تورکیا نموونەیەک بۆ پەرتەوازەیی ناتۆو کارکردەکانی لە سەر کورد و کێشەکەی… لە پەراوێزی دوایی لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە روسیا و ناتۆ و کێشەکانی نێوانیان…نووسینی:ئیدریس مستەفا

0

ناتۆ چییە؟

هەموومان دەزانین ناتۆ چییە، بەڵام ئەو “چییە”ی من لێرەدا گەرەکمە لێی بدوێم شتێکی ترە. ناتۆ (رێکخراوی پەیماننامەی باکوری ئەتڵەسی) جگە لەوەی هاوپەیمانیەکی وڵاتانی بلۆکی رۆژئاوایە، بەڵام سەربازی بوونی جەمسەرەکە مەبەست و ئامانجی سەرەکی رێکخراوەکەیە لە بەرامبەر بلۆکەکانی تردا کە پێشتر یەکێتی سۆڤیەت واتە روسیای ئیستا بوو دروست بوو، ئیستاش هەر لە بەرامبەر روسیادایە، بەڵام ئەمجارەیان کۆماری میللی چینی لەگەڵدایە. سەربازی بوون کرۆکی ئەو رێکخراوەیە و رێژەیەکی بەرز لە توانای سەربازی بۆ هەر وڵاتێک مەرجێکی سەرەکیە ببێ بە ئەندام تییدا.

پەرتەوازەیی لە ناتۆ…

لەو رۆژەوەی، ٤ی ٤ی ١٩٤٩، ناتۆ لە واشنگتۆنی پایتەختی ئەمریکا دروست بووە تاکو ئیستا کێشە و گرفتی سیاسی لە نێوان ئەندامەکانیدا هەبووە تا رادەی بە ئاشکرا و بە توندیش دژی یەکتر قسەیان کردووە و لە زۆر بەندی رێکخراوەکە لایانداوە کە نابێ هیچ ئەندامێک پاخواری تێدا بکات. تەنها بەم دواییانە: خلافە قوڵەکانی نێوانیان سەبارەت بە یوکراین بە تایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا و هەنگاریا و نەمسا لەگەڵ ئەمریکادا یاخود رەخنە و وەڵامە توند و توڕەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا بە ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، لەسەروو هەموویانەوە تورکیا و بوونی لە ناتۆدا لەو رۆژەی، ١٨ی ٢ی ١٩٥٢، بووە بە ئەندام تێیدا. تورکیا هەمیشە بە دوای بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و تەنانەت سەربازیەکانی خۆشیەوە بووە بەتایبەت لە دەورانی ئێستای دنیادا.

تورکیا چۆن چووە ناو ناتۆوە…

 تورکیا یەکەمین وڵاتی ئاین ئیسلامییە ببێتە ئەندام لە ناتۆدا. هۆکاری وەرگرتنەکەی لە ناتۆدا دوو شت بوو. یەمەکیان هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەی کە لە نێوان هەردوو جەمسەری رۆژهەڵات و رۆژئاوادایە یاخود لە نێوان یەکێتی سۆڤیەت و دنیای غەربدا بوو، ئیستاش لەهەر کات زیاتر جیوسیاسی تورکیا ئەوەی پێ بەخشیوە وەک ئەندام لە ناتۆدا بمێنێتەوە هەرچەندە ئەندامێکی بزێو و بگرە یاخیشە لە چەندان بڕیار و بەندی سیاسی و سەربازی ناتۆ. دانپێدانان بە ئیسرائیل کە ئەو دەمەی تورکیا هاتە ناو ناتۆوە ئەو خاڵە یەکێک لە خالە گرنگەکانی ئەندامێتی بوو. هەرچەندە ئەم خاڵە بە ئاشکرا دیار نەبوو، بەڵام بۆ دەمانی نیوەی سەدەی رابردوو کە دەوڵەتی ئیسرائیلی تازە دروست ببوو پاڵنەرێک بوو بیکەن بە ئەندام کە وڵاتێک گەوترەترین وڵاتی ئاینزای ئیسلامی بێت لە ناوچەکەدا دانبنێ بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەر دە مانگ لە دوای دامەزراندنیەوە. واتە دەولەتی ئیسرائیل لە مانگی ٥ی ١٩٤٨ دروستبوو، تورکیا لە مانگی ٣ی ١٩٤٩ بە رەسمی ئیسرائیلی ناساند وەک دەولەتێکی نوێ لە ناوچەکەدا. سێهەم تورکیا وڵاتێکی سەربازی گەورە بوو، ئیستاش دووەم وڵاتی بەهیزی سەربازی ناتۆیە لە دوای ئەمریکا لە رووی هەبوونی چەک و تەقەمەنی زۆر و سەربازی پیادەڕۆییەوە. دیارە خاڵی یەکەم هەڵکەوتە جوگرافیایەکەی جەوهەریە لە بە ئەندام بوونی لە ناتۆدا.

تورکیا چۆن سیاسەت دەکات…

بەسر پێرێکە و پشتریش، رەجەب تەیب ئەردۆگان، رایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک پابەندی هەندێ بڕیاری ناتۆ نابێت سەبارەت بە روسیا لەوانە پابەند نەبوون بە گەمارۆی ئابوری ناتۆوە لەسەر روسیا، گوێ نەدان بە بڕیاری دادگای لاهای نێودەوڵەتی غەرب کە دەستگیرکرندی سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پۆتینە گەر بچێتە هەر یەکێک لە وڵاتەکانی ناتۆوە. سەرکەوتووترین سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە مێژووی خۆیدا ئەو هاوسەنگیە سیاسی و بەرەژوەندییە ئابوریەی خۆی بووە کە پاراستوویەتی چ لە دەمانی شەڕی سارد یاخود دنیای دوو قوتبی ئەمریکا و سۆڤیەت. ئەردۆغان وەک سەرۆکی وڵاتەکە بە ئاشکرا رایگەیاند کە ئێمە خۆمان رەق ناکەینەوە لەبەر ئەوروپا بەوەی نەوت و گازی روسیا نەهێنین؛ یاخود گوتی، بەرژەوەندیەکانی وڵاتی خۆمان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەکی ترەوەیە. لە سەروو ئەمانەشەوە. بانگهێشت کردنی پوتین بۆ تورکیا لە لایەن ئەردۆگانەوە لە ٢٧ی ٤ی ئەم مانگە بۆ کردنەوەی پرۆژەیەکی ئەتۆمی مەدەنی لە تورکیا کە لە لایەن کۆمپانیای “روس ئەتۆم”ی روسیەوە دامەزراوە. بە پێی بەند و باو و بڕیارەکانی ناتۆ بێت تورکیا دەبێت پوتین دەستگیر بکات. ئەم هەڵوێستەی تورکیا نوێترین هەڵوێستی تاسەر ئیسقان دژە ناتۆییە لە دوای کڕینی سیستەمی بەرگری سەربازی دامەزراوەی  ئێس ٤٠٠ S400.

کورد لە یاخی بوونی تورکیا لە ناتۆ

ئەم هەڵویستانەی تورکیا و کاریگەری لەسەر کورد دەبێ چ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ. قانونی سیاسی ململانێ نێودەوڵەتیەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە هەرچەندە دەوڵەتی مەرکەزی لەگەڵ دەولەتە جەمسەرگەریەکاندا توشی کێشە ببێ ئەوا مەسەلەی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان سەرهەڵدەداتەوە و دەولەتی مەرکەزیش لە انوجەکەی ئێمەدا زۆربەی کاتەکان و بگرە هەموو کاتیکیش هەموو دۆرانێک قبوڵ دەکات تاوەکو کەمینەکانی ناو وڵاتەکەی بێ بەش بکات لەهەر دەستکەوتێک گەر بەهۆی ئەو ململانێیەوە بێتە ئاراوە کە لە نیوان ئەو و زلهیزە جیهانیەکاندا. بۆ نموونە سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٧٤ دا تەنازولی کە خاکی “عروبەی” خۆی کرد بۆ شای ئێران بە مەرجێ پشتی شۆڕشێ چەنکداری کورد بەر بدات لە “شمال”ی عێراق. ئەمە لە کاتێکدایە سەدام حسێن و حزبەکەی بە ئایدیۆلۆجیا و پرەنسیپ و مێژووە سیاسیەکەیەوە خۆیان بە کوشت دەدات لەسەر بستێکی خاکی عروبە.

بۆ تورکیاش وادەبێ و هەر واش دەکات. ئیمەی کورد ئەوە بووە بە چارەنوسمان کە هەر چآوەڕێی ململانێ و دەستیوەردانە نیودەوڵەتییەکان دەکەین لەو وڵاتانەی کوردستان بووە بە بەشێک لە وڵاتەکەیان، بەڵکو دەرفەتێک بێتە پێش و لەو درزەوە شتێکی چنگ بکەوێت، ئەو سیناریۆیەی لە عێراق یاخود لە سوریا بۆ کورد هاتە پێش باوەڕناکەم بۆ کورد لە تورکیا بێتە پێش؛ چونکە، تورکیا وڵاتێکی جیاوازە وەک دامەزراوەی دەولەتی کە تێیدا سیستەمی سیاسی کراوەترە سەرباری ئەوەی کورد هەر بە تورک لە قەڵەم دەدرێ تاکو ئێستا. سیستەمی سیاسی لە تورکیا بۆ هیچ کەسێک لە کەمینەکان بەتایبەت کورد رێگر نییە لەوەی پۆستی باڵا لە دەولەتدا وەربگرن. مەسەلەکەش ئەوەیە ناسنامەی تورکی بوونی وڵاتە و لەم جوارچێوەیەدا هەر کەسێک هاوڵاتیەکی تورکیە و دەتوانێ لە هەر دەزگایەکی باڵادا پۆستی هەبێ وەک هەبووە. لە مێژووی تورکیادا ئەوانەی بە رەگەز کورد بوون و بوونە وەزیر و سەرۆک وەزیران و تەنانەت سەرۆکی وڵاتیش کەم نەبوون.

لە ماوەی ئەو ساڵ و دوو سێ مانگەی لە تورکیا بووم کە خودی ئۆج ئالانی تێدا دەسگیرکرا، سەرۆک وەزیران “بوڵەند ئەجەوید} و وەزیری ناوخۆ  و وەزیری بەرگری (حیکمەت چەتین) گەر هەڵە نەبم وەزیری دەرەوەش کە ئیسماعیل جەم بوو هەموویان بە رەگەز یاخود پاشخانێکی کوردیان هەبوو ، بگرە لەو ماوەیەدا ماوەیەک سەرۆک کۆماری کاتی وڵات کەسێک بوو بە ناوی ئارێز کورد بوو. ئەو دەمی لە رادیۆی بی بی سی عەرەبیەوە گوێم لەم زانیاریانە دەبوو. دیارە دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کوردبوونی ئەوانە هیچ لە مەسەلەی کورد لە تورکیا و منێکی کورد ناگۆڕێ، بەڵام بۆ یەک شت ئەمە ئاماژە پێ دەدەم کە لەم نوسینەدا مەبەستمە بیڵێم.

ئەم حاڵەتە لە ئێران بۆ نموونە نییە، جونکە وڵات لەسەر دەستورێکی مەزهەبی نوسراوە کە جگە لە کەسانێ شیعە مەزهەبگەرا کەسی تر ناتوانی پۆستە باڵا دەوڵەتیەکان و حکومیەکان وەربگرێ. ئەم دەستورە چ لە زەمانی شا و چ لە زەمانی خومەینیدا هەمان شت بوو, ئێستاش هەر وایە. حاڵەتێکی ئاوها لە عێراقی عەرەبیدا بوونی نەبوو، بگرە هەر هاوڵاتیەکی عێراقی دەیتوانی پۆستێکی باڵا وەربگرێ. لە دەورانی سەدام حسێندا کەسە هەر نزیکە سیاسی و حکومیەکانی کورد بوون لەوانە تەها محێ دین و تەها یاسین رەمەزان و سەباح میرزا و ،،،هتد

کورد لە تورکیا دەبێ چی بکات…

دووبارە بوونەوەی سیناریۆی عێراق و سوریا بۆ تورکیا زۆر ئەستەمە بۆیە تەنها بژارە بۆ کورد خەباتە مەدەنییەکان و سیاسیەکانە چ لە ناوخۆدا و چ لە ئاستە نێودەوڵەتیەکاندا بەتایبەت کورد لە دەرکەوتنی جەمسەرە نوێیە جیهانیەکانی وەک چین و هندستان و روسیادا فایلی خۆی هەیە لە کاتێکدا لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکادا ئەمە نییە. بۆ نموونە کاتێک تورکیا بیەوێ پشتیوانی تورکە ئویگورەکان بکات چین  یاخود لەو وڵاتە کۆنەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران یاخود چەکوشی ئیسلامی لەگەڵ هندستان بەتایبەت لە مەسەلەی کشمیری بەشە ئیسلامیەکەی یاخود خودی پاکستان ئەوا هەر یەکەیان فایلی مەسەلەی کوردیان لەبەردەستدایە و دەتوانن دژ بە تورکیا بەرزی بکەنەوە لە رابردووشدا چین ئەمەی کردووە کاتێک تورکیا ویستی بچێتە پاڵ سیاسەتە لاوازەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دژ بە چین گوایە تورکە ئویگورەکانی وڵاتەکەی کە سەرو یازدە ملیۆن دەبن لە هەرێمی “شی ژیانگ’ دەچەوسێنێتەوە و هیچ مافێکیان نییە، لە بەرامبەردا چین وەرەقەی کوردی بەرزکردۆتەوە و تورکیا پاشەکشەی کردووە.

ئایا کورد فایلێکی فشارە و بەس؟

دیارە گومانی تیدا نییە کە کورد و کێشەکەی لەم جەمسەرە نوێیانەشدا هەر وەک کاغەزێکی فشار بەکاردەهێنرێ، بەڵام چۆنێتی کاغەزەکە و فشارەکە دەگوڕدرێ. بەو پێودانگانەی لێرەدا خستمانە روو ئەمجارە کورد کەمتر دەبێتە کاغەزێکی فشار وەک لە حەفتا ساڵی رابردوودا وابووە بە دەست رۆژئاواوە. جیاوازییە بنەڕەتیەکەش ئەوەیە کە دەوڵەتە زلهیزە نوێیە ئابوریەکانی جیهان هاوبەشی هەمان پرسی سیاسین کە لە تورکیادا هەیە و پێشدەچێ پەیوەندییە ئاساییەکانی نێوان ئەوان و تورکیا باشتر بە قازانجی پرسی کورد بگەڕیتەوە وەک لەوەی ئەو فایلە لە دەستی غەربدا بوو کە جگە لە بەکارهێنانی بە تیرۆرستیش تومارکراون لە دۆکیومێنتە سیاسیە نێودەوڵەتیەکانی خۆیاندا. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کە ئەمریکا و ئەوروپا هەموو فایلە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان لەبەردەستدا بووە تارادەیەک جیهانیش، نەک هەر هیچ هەنگاوێکی چارەسەریان ناوە بۆ کێشەکانی ناوچەکە، بەڵکو بوونەتە رێگر لەبەردەم هەر هەوڵێکدا کە کێشەی کورد چارەسەر بکات.

لەگەڵ ئەوەی روسیا عەفرینی بەجێهێشت بۆ تورکیا و پشتی کردە رۆژڤا کە پێشتر ئۆفیسی رەسمیان هەبوو لە مۆسکۆ، بەڵام هێشتا گەر بەراوردێکی بکەین لە نێوان هەوڵەکانی ئەم دواییەی روسیا بۆ رێکەوتنی نێوان رۆژاڤا و حکومەتی مەرکەزی سوریا بەو نیازەی فایلی کورد لە ژێر دەستی ئەمریکا دەربهێنێ هەوڵێکە هەرگیز لە مێژووی سیاسی غەربدا نەبینراوە تاکو ئێستا. دیارە گەر دیمەشق هەندێ نەرمی بنوێنێ لە بەرامبەر مافەکانی کورد و کەمینەکانی تردا ئەوا ئەو هەوڵەی روسیا دەبێتە باشترین بەڵگەی سیاسی کە کورد لە مێژووی خۆیدا دیبێتی کاتێک جەمسەرێکی نێودەولەتی ویستبێتی خەریکی پرسی کورد بێ. روسیا لەو بەینەدا دەیەوێ سوریا قەناعەت پی بهێنێ بە رازی بوون بە هەندی داواکری رۆژاڤا، چونکە دەزانێ کورد کێشەی هەموو ناوچەکەیە و دەبێ بە لایەکدا بکەوێ چ کەم یا زۆر، بەڵام دیمەشق زۆر سەرسەختە لەو بارەیەوە و هێشتا گیرۆدەی ئایدیۆلۆجیا عروبەییەکەی حزبی بەعسە لە سوریادا.

کەش و هەوای دنیای سیاسی نوێ…

پێدەچێ، دنیای جەمسەرە نوێیە ئابوریەکانی وەک بریسک BRISC بە ئیزافەی سعوودیە و جەزائیریش لەوانەیە تورکیاش بێتە ناوی؛ و، قوتبی سیاسی و سەربازی روسیا و چین کە دنیای کردووە بە دوو بەشەوە هێمنیەکی سیاسی بە ناوچەکە بدات کە کورد بەشێکی گرنگی ناوچەکەیە لە ناو تورکیادا لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا قوتبێکی گرنگن و لە هاوکێشە نێوخۆییەکاندا هیزێکە ناتوانرێ بەری پێ بگیرێ هەرچەندە بەرەو رووی بەربەستی سیاسی و قانونی حکومەتەکانی تورکیا دەبنەوە. تورکیا لە هیچ یەکێک لەو وڵاتانەی تر ناچێ کە کوردی تێدا هەن، نەک لەبەرئەوەی بەشێکی لە ئەوروپادایە و شتە کۆنەکانی تر، بەڵکو بونیادی دەوڵەتی وڵاتەکە کە خاوەن سیستەمێکی سیاسی و  قانونی گرنگە، هەرچەندە کورد تێیدا زۆر کەم سوود مەند بووە لێی، کە دەتوانرێ هەر ململانییەکی سیاسی تێدا بچێتە پێشەوە. دیارە هەستیارترین ململانێی سیاسی کورد و مەسەلەکەیەتی کە بەرە بەرە وا دەبێتە پرسێکی هەمەلایەنەیی لەو ولاتەدا سەرباریی هەر سەختی و رێگری و بەربەستیەک. پرۆسەی هەڵبژاردەکانی ئێستا پێمان دەڵێن کورد یەکێکە لە کینگ مەیکەرەکان “King maker”. دیارە لە دنیای سیاسەتدا کینگ مەیکەر گەر بە قەد کینگ خۆی گرنگ نەبێ ئەوا کەمتر نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.