بۆپێشەوە پێی نایە حەوتەمین ساڵی بەردەوام بوونی…

0

ئەمڕۆ ١/٤/٢٠٢٣ بۆپێشەوە پێ دەنێتە حەوتەمین ساڵی تەمەنیەوە. کاتێک کە دەستمان برد بۆ دەرکردنی بۆپێشەوە وەکو بڵاوکراوەیەکی چەپ و کۆمۆنیستی و ئازادیخوازنە، زۆر کەس و تەنانەت بەشێک لەهاوڕییان و دۆستانی نزیکی خۆشمان لایان وابوو، دەستبردن بۆ پرۆژەیەکی ئاوا سەختە، بەتایبەتی گومانیان لەوە هەبوو بۆپێشەوە بتوانێت لەکاتی خۆیدا دەربچێت و درێژ مەودا بەردەوام بێت و بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێت… بەڵام خۆشبەختانە بەهەوڵ و ماندوووبوونی ژمارەیەکی کەمی هاوڕێی خۆبەخش و ماندوونەناس، بەڵام پڕ هیوا و خاوەنی بڕیار و دیدی ئامانجدرانە و درک کردنی گرنگی بڵاوکراوەیەکی ئاوا، توانرا بۆپێشەوە نەک لەکاتی خۆیدا دەربچێت و ساڵەکان پشت سەر بنێت، بەڵکو بەکردەوە بووە ئەو دەنگ و مینبەر و سەکۆ جیاوازەی ئەگەر هەرکەسێک بەخێرایی سەیری ژمارەیەک یان چەند ژمارەیەکی بۆپێشەوە بکات، یان سەردانێکی ماڵپەرەکەی بکات، لەیەکەم نیگادا بڵاوکراوەیەک، دیدێک، میدیایەک، سایتێک… دەبینێت، کە نەک لەهیچ سایت و رۆژنامەو گۆڤار و میدیا و ماڵپەڕێکی تر ناچێت، بەڵکو تەواو جیاواز و تەنانەت پێچەوانەیانە.

بۆپێشەوە رۆژنامەو بڵاوکراوە و ماڵپەرێکی بی ئاسۆ و بێ ئامانج نییە، بێ هێڵ و دیدگای تایبەت نییە، وێڵ و بی خەت نییە، بەڵکو ئاسۆدار و خاوەن هیڵ و خەتێکی دیاریکرا و ئامانجدارانەیە… کەس ئاراستەی ناکات، بەڵکو ئاراستە کارە. ئەگەر زوربەی هەرەزۆری میدیا و رۆژنامەو گۆڤار و بڵاوکراوە و سایتەکان تا دەگاتە  پەیجەکانی ناو سۆشیال میدیا، بە حزبی و نا حزبیەوە، بە سیبەر و ناسێبەرەوە، خەریکن بەرگری لەدەسەڵات و حزبەکان دەکەن، یان رەخنەگرێکی شل و شێواو و روکەشن، پاشکۆی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی بودەڵەی چاو لەدەستی دەسەڵاتن، یان زوربەی هەرەزۆریان بەشیکن لە سیستەمی سیاسی گەندەڵ و بەرهەمی ئەو گەندەڵی و تاڵانیەن کە لەکوردستان هەیە، ئەوا بۆپێشەوە چ بە بڵاوکراوەکەی و چ بەسایت و پەیجی ناو سۆشیال میدیایەوە، رەخنەگری هەلومەرجی باوە، رەخنەگری سیستەم سیاسی زاڵە، رەخنەگری حزب و لایەنەکانی پارێزەری دەسەڵاتە، زمانحاڵی خەبات بۆ ژێرەوژورکردنی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەو سەرمایەدارییە، بڵنگۆی رەخنەی کرێکاری هوشیارە بەدژی نەزم و نیزامی زاڵمانە و چەوسێنەرانە و هەڵاواردن ئامیزی ئێستایە… ئەگەر بەشی هەرەزۆری نووسەر ومیدیا و سایت و رۆژنامەو گۆڤارەکان، خەریکن رەخنە لەدەسەڵات دەگرن، بۆ بەرگری لەکوردایەتی، ئەوا بۆپێشەوە جێگای حزبەکان وەکو دەرهاوێشتەی بزوتنەوەی کوردایەتی دەخاتە ڕوو… وە کوردایەتی وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی ناکۆک بە زاتی ئینسان و ئازادی دەناسێنێ و رەخنەی دەکات.. بۆپێشەوە زمان حاڵی ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆیەکی تەواو جیاواز لە ئاسۆی جۆراوجۆر و بزوتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازی و کوردایەتی و ئیسلامیان…هەیە.

هەموو ژمارەیەکی بۆپێشەوە، گرنگترین و مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کاتی خۆی دەکاتە بابەتی ژمارە، و بڵاوکراوەیەک نییە بە بابەتی وێل و بێ پەیوەند ژمارەکانی سەر یەک بخات، کەم مەسەلەیە و روداو هەیە بەسەر بۆپێشەوەدا تێ بپەڕێت. بۆپێشەوە هەوڵی داوە گرنگترین مەسەلەی سیاسی رۆژ، بکاتە ماتریاڵی ژمارەکانی کە لەڕوانگەی چینی کرێکار و جەماوەری ستەم دیدەوە. واتە بۆپێشەوە دوای قەرەباڵغی ناکەوێت و نەبۆتە پاشکۆی رووداوەکان و روداوەکان نین بۆپێشەوە پەلکیش دەکەن، بەڵکو بۆپێشەوە خۆی پێش روداوەکان پێشبینی و قسەی ئیسپاتی خۆی دەکات و لەسەر روداو پیشهاتەکانیش، لە دیدێکی تەواو جیاوازەوە لێکدانەوەی خۆی دەکات و ڕیگاچارەو بەدیل دەخاتە ڕوو.

لایەنێکی تری بۆپێشەوە پابەند بوونیەتی بە یاساو رێسا راگەیەنراوەکانی… بۆپێشەوە هەمیشە لەکاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن دەردەچێت… جێگای هیچ بابەت و بۆچونێکی نەتەوەپەرستی، دواکەتوویی، کۆنەپەست و ئیسلامی، هەلاواردان ئامیز، پیاوسالار، دژە ژن، دژە ئینسان و مافی مناڵ…تاد، تیا نابێتەوە. جیا لەوانە زمان حاڵی هیچ حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی نییەو بێ گوێدانە ناسنامەی حزبی و رێکخراوەیی هەر قەڵەبەدەست و کەسایەتیەکی چەپ و کۆمۆنیست، ئازادیخواز و بەرابەریخواز، بابەتی بۆی ناردبێت یان لەهەر گۆشەیەکیدا بەشداری کردبێت، دەرگای بۆ کراوە بووە… هەروەها بۆپێشەوە نەبۆتە بڵاوکراوەیەک بۆ کۆکردنەوەی بابەتی پێشتر بڵاوکراوە و  دوبارە بڵاوکردنەوەی، بەڵکو پەیرەوی لەو بەندە کردووە کە پێشتر رای گەیاندووە، کە بابەتی پێشتر بڵاوکراوە، بڵاوناکاتەوە…

لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا، بۆپێشەوە بە مانای وشە پابەندی هیڵی سیاسی و فکری و ریسا راگەیەنراوەکانی خۆی بووە، هەموو ئەوانە چ ناوەرۆک و خەتی سیاسی و فکری و چ پابەند بوونی بە رێسا ڕاگەیەنراوەکانی، چ هەمەرەنگ بوون و بوونی چەندین گۆشەو تەوەرەی تایبەت و دۆسیەی گەرمی سیاسی وای کردووە رۆژ بەرۆژ بۆپێشەوە متمانەی زیاتر بەدەست بهێنێت… رۆژ بەرۆژ خوێنەرانی زیاد ببن و بە تاسەوە چاوەروانی دەرچوونی ژمارەکانی بکەن… دیارە هەموو ئەوانە بەو مانایە نییە بۆپێشەوە هیچ کەم کورتی نییە، یان جێگا دڵخوازی ستاف و خوێنەرانیەتی، نا، هێشتا بۆپێشەوە پێویستی بە بەرەوپێشچوونی زیاترە، پێویستی بە وردبینی و قەڵەمی ترە، پێویستی بەوەیە بەمانای وشە ببێتە زمان حاڵی چینی کریکار و جەماوەری بێبەش و بزوتنەوە نارەزایەتییە کۆمەڵایەتییە پیشکەوتنخوازو ئازادیخوازەکان… ئێمە بۆ ئەو ئامانجە بەردەوامین.

بەداخەوە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و رۆژنامەنووسی چەپ و کۆمۆنیست و بەرابەریخواز…جێگایان لە بۆپێشەوەدا خاڵییە… هێشتا بە هۆکاری جیاجیا، خۆیان لە بۆپێشەوە دوور گرتووە، لەجێگای ئەوەی بۆپێشەوە بکەنە مینبەر و سەکۆیەک بۆ کاری ریکخراو ئامانجدارانە و بەکۆمەڵ، گیرۆدەی پەیجی تایبەت و ماڵی خۆیانن و بە پەیجیكی فەیس بوک کە هەیانە رەزایەتیان داوە… وە بی نەخشە و ئامانجێکی دیاریکراوی رۆشن، دەنووسن و بابەت بڵاودەکەنەوە… گومان لەوەدا نییە، ئەگەر بەشێکی ئەو قەڵەم بەدەستە چەپ و کۆمۆنیستانە، بێن و بەکار و خەتی بۆپێشەوە پەیوەست بن، گومان لەوەدا نییە، چ کاریگەری نووسین و بابەتەکانیان زیاتر دەبێت و بە خوێنەری زۆرتر دەگات و چ بۆپێشەوەش تەکانێکی تر دەدات… بۆپێشەوە هیچ سنور و سانسۆریکی بۆ هیچ قەڵەم و نووسەرێکی چەپ و کۆمۆنیست نییە، کە پەیرەوی مەوازینە راگەیەنراوەکانی بکات…

بۆپێشەوە لە حەوتەمین ساڵرۆژی بەردەوامی خۆیدا، بەڵێن دەدات، وەکو هەمیشە و بێگودانە ناسنامەی حزبی ریکخراوەیی، دەرگای کراوە بێت بۆ هەموو قەڵەمێکی چەپ و کۆمۆنیست و بەرابەریخواز و ئینسان دۆست… وە بەڵین دەدات کە لە تێکۆشانی میدیایی خۆیدا، نوێنەرایەتی دەنگی کریکارانی نارازی، ژنانی ستەم لێچوو ئازادیخواز و یەکسانیخواز، لاوان و خوێندکارانی خوازیاری دنیایەکی باشتر، ستەم لێچوانی ناڕازی و تیکۆشەرانی دژی هەڵاوردن و بێمافی و چەوساندنەوە و ئەدیب و هونەرمەندانی یاخی لە بێمافی و ستەم و بێت. بۆپێشەوە سەکۆیەکە کە دەتوانرێت لێیەوە هەم هاواری زولملێکراوان رابگەنێ و هەم رێگای ریکخراوبوون و رزگارییان بخاتە ڕوو. بۆپێشەوە دەنگی “نا” وتنە، بە هەلومەرجی باو، بەستەم و نابەرابەری چینایەتی و هەلاواردنی قەومی و رەگەزی و جیاکاری نیوان ژن و پیاو و بیمافی مناڵان. دەنگی ئینسانی گەراو بەدوای ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتی بەرابەری ئینسانییە… سەکۆی راستبیژی و سازش هەڵنەگرە لەبەرامبەر بە کۆنەپەرستی و دواکەتووییدا. لەکوێ ستەم هەبێت، بۆپێشەوە لەوێیەو دژی ستەمە… وەرن بۆپێشەوە بەدەستەوە بگرن، بۆ بنووسن و بڵاوی بکەنەوە، رەخنەو سەرنجی خۆتانی پێ رابگەیەنن، لە پیشنیاراتی خۆتان بێبەشی مەکەن… کۆمەڵگەی کوردستان لێوان لێوە لە دەزگاو میدیا و رۆژنامەو گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایت و پەیجی هەمەرەنگی سۆشیال میدیا و دەیان هەزار قەڵەمی کڕدراو و مۆڵەتپێدراو. لێوان لێوە لە دەنگی قەوم پەستی و پیاوسالاری و دواکەوتوویی و نۆکەرپیشەیی دژە ژن،  لیوان لێوە لە دژایەتی مافی ئینسان و مناڵ، لێوان لێوە لە دژایەتی سەرەتاییترین مافە فەردی مەدەنیەکان و ئەدەب و هونەری بەرگری لە ستەم و بێمافی و هەڵاواردن ئامێز، لەناو دڵی ئەو ئۆقیانووسە لە میدیای خزمەتکاری سەرمایەو حزبەکانی بەرگری لەم نیزامە، لەناو دڵی ئەو ئۆقیانووسە لە میدیا بۆ شاردنەوەی ستەم و نابەرابەری و بێمافیدا، بۆ بەلارێدابردنی خەبات و خولیاو هیوای ئازادیدا، لە ناو میدیای زۆر و بێ کۆتا بۆ بێئیرادەکردنی ئینساندا… بۆپێشەوە دەنگی رەسای رەتکردنەوەی ئەو هەموو جۆرە ستەم و بیمافی و چەوساندنەوەیەکە، لە پێناو دنیایەکی باشتردا…

بۆپێشەوە

١/٤/٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.