فەرەنسا دەنگی کۆمۆنارەکان دەبیسترێت…

0

جارێکی تر بەشێکی بەرین لە چینی کرێکار و کارمەندانی فەرەنسا، ڕژاونەتەوە سەر شەقامی شارەکان و دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونەوە.  شەپۆلی ئەمجارەی هاتنە مەیدانی ملیۆنی جەماوەری لە فەرەنسا بەدژی بریاری چاکسازی حکومەتە!! کە دەیەوێت تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بکات بە ٦٤ ساڵ، بەڵام کرێکاران و جەماوەری فەرەنسا، وەکو بەشێکی پیشرەو لە چینی کرێکاریی جیهانی، بەدژی ئەم بڕیارە وەستاونەتەوە و بەڵێنی بەردەوامی نارەزایەتیەکانیان داوە، تا دەوڵەت دەست لەو هەوڵ و سیاسەتە دژە کرێکارییەی بەردەدات. دیارە بەجیا لەبڕیاری زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی وەکو هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی ئێستا، ئەم نارەزایەتی و بزوتنەوە کریکاریی و جەماوەریە ملیۆنیەی فەرەنسا، و سەرجەم وڵاتانی تری ئەوروپا، ریشەی لە نارەزایەتیەکی فراوانتری چینی کرێکار و جەماوەری نەداردا هەیە، بەدژی لێکەوتەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، کە بەچوونە سەری نرخی شتومەک و سوتەمەنی و کارەبا، دۆخێکی یەکجار سەختی بۆ زوربەی هەرە زۆری خەڵک پێک هێناوە و کۆمپانیاو بانقە زەبەڵاحەکانیش لە بردنی سودو کەڵەکەی سەرمایە بەردەوامن… هەڵاوسان و شکاندنەوەی ئاکامەکانی ئەم هەڵاوسانە بەسەر چینی کریکار و خەڵکی فەرەنسادا، کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی بەسەر ژیان و گوزەرانیاندا پێک ‌هێناوەو کەنەک هەر بەڕیوەچوونی ژیانی سەخت کردووە، بەڵکو شێوەی ژیانی گۆڕیوە… چینی کریکار و خەڵکی نەداری فەرەنسا و تەواوی ئەوروپا، توانای کڕینی شت و مەک و پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەیان وەکو پیشوو نەماوەو ناچارکراون شیوە ژیانێکی تر هەڵبژێرن، کە مۆری هەژاری و نەداری زۆرتری پێوەیە.

دەوڵەتی فەرەنسا لە بەرامبەر بە داخوازییەکانی کرێکاراندا، کە زۆرتر بەرگرییە لە ژیان و گوزەرانیان، دەستی داوەتە توندوتیژییەکی هەمەلایەنە و ئەمەش خەڵکی فەرەنسای ناچار کردووە بۆ بەرگری لەخۆیان و بۆ داسەپاندنی داخوازییەکەیان و بەرگری لە ژیانیان، کاردانەوە لەخۆیان نیشان بدەن… توندوتیژی کە دەوڵەتی فەرەنسا کرێکارانی پێ تۆمەتبار دەکات، لە بنەرەتدا توندوتیژی هیزە ئەمنیەکانی پارێزەری سەرمایەیە و تا ئەو رادەیەی کە کۆمیسیۆنی مافەکانی ئینسان لە ئەوروپا ناچار بوو نارەزایەتی بەرامبەر بە توندوتیژی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان دەرببرێت.

لەناو دڵی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی چینی کرێکاری فەرەنسادا، سرودی نیونەتەوەیی و قرمژن ئاسای تۆقێنەری سەرمایەداری ئەنتەرناسیونالی ئۆژین پۆتیە، دەوترێتەوە. ئەمەش نیشانەیەکی روونی زیندووی ئەنتەرناسیونال و هوشیاری چینی کرێکاریی فەرەنسایە و لەو رێگایەوە جاریكی تر پەیامی رزگاری کۆمۆنارەکان و دەنگی پێیان  بەدژی دەسەڵاتی سەرمایە دەبیسترێت.

هاوکات لەگەڵ نارەزایەتی شکۆداری چینی کرێکاری فەرەنسا و بە بەرگری لەخۆیان و ژیان و ئایندەیان، چینی کریکار لە بەشەکانی گواستنەوەو گەیاندنی ئەڵمانیاش چەند رۆژێکە دەستیان داوەتە مانگرتن و کار راگرتن لە پێناو بەرزکردنەوەی موچە و حەق دەستەکانیان… هەروەها چەندین مانگە بەریتانیا و ئیتالیاو ئیسپانیا و یۆنان و …. بوونەتە مەیدانی نمایشی نارەزایەتی بەشە جیاجیاکانی کرێکاران بە دژی گرانی و شەپۆلی بیکاری و شکاندنەوەی ئاکامەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا… لە ئیسرائیلیش بەدژی دەستکاری کردنی یاسایی قەزایی کە مافی سەرۆک وەزیران زیاد دەکات، خۆپیشاندان بەدژی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ دریژەی و تەواوی دەسەڵاتی بۆرژوازی ئەو وڵاتەی خستۆتە لەرزە. چینی کریکار و جەماوەری بێبەش لەسەراسەری دنیادا، ڕیگایەکی لەبەردەم نەماوەتەوە جگە لەوەی بەهێزەو بێتە مەیدان و بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی بکات…

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.