێواندنی رای گشتی و خۆڵ کردنە رای دنیای دەرەوە…

فۆڕن پۆڵەسی ئەمریکی و سەرجەم راپۆرتەکانی تر… هێشتا نەیان توانیووە گۆشەیەکی زۆر بچکۆلەش لە واقعیەت و ماهیەتی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بخەنە روو، دیارە ئەو رەزیلی و چروکییە لە خستنە رووی راستییەکان بێ مەڵامەت نییە و بەشێکە خودی سیاسەتی ئەمریکاو غەرب. ئەمریکاو غەرب نیگەرانی ناوەرۆکی هیچ دەسەڵاتێک نیین، نارەحەتی دەسەڵاتی دژە دیموکراسی و دژە ئازادی و دژی کاری رۆژنامەنووسی نین، قەڵس نین بەدەسەڵاتی میلێشیایی و سەرکوت و دژە ژن و داعشی و بەعسی… ئەوان لەهەر جێگایەک هەر دەسەلاتێک بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان بکات و نۆکەرایەتیان بۆ بکات، وەک شا دەسەڵات و دەسەڵاتی مەقبول پێشوازی لێ دەکەن و بەرگری لێدەکەن…رادەستکردنەوەی دەسەڵات بە تاڵیبان، هیشتا موبارەکەی کۆن نەبووی ئەمریکا و غەربە.

ئەوەی لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا، ئەمریکا بەخەستی گریانی بۆ دیموکراسی هەرێم و هەڵبژاردن و ئازادی و مافی مرۆڤ دێت، هیچ نییە جگە لە بژاردەی گواستنەوەی قیبلەی تەواوەتی بۆ بەرژەوەندیەکانی لە ناوەند و بەغدا، لەبەر رۆشنایی پیشهاتە تازەکان و ئاڵۆگۆرەکان، لە ژێر سایەی ئارایشی پیشبینکراوی داهاتوودا… حکومەتی هەرێم هیچ کاتێک لە کارتۆنێک زیاتر نەبووە، هەرگیزیش هیچ حکومەتیک ئەگەر مافی فەرمانرەوایی لە قەوارەیەکی پێناسەکراوی حقوقی نێودەوڵەتیدا نەبێت، لەکارتۆنێک زیاتر ناتوانێت هیچی تر بێت…

دەسەڵاتی میلیشایی هەرێم، بەر لەهەموو شتێک بەرهەمی سیاسەت و نەخشەی ئەمریکا و غەرب و نەبوونی قەوارەیەکی دەوڵەتی پێناسەکراوە… ئەمریکا و زمانە بچکۆلانە و میدیا نۆکەرو نووسەر و رۆژنامەنووسە موچەخۆرەکانی هەرچۆنێک بنووسن و راپۆرتەکان دابرێژن و  درۆکان رتوش بکەن ناتوانن شانی ئەمریکا و غەرب لە خوڵقاندنی دۆخی هەرێم خاڵی بکەنەوە.

                                 عەبدوڵا مەحمود     

Leave A Reply

Your email address will not be published.