پرسی رۆژ … تاهیر حاجی حەسەن وەڵامی پرسی ڕۆژ دەداتەوە…

0

پرسی ڕۆژ/  رۆژی ٢١/٣/٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە لە چەند بەشێکیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەکات. نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان وەڵامی بەشێک لەو تێبینی و سەرنجانە دەداتەوە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە. وادیارە نوسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتیەکان هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەئیزدواجیەت وەسف دەکات، و دەڵێ لەکوردستان بەگشتی هەموو ئازادیەکان هەیە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە.

هەمووساڵێک شاهیدی ئەوەین کەنوسینگەی هەرێم هەمان ئەو وەڵامانەی هەیە، و شاهیدی ئەوەشین کە زۆرێک لەو پێشێلکاریانەی حکومەتی هەرێم ئەنجامی دەدات لەبەرامبەر ئازادی رادەربرین و رۆژنامەگەری …تاد زۆر لەوە زیاترە، زیندانیانی بادینان نموونەیەکی زۆر زیندوە.

ئێوە ئەم وەڵامانەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن، هەروەها ئازادی بیروراو رۆژنامەگەری…تاد چۆن دەبینن لە کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟

تاهیر حاجی حەسەن: وەڵامی ئەو دەستپێشخەریەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ مەسەلەی ئازادی دەربڕین و مافی مرۆڤ لەهەرێمدا، بۆخۆی جێی گومانە. چونکە خودی دەوڵەتی ئەمریکا لەمێژووەکەیدا بەشوێن دابینکردنی مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین نەبوە، هێندەی پێچەوانەکەی ڕاست و واقعیانەیە، یانی ئەو دەوڵەتە خۆی داگیرکەرەو لەناو خودی وڵاتەکەیشدا جیاوازی چینایەتی و چەوساندنەوەی چینایەتی جێکەوتەیە،کەوایە چۆن دەتوانێت لەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆیدا بەشوێن ئازادی و مافی مرۆڤەوە بێت لەنێو ئەو گەلانەی کەخۆی دەسەڵات و حوکمی دیکتاتۆرەکانی دامەزراندوە یان پاڵپشتیان بوە لەهاتنە سەر حوکمڕانیاندا؟

حکومەتی هەرێم، خۆبەخۆ، حکومەتێکی چینێکی بۆرژوا مشەخۆرەو لەوێشدا، شتێک نابێت بەناوی مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕینەوە، لەماوەی ئەو سی و یەک ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەحزابی بەرەی بۆرژوا قەومی و دینی و خێڵەکی بنەماڵەی ئەو دو حزبە سەرەکییەو هاوپەیمان و بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانیشیاندا، ڕۆژێک نەبوە کۆمەڵگە بەر چەوساندنەوەو سوکایەتی و کوشت بڕی ئەو چینە کەمایەتییە مشەخۆرە نەبوبێتەوە، جا لەبرەودان بەکۆنەپەرستی و برەودان بەزاڵ بونی هەژمونی پیاوسالاری و برەودان بەژن کوژی و برەودان بەناداد پەروەرییە جۆراوجۆرەکان و کوشتنی ناڕازیان کاتێک هاتبێتنە سەرشەقامەکان بۆ داخوازیەکانیان، تا دەگات بەوانەی بژێوی ژیانیان لەسەر پاشەڕۆی نێو زبڵخانەکان دابین دەکەن و تا دەگات بەو کۆ بێکاریە زۆرانەش لەنێو توێژێکی زۆری گەنجان و تا دەگات بەلێسەندنەوەی کۆی مافە سەرەتاییەکان لەزۆرینەی کۆمەڵگەو برەودان بەترس و تۆقاندن و نان بڕین، ئیتر ئەمە کارنامەی مێژووی ئەو حکومڕانییە بوەو لەوێشدا ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گلەیی و گازندەی هەیە لەو ئیدارەی لەهەرێمدا هەیە، لەڕاستیدا ئەوە ئەسڵەکە نییە، بەڵکو ئەسڵەکە پەیوەستە بەمەسەلەی غازو نەوت و ئەو ستراتیژو ئەجێندایەی ئەمریکا هەیەتی لەبەرانبەر ڕکابەرە گەورەکانی وەک دەوڵەتی چین و دەڵەتی ڕوسیا، بێگومان لەکاتی هەژمونی فرەجەمسەریدا، بچوکەکانیش بەشی خۆیان دەتوانن کاری ڕسک ئاسا ئەنجام بدەن، هەربۆیە، پێویستە ئێمەی کۆمۆنیستەکان لەوێوە دنیاکە نەبینین کە دەوڵەتانی زلهێزی وەک ئەمریکاو چین و ڕوسیا و دەوڵەتانی ئەوروپا دەیبینن، ڕێک بەپێچەوانەوە، پێویستە ئێمە بەشوێن ستراتیژێکەوە بین کەچۆن و بەچ شێوازێک بتوانین کۆی چینە چەوساوەکان و بەشخوراوان گەرنەشتوانین وەک ڕێکخراوبون و ڕێکخستنێکی حزبیانە ئیشی لەسەر بکەین، ئەوا پێویستە لەڕوی بەئاگاهێنانەوەی هۆشیاری سیاسی چینایەتی ئیشی لەسەر بکەین، گەرنا، هەروا لەدوای ئەو ستراتیژو پلانە دژ بەکۆمەڵگەیانەوە دەبین کە ئیمپریالیزم و دەسەڵاتە وەکیلەکانیان لەنێو گەمەو بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەشوێنیەوەن.

ئەو دەسەڵاتە، گەر سبەی باوای دابنێین لەلایەن ئەمریکاوە وەلا دەنرێت و هاوشێوەی بەهاری عەرەبی کۆمەڵگەی لێ دەوروژێنرێت و دواتر کۆتایی بەهەژمونەکانیان دەهێنرێت، بەڵام دواتر کێ شوێنیان دەگرێتەوە؟ بێگومان دەستکاری سیستەمی چینایەتیەکە ناکرێت و ژیانی زۆرینەکە بەرەو باش بون نابرێت، هێندەی پێدەچێت خراپتریشی لێ چاوەڕوان بکرێت. مێژووی ئەحزابی کوردی پڕاوپڕ لە ڕەشێتیە، ڕەشێتیەک لەنێو ڕەنگی سپیدا خۆی حەشار داوە، هەروەک دەوڵەتانی ناوچەکە بەگشتی و دەوڵەتانی نێو سیستەمی سەرمایەداریش بەتایبەتی، لەهەرشوێنێکدا بڕێک ژیان و ئازادی جێکەوتە بوبێت، ئەوە بەرهەمی چاکەی دەسەڵات نەبوە،بەڵکو بەرهەمی خەبات و شۆڕشی چینەچەوساوەکان و حزبە پێشڕەوەکانی سەر بەبزوتنەوەی کرێکاری بوە، تا دەگات بەئاستێک لەگەشەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و زانست و خواستی خودی سەرمایەش لەونێوەدا بەپێی پێویستیەکانی لەنێو هەرکۆمەڵگەیەکدا لانیکەم شێوەژیانێک بەپێویست دەزانێت تاهاوشانی ئەو گەشەیە بێت، بەڵام خودی دنیای سەرمایە،هیچ شتێک لەسەرو بەهاکەی خۆیە نابینێت و نا، ناسێت.

 لەهەرێمیشدا هاوشانی کۆی عێراق، پڕاوپڕن لەگەندەڵی و بێمافی و برەودان بەچەوساندنەوەی چینایەتی، بۆ مەگەر ئەوان کۆشک و ملیارەها دۆلارەکانیان لەسەر حسابی دزینی پاروی ژیانی زۆرینەکە سەرنەخستوە؟ کەوایە، ئەو سامانە گشتیەی لەو وڵاتەدا هەیە، زۆرترینی زۆرینەکەی لەلایەن ئەو چینە کەمایەتیە دەسەڵاتدارەو کۆمپانیا تاڵانچیە زەبەلاحەکانی دەوڵەتی ئەمریکاو و دەوڵەتانی ترەوە بەدزین نەبراوە؟ ئیتر دزی گەورە لەپێناو پێنەگەیشتنی دزی بچوکتر لەخۆیدا پێویستی بەوە دەبێت جار جار چەکوشێک بکێشێت بەسەر دزە بچوکەکەیدا تا سنور تێنەپەڕێنێت، ئەمەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو ئەو لایەنەیش کە ئەو بەرزکردنەوە ناڕازیەی وەزارەتی دەرەوە بەدوفاقی دەبینێت، هەردولایان بەشێکن لەدزەکان، کەوایە، دز ناتوانێت ژیانی ئەوانە ڕێک بخاتەوە کەخۆی دزی لێ کردون! بۆیە مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین و دیموکراسی و دادپەروەری، لەشوێنێکدا جێی نابێتەوە کە چەوساندنەوەی چینایەتی تێیدا سەروەر بێت و چینێکی سەردارو فەرماندار لەسەرو کۆمەڵگەوە خۆی سەپاندبێت. مەخابن، قۆناغەکە بەجۆرێکە، هێشتا کۆمەڵگە چونکە ئاشنا نەبوە بەژیانێکی بێ چەوساندنەوەی چینایەتی و بەژیانێک پێویستی شوان بون لەوێدا نەمابێت، هێشتا بەرچاو لێڵیەکی زۆر لەبەردەمیدایەو ئاوا ژیانێکی بەنامومکن دەزانێت، هەربۆیە هێزە کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی و قەومی و تائیفی، ئەو شێوە ژیانە بۆ زۆرینەکە تەنها لەو شوێنەدا بەخاوەن جێکەوتە دەزانن و بەگوێی زۆرینەکەیدا دەدەن کە لەو دنیادایە، نەک ئەم سەر زەمینەی تێیدا دەژین، ئەو دنیایەی کەبونی نییە، تا ئەوەی بەهەشتی پڕ بەخوێن سور بوی خۆیان بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت و هەروا خۆیان و نەوەکانیان و سیستەمەکەیان بمێنێتەوەو زۆرینەکەیش وەک لەچارەنووس کراو بونێک بۆ خزمەتکاری و خۆبەکوشتدان لەپێناو بەرژەوەندیە مادی و مەعنەوی و سیاسیەکانی ئەو چینە تاڵانچیەدا هەروا درێژەی هەبێت. ئەمەیە مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین و شێوازێک لەژیان کە بەرژەوەندی ئەو چینەچەوسێنەرە دەسەڵاتدارە دەیخوازێت و لەدەرەوەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەم سیستەمەیشەوە، کۆی ئازادی و مافی مرۆڤ و یەکسانیخوازی دەچێتە نێو بازنەی ئاژاوە گێڕیەوە، ئەمە مێژووی کۆی دەوڵەتانی نێو سیستەمی چینە چەوسێنەرەکان بوە تا بەئێستایشەوە دەگات!

Leave A Reply

Your email address will not be published.