وەهم بە بەغدا، بەزیانی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری!!

0

لەگەڵ هەڵکشانی رۆژ بەرۆژی تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، خۆشباوەری بە بەغدا و پرسی گەرانەوە بۆ بەغدا، لە نێو بەشیک لە خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەناو هەندێک هیزی سیاسشدا، دەبیسترێت.

هۆکاری سەرەکی ئەوەی بەشیک لە خەڵکی کوردستان خۆزگەی گەرانەوە بۆ ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەند و داواکاری مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم بە وێنەی پاریزگاکانی عیراق و تەنانەت هاتنە گۆرێ پرسی لامەرکەزی… بەدەستەوە دەگیرێت، لە بنەرەتەوە پەیوەندی بە کارنامەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە هەیە، کارنامەیەک لە لایەکەوە برسێتی و هەژاری و دارمان ویران بوونی خزمەتگوزارییەکان و بەرینبوونەوەی بێکاری و دواکەوتنی و موچە و برینی موچە و لەلایەکی تریشەوە هیرشی بەردەوامی دەسەڵاتە بۆسەر کەشی نیوە کراوەی کوردستان و پەراویزە زۆر لاوازەکانی ئازادی و ئازادییەکان و هیرشە بۆسەر مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان و لەوەش زیاتر دیار نەبوونی ئاییندەی سیاسییە.

گومان لەوەدا نییە خەڵکی کریکار و نەداری کوردستان، مافی خۆیانە لە پێناو ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان، بەدوای ژیانێکی باشترەو بن و بۆی تێبکۆشن. هۆکاری ئەوەی کە ژمارەیەک لە خەڵک کوردستان بەدوای گەرانەوە بۆ بەغدا یان چاوەروانی ئەوەن موچە و خزمەتگوازرییان زامن بێت، ئەوە دەزانن کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەندیدا، فەرمانبەران موچە لەکاتی خۆیدا و بێ لێبرین وەردەگرن، کیشەی نەوت و غاز وسوتەمەنی و هاتوچۆ و ئاو و کارەبایان کەمترە، کە ئەوەش قورسایەکی گەورەی خستۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان.

ئەو خواستەی هاوڵاتیان بۆ ژیانێکی باشتر و تەنانەت پەرەسەندنی وەهمی خەڵکی کوردستان بەوەی لەژیر سایەی دەسەڵاتی ناوەندیدا ژیان و گوزەرانیان تا ڕادەیەک باشتر دەبێت و کەمێک لە قورسایی سەر شانیان کەم دەبێتەوە، بەر لەهەموو شتێک بەر لەوەی پەسەندی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا بێت، رەتکردنەوەی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بزوتنەوەی کوردایەتییە، کە هیچ دەرەتانێکی بۆ ژیان و گوزەرانی چینی کریکارو  نەداری کوردستان نەهێشتۆتەوە.

بەڵام کێشەی سەرەکی وەهم بەدەسەڵاتی ناوەندی و بەغدا لەلایەن بەشێک لە خەڵکی کوردستانەوە، ئەوەیە کە بەهۆی کارنامەی نەنگینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە، خەریکن رەوایەتی بەدەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی هیزە بۆرژوازییەکانی عیراق دەدەن، تا رادەی خواستی گەرانەوەی قەڵەمرەوی سیاسی کوردستان بە دەسەڵاتی بەغدا و ناوەندی، ئەوە لە کاتێکدایە چ تاڵانچیتی و مافیایی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد رەوایەتی بە دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا نادات و چ کارنامەی دەسەڵاتی سیاسی لەناوەند هیچ رەوایەتیەک بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد نادات.

ئەگەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد هۆکاری سەرەکی بێدەرەتانی هەمەلایەنەیە بۆ جەماوەری فراوانی خەڵک،  و دەمێکە کەوتووەتە بەرامبەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی فراوان و کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە بووەتە خواستێکی بەرینی جەماوەری، ئاواش دەسەڵاتی بۆژوازی عەرەب بە” سونی و شیعی، بە قەومی و ئیسلامی”یەکەیەوە… هۆکاری سەرەکی بێ دەرتانی و بێ بەشی چینی کرێکار و جەماوەری نەدارە و لە ناوەندیش دەمێکە کەوتۆتە بەردەم بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی فراوانی جەماوەریی و ملیۆنییەوە، خۆپیشاندانە ملیۆنیەکانی شوباتی ٢٠١٩ گۆشەیەک لە ڕاچەنینی جەماوەری بوو بەدژی دزی و تاڵانی و گەندەڵی و بێ مافی و سەرکوتی سیاسی و دەسەڵاتی میلیشیاکان و نۆکەر پیشەییان بۆ وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە…

دابین بوونی موچە و زامن بوونی لانی کەمی سوتەمەنی، لە ناو دەریای نەوت و سامانی بێ ئەوپەڕ و داهاتی فرۆشی نەوتی خەیاڵیدا… لە عێراقدا دەستکەوتێک نییە بۆ خەڵکی بێبەشی عێراق، تا خەڵکی کوردستان خۆزگەی پێ بخوازێت… ئەو دەسەڵاتەی لە بەغدا بۆتە ملۆزمی سەر ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و جەماوەری نەداری عێراق، وەکو دەسەڵاتی دزانی سەدە دەناسرێت… ئاماری دزی سەدان ملیار دۆلاری کە داهات و قوتی جەماوەری نەداری عێراقە، بۆتە ناسنامەی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە عێراقدا… بەم جۆرە دەسەڵاتی بۆرژوازی لە عێراقدا، هاوشان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هیچ رەوایەتیەکیان نییە و هەردوو لایان سەراسەری عیراقیان کردۆتە مەیدانێک بۆ تاڵانی و دزی کەڵەکەی سەرمایەو نوێنەرایەتی چینی بۆرژوازی دەکەن و هیچ لایەکیان بایی سەرە دەرزیەک پیشکەوتنخواز نین و لە ئاست وەڵامدانەوە بەسەرەتاییترین خواستە زۆر زەوەندەکانی چینی کرێکار و جەماوەری نەدار نەک نین، بەڵکو لەسەر مژین و دزینی دەسترەنجی ماندوبوونی ئەوان و تاڵانی ئاشکراو سیستماتیکی داهاتی جەماوەری بیبەش، ژیانی شاهانەیان بۆ خۆیان و بۆرژازی لە عێراقدا فەراهەم کردووە و لەبەرامبەردا دۆزەخێکی ئاشکرایان بۆ چینی کریکار و جەماوەری بیبەش خوڵقاندووە. دزی و تاڵانی و نەبوونی و بیکاری و گرانی و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان و نۆکەر پیشەیی ژێر پیخستنی ئیرادەی تاکەکان و کۆنەپەرستی…تاد بۆتە ناسنامەی ئاشکرای هەردوو دەسەڵات لە ناوەند و لە کوردستان. هەر ئەو دەسەڵاتەی لە ناوەند بەسەدان ئینسانی لە خۆپیشاندەران خەڵتانی خوین کرد کە داوای نان و ئازادی و شکۆ ئینسانیان دەکرد و بە هەزارانی برینداو دەستگیر و زیندانی کرد و بە گروپە میلیشیاکانیش دەیان رابەری بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکان و خۆپیشاندانەکان تیرۆر کرد، هاوشانی دەسەڵاتی بۆژوازی کوردە لە سەرکوتی نارازیان و خۆپیشاندەران و راوەدونان و کە نموونەکانی لە ١٧ شوبات و رۆژانی دواتردا، بۆنەتە ناسنامەی درندەیی دەسەڵاتی بۆژوازی کورد لە بەرامبەر بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەیدا…

خواست و خۆزگە خواستن یان خۆشباوەری بەوەی دەسەڵاتی ناوەندی ببیتە جێگای ئومید بۆ باشتر بوونی ژیانێکی باشتر و دەستراگەیشتن بەبەشیک لە داواکارییەکان، نەک هەر وەهمە، بەڵکو لەوەش زیاتر دەرگا بەرووی خەباتی جەماوەی خەڵکی کوردستان بەڕووی هەر ئاڵوگۆڕ و باشبونێکی بەرچاو بە خەباتی خۆیان دادەخات و گورزی سەرەکی لە بزوتنەوەی نارەزایەتی لە کوردستاندا دەسرەوێنێت. جیا لەوەش دەبێتە هۆی خۆشباوەری بەخشین بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی رەنگاو رەنگی بۆرژوازی عێراقدا.

رێگای زامن بوونی موچە لەکاتی خۆیدا و زیادکردنی، دەستراگەیشتن بە سوتەمەنی، فەراهەم بوونی خزمەتگوزارییەکان و فراوانکردنەوەی پەراویزەکانی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و…تاد. گەرانەوەو خۆزگەخواستن بە گەڕانەوەی قەڵەمرەوی سیاسی کوردستان بۆ ژیر دەسەڵاتی ناوەندی یان سیستەمی لامەرکەزی، نییە، بەڵکو لە هەنگاوی یەکەمدا بەندە بە بەرووبەرووبونەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و دریژەدانە بەخەباتی جەماوەری و ریکخرابوون تا رادەی دەرهێنانی ئەم كۆمه‌ڵگه‌یە لەژێر ڕکێفی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی حزبە ناسیۆنالیستەکان. وە راکیشانی پشتیوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری عێراقە بۆ خواستەکانیان و لێک هەڵپێکانی خەباتیانە لەگەڵ یەکتری، و وەلانانی ‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی بۆرژوا-ناسیونالیستی كورد و دامه‌زراندنی‌ دەسەڵاتداریتی شورایییە…

تەنانەت نابێ بیرمان بچیت کە فیدراڵیزمی قەومی کە رێکەوتنی سیاسی نێوان بۆرژوازی کورد و عەرەبە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، هۆکاری ڕاستەوخۆی گرفتاربونی کوردستانە بەجۆرەها کێشە و گرفت… بۆیە بۆژوازی عیراقی نە هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ خواستی خەڵکی کوردستان لەهیچ ئاستیکیدا نییە، بەڵکو پشتیوان و دەست لەناو دەستی بۆرژازی کوردە بەدژی خواست و مافەکانی خەڵکی کوردستان، بۆیە هەر چەشنە خۆشباوەرییەک بە دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا، لەلایەکەوە رەوایەتیدانە بەدەسەڵاتی تا سەرمۆخ کۆنەپەست و دژە ئینسانی بۆرژوازی عیراقی و هاوکات گورزێکی گەورە لە هاوخەباتی نیوان خەڵکی بێبەشی عیراق و کوردستان دەدات و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریش لە کوردستاندا، زیانبار دەکات. بەهێزکردنی گیانی هاوخەباتی و هاوپشتی چینی کرێکاری کوردستان لەگەڵ چینی کرێکار لە عێراق و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئەو ڕیگا دروست وکارسازەیە کە دەتوانێت هەم داواو داخوازییە دەستبەجی و رۆژانەیەکانی دابسەپێنێت و هەم پرۆسەی راماڵینی دەسەڵاتی بۆژوازی کورد و هێز و دەسەڵات و هێزە قەومی و دینییه‌کان، لە پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا بباتە پێشەوە.

 عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.