جەنگی چینایەتی لە فەرەنسە! … نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بڕیاری دەوڵەتی ماکڕۆن بە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، فەڕانسە یەکێک لە مەڵبەندەکانی پیشەسازی و تەمەدونی دنیای ئەمڕۆی گۆڕی بە مەیدانی نەبەرد و جەنگێکی گەورەی چینایەتی لە نێوان دوو ئۆردوی چینایەتی دنیای ئەمڕۆ، لە نێوان چینی کرێکارو بۆرژوازی، لە نێوان کار و سەرمایە.
هەرچەندە ئەم نەبەردە لە دەوری ئەم مەسەلەیە ئەم دوو ئۆردۆوە چینایەتیەی کێشاوەتە مەیدان، بەڵام هەلومەرجی کاپیتالیزمی ئەمڕۆ و دورنمایەکی تاریک کە هێنایەتە ئاراوە، ئاماژەی ڕوون و ئاشکران بەوەی کە ئیتر دەورانی جەنگێکی چینایەتی گەورەتر بەم زوانە و لەم دەورانە مێژووییە تایبەتەدا لە ئاسۆدایە کە بە ناچاری دەبێ چوارچێوەی ئەو هاوسەنگییەی تا ئێستا کە تیایدا جۆرێک سازشی چینایەتی تێیدا زاڵ بوو، تێپەڕێنێ. هەلومەرجێک کەتیایدا نە ئۆردوی سەرمایە و بۆرژوازی دەتوانێ هاوسەنگی و ئەو ئاستی ژیانە تەحەمول بکا و نە چینی کرێکاریش دەتوانێ ئەم دورنمای کاپیتالیزمێکی ڕەشتر و بەربەریتر و لەوەی ئێستاش تاریکتر و ڕەشتر بەو ئاسانیە قبوڵ بکا. بەو پێیە و بە شێوەی واقیعی و لەسەری ناچاری، خەباتی چینایەتی پێست و چوارچێوە قبوڵکراوەکانی پێشوو کە تیایدا هەردوو لایەنی ئەم کێشمەکێشه چینایەتیە هەرچۆنێک بووبێ ملیان بە سازشێکی چینایەتی دیاریکراو دا بوو، تێکدەشکێنێ.
ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە ئەم سەردەمە ئیتر سەردەمی گەڕانەوەی بههێزی باس و پرسی خەباتی چینایەتیە، سەردەمی گەڕانەوەی ئەو باسەیە کە دنیا و چارەنوسی هەموو دنیا، هەموو مرۆڤایەتی لەسەر خەبات و کێشمەکێشی چینایەتی بەندە. ئیدۆلۆژی باو، فەرهەنگی باو دوای شەڕی سارد فەرمانی ئەوەیان دابوو گوایە ئیتر دنیای بۆرژوازی، لە کابوسی خەباتی چینایەتی، ڕزگاری بووە، فەرمانی ئەوەیاندابوو کە خەباتی چینایەتی خوڵقاوی ئایدیۆلۆژیە، خوڵقاوی مارکس و کۆمۆنیزمە و تەواو بووە. کۆمەڵگە چینایەتی نییە، ئابوری و سیاسەت و دین و بیروباوەڕەکان چینایەتی نین، هەژاری و بێکاری و بێمافی سیاسی و بێخانە ولانەیی چینایەتی نین و ڕیشەییان لە مەنتیق و واقیعی چینایەتی بوونی کۆمەڵگەدا نییە.
بەو پێیە کورتیەکەی چەندین ساڵ درۆ و ڕیاکاری و گێژکردنی هۆش و ویژدان و لە قاڵبدانی ئیرادەی مرۆڤ، سەرەنجام جارێکی تر ئەو ڕاستیە خەریکە لە هەرکات زیاتر بە هێزەوە لە هەستانی پڕۆلیتاریای پاریس و فەڕانسە خۆی دەسەلێمێنێ کە ئەم کۆمەڵگەیە، ئەم دنیایە و ئەم شێوە ژیانە، بە هەموو ناشیرینی و قێزەونیەکانیەوە، بە هەموو جەنگ و کوشتارەکانیەوە، بە دین و ئایدیۆلۆژیاو ئەخلاقی باویەوە، بە دەوڵەت و پۆلیس و قانونیەوە، بە هەڵبژاردن و پەرلەمانیەوە، بە زیندان و تاوان و تەواوی سیستەمی داد و قەزاییەکەوە، بە چاکەکار و خراپەکاریەوە، چینایەتییە. بۆیە پڕولیتاریای پاریس و فەڕانسە لەو چەند ڕۆژەدا ئەم پڕوپوچیەی وەڵامدایەوە و کۆتایی پێهێنا نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەقودرەتەوە نیشانیدا کە جیهانی ئەمڕۆ جیهانی ئەم کێشمەکێشە چینایەتیەیەو هەموو شتێک و هەرشتێک کە ڕوودەدا بەسەرەنجامی ئەم کێشمەکێشە چینایەتییەوە بەندە. بەپێی ئەوە ئەو دەرکە قوڵە مارکسیستیەی کە دەڵێ دینامیزمی ئاڵوگۆڕ و مۆتۆڕی مێژوو شتێک نییە جگە لە خەباتی چینایەتی نێوان ئەم دوو هێزە کۆمەڵایەتیە و ئەم خەبات و ململانێ چینایەتیە قوڵە مۆری خۆی لە چارەنوسی ئاڵوگۆڕەکان دەدا.
نەک هەر کۆمۆنیزمی بۆرژوایی، نەک هەر سۆشیالیزمی بۆرژوایی و سەرمایەداری بە چارەی ئینسانیتر کۆتایی پێهاتوە، بەڵکو تەنانەت خۆری دیموکراسی و پەرلەمانتاریزمی بۆرژوایی لە دڵی سەرمایەداری و مەدەنیەتی ڕۆژئاوادا لە قەیران و سەرلێشێواوی و پەرێشانیەکی ئایدیۆلۆژی و فیکری گەوەرەدا دەژی. قەیرانێکی گەورە و قۆلی ئابوری و سەرلێشێواویەکی ئایدیۆلۆژی بێوێنە کە سەرمایەداری ڕۆژئاوا و ئەو بلۆکەی لەهەرکاتێکی زیاتر بێچارە کردوە. هەلومەرجێک کە وایکردوە ئەم کەمپە هەموو ڕوخسارێکی نەرم و نیان و هەموو پەردە و پینەوپەڕۆیانەی کە ئەم کەمپەی قابیلی تەحەمولتر نیشان دەدا فڕێ بدا و بە زمانی جەنگ و ئۆتۆم و بردنی دنیا تا ئاستی وێرانیەکی کەم وێنە بێت و قسە بکا. ڕێکخستنی ئابوری جەنگ و پیادەکردنی سانسۆری ئاسنین لەسەر تەنانەت چالاکی وەرزشی وهونەری و ئەدەبی و گەمارۆی ئابوری و برسیکردن و قەدەغەکردنی میدیای دەرەوەی ئەم کەمپە و داخستنی ئەم کەمپە بەسەر هەر بۆچون و تێگەیشتنێکی دەرەوەی ئەم کەمپە و دەستکردنەوە لە کرێکاران و بەرەڵاکردنی پۆلیس و بەکارهێنانی سەرکوت و داپڵۆسینی گەورە و بێوێنە لەدژی چینی کرێکار، چارەی سەرمایەداری دنیای ئەمڕۆی بێپەردەتر لەهەمیشە دەرخست. قەساوەت و دڵڕەقی و بەزەبرو زەنگێک کە پۆلیسی ئەم کەمپە دیموکراتە لەبەرامبەر کرێکاران بە جۆرێکە کە دەنگی نیهادەکانی مافی مرۆڤ و هێندێک ئۆرگان و دەزگا تری چینی دەسەڵاتداری دەرهێناوە. بە جۆرێک کە باسی سەدان زیندانی و هەزاران حاڵەتی بریندار بوونی سەخت و قورس دەکەن. پاریس تا شار و شوێنی ژیان، گۆڕاوە زیاتر لە مەیدانی جەنگێکی گەرم و سەربازگا دەچێ. ئیتر ئەم خەبات و جەنگە، ئەم نەبەرد و پێکدانە چینایەتییە، ئەفسانەی تۆلێرانس و تەحەمولی سەرمایەداری گەیاندە دوا خاڵی خۆی. پڕۆلیتریای فەڕانسە هەر لەم ئاستەی ئێستایدا پێشقڕاوڵی ئەم ئاڵۆگۆڕەن.
وەڵامی سەرمایەداری ئەمڕۆ، ڕێکخستنەوەیەکی زۆر ڕاسڕەوانەی دنیای سەرمایەداری و ڕێکخستنی ئابوری کاری هەرزانە لەسەر ئاستی هەموو دنیا. ئەم دورنمایە، ئەم ڕێکخستنەوەیە بەبێ ناچارکردنی چینی کرێکار بەم چارەنوسە لە ئەوروپا مومکین نییە. ئەمە ناوەڕۆکی ئەو جەنگە گەورەیە کە بۆرژوازی لە دنیای ڕۆژئاوا لە دژی چینی کرێکار ڕایگەیاندوە. خەریکن دەڵێن سەرمایەداری ڕۆژئاوا بەبێ کاری هەرزان ئیداره ناکا، خەریکن دەڵێن هێزی کاری هەرزان، بەبێ ڕزگاربوون لە هەموو جۆرە بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵگە ودەوڵەت لەبەرامبەر لانی کەمەکانی ژیانی چینی کرێکار و بەگشتی مرۆڤ مەحاڵە. خەریکە دەڵێن ئیتر بۆ ئەوەی سود و زێدەبایی نەهێتەخوار، دەبێ هێز و توانست و ژیان و تەمەنی چینی کرێکار تا ئەوپەڕی، تا دوا دڵۆپ تا دوا ساڵەکانی تەمەنی پیری بخرێتە خزمەتی سەرمایە. ئیتر سەرمایە و سەرمایەداری پێویستی بە هیچ پەردەیەک و هیچ پاساوێکی چاکەکاری و چاکەخوازیەک نییە. ئیتر بۆ داسەپاندنی ئەمە سەرمایە دەبێ بە زمانی خۆی قسه بکا.
ئیتر سەردەمی سازشی چینایەتی و سەردەمی ئەوەی کەبکرێ بە هیچ ئاستێکی ژیانیکی باشتر، بە هیچ ئاستێکی ژیانیک ئازادتر ئومێدەوار بین یان تەنانەت بکرێ چاوەڕوانی مەدەنیەتێکی زۆرتر بکەین لە سایەی دەسەڵاتی سەرمایە و کۆیلایەتی کاری کرێگرتە لە دنیای ئەمڕۆدا، کۆتایی پێهاتوە و لە ئەفسانەیەک زیاتر نییە. هەر ئەندازەیەک لە ئازادی و خۆشبەختی زیاتر، هەر ئەندازەیەک ئومێد پەیداکردن تەنیا دەکرێ لە ڕێگەی ڕزگاریەکی سۆشیالسیتی و کرێکاری و ڕادیکاڵەوە بەدیبێت. هەلومەرجی ئەمڕۆ ئەگەر بە دیوێکیدا ئەم دیوە تاریکەی ئایندەمان نیشاندەدا، بەڵام بە دیوەکەی تردا لە ڕێگەی هاتنەمەیدانەکانی ئەمڕۆی پاریس و بەرلین دیوە گەشەکەی خەباتێکی چینایەتی پڕۆلیتاریامان نیشاندەدا کە بۆ ڕزگاری خۆی لە سەرمایە و سەرمایەداری ناچارە ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی بێت و ناچارە بۆ ڕزگاریەکی بنەڕەتی و سۆشیالیستی تێبکۆشێ.