حەسەن مارف: خەڵکی شۆرشگێڕی ئێران هیچ  هێماو نیشانەیەکی نەتەوەییان نەکردۆتە نیشانەی شۆرشەکە، شۆڕشەکەیان کە بە (ژن، ژیان. ئازادی ) دەستی پێکردووە. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی حەسەن مارف چالاکی سیاسی، سەبارەت بە هەستان و راپەرینی خەڵکی ئێران و ئایندەکەی…

0

بۆپێشەوە: با بەو پرسیارە دەست پێ بکەین، ئەوەی لە ئێران روودەدات چییە؟ شۆرشە، ڕاپەرێنە، هەڵچوونە؟… تۆ چ ناوێک لەم بزوتنەوەیە دەنێیت کە چەند مانگە درێژەی هەیە؟

حەسەن مارف: هەڵبەتە ئەوەی لەئێران ڕوو ئەدات و ئەتواننم بڵێم تا ئەم کاتەی قسەی تیادا ئەکەم درێژەی هەیە ئەوە شۆرشێکی گشتگیری گەلانی ئێرانە، بزوتنەوەیەکی میللییە  بەدەر لەهەر ئەجیندایەکی حیزبی.

بۆپێشەوە: کۆمەڵگەی ئیران کۆمەڵگەیەکی موزائیکییە، کێشەی نەتەوەیی واقعێەتیکی ناو ئەو کۆمەڵگەیەیە، پرسی نەتەوەیی چ جێگایەکی لە بزوتنەوەی شورشگێرانەی ئێستای ئیراندا هەیە…؟

حەسەن مارف: کۆمەڵگەی ئێران کەڕاستر بڵێم کۆمەڵگەی گەلانی ئێران کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوەو فرە مەزهەبییە، ڕاستە چەوسانەوەی گەلانی  ئێران، دەسەڵاتی  ئاخوندی ئێران ددان نانێت بەچەوسانەوەی گەلانی ئێران، ئەوان گەلانی ئێران بەگەلی ئێران ناودەبەن  هەرچەندە نەتەوەی فارس بان دەستە لەئێران، نەتەوەکان کوردو بەلوچ و ئازەر و عەرب بن دەستن، ئەم بێ مافیەیش بە  بەڕوونی دیارە، بەڵام دەسەڵاتی ئیسلامی دان بەم واقیعیەتە دانانێت، ئەوەندە دیارە خەڵکی شۆرشگێڕی ئێران هیچ  هێماو نیشانەیەکی نەتەوەییان نەکردۆتە نیشانەی شۆرشەکە یان شۆڕشەکەیان کە بە (ژن ژیان  ئازادی ) دەستی پێ کردو درێژەی هەیە لەزۆربەی نێوەندە نێو دەوڵەتیەکان و گەلانی جیهان پێناسەیەکی نوێ دایە شۆڕشی گەلانی ئێران…

ئەمە شۆرشێکی کۆمەڵایەتی یەکگرتوە ئەتوانم بڵێم نە داواکارییە شۆرشگێریەکان و نە هێماکانی کێشەی نەتەوەی لە پلەی یەکەمدا ڕیزبەند نەکردوە، من پێم وایە ڕیزبەندی دووهەمە.

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا پایەی بنەرەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئیران، چینایەتییە و بەڵام رۆڵی چەپ و کۆمۆنیزم وەکو پێویست نییە، هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕیتەوە و چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئیراندا و لەهەلومەرجی ئێستادا چ ئەرکێکی لەسەر شانە؟

حەسەن مارف: ئەم شۆڕشە شۆرشێکی جەماوەری  گشتییە، ڕاستە قورسای زۆری چەوسانەوەو بار گرانییەکانی لەسەر شانی چینی کرێکارو زەحمەتکێشی ئێرانە، بەڵام ئامادە نەبوونی حیزب و ڕێکخراوە  چەپی کۆمۆنیستیەکانی دەگەڕێنمەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار:

١/ نەبونی ڕێکخراوێک یان پارتێکی ڕادیکاڵی چینایەتی، لەناو چینی کرێکارو زەحمەتکێشدا…٢/ کێشەو ململانی نێوان ڕێکخراوە چەپەکان بۆتە هۆکاری بێهێزکردن و بچوککردنەوەی ئەم ڕێکخراوانەو بێکاریگەری بوونی لەم شۆڕشەدا…٣/ ئەوەیشی  هەیە لە نیوان دەستەیەکی دیاریکراوی ڕۆشنفکر وچەپدایە، نەک چینی کرێکار…٤/ دەرپەڕاندن و کەمکردنەوەی پەیوندی نێوان خەڵک و ڕێکخراوەکان، کەبەدرێژای چل ساڵی ڕابردووی ئێران هەوڵێکی زۆری بۆ ئەمەداوە…٥/ پەرتەوازەی سەندیکاو ڕێکخراوە کرێکاریەکانی ئێران لەناو ناوەندەکانی کاری کرێکاراندا.

ئەوەی ئەرکی چەپ و کۆمۆنیستەکانە دەبێت هێزی شۆڕشگێری ئێران ڕێکخەن وپێشڕەوایەتی ئەو شۆرشە لەدەست بگرن. بەرنامەو ئەجندای ڕوونی ئێستا و داهاتوی شۆڕش بۆ خەڵکی ئێران بڵاوکەنەوە و ڕوون کەنەوە.

بۆپێشەوە: سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئیران، لەوانە ژنان، لاوان و خوێندکاران، کرێکاران… بەشدارن لەم خۆپیشاندان و بزوتنەوە جەماوەریەدا، بەڵام رۆڵی چینی کریکار و بەشدارییەکەی بەرجەستە نییە، هێشتا وەکو پیویست ئامادەیەکی نابینرێت، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

حەسەن مارف: ئەمەیش هەر دەگێڕمەوە بۆ پەرتەوازەیی کرێکاران و نەبوونی ڕێکخراوێک یان سەندیکایەکی کرێکاری لەنێو کرێکاراندا. پەیوەندی کرێکاران لەنێوان خۆیاندا لەو ئاستەدا نییە بەرەو هێزیکی دەرکەوتوی یەکگرتویان بەرێت، نائامادەی حیزبە چەپەکان لەناوەوەی ئێراندا.

بۆپێشەوە: لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی ئیراندا، هەوڵەکانی بۆرژوازی لەوانە شاهەنشایی و سیلیبریتییەکان، دەستی پێکردووە، دیارە لە پشتیوانی ئەمریکاو غەربیش بەهرەمەندن، رۆڵی ئەوان چۆن دەبینن و چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەبێ لەبەرامبەر بەهەوڵ و نەخشەکانیان، چ هەنگاوێک بگرنە بەر؟

حەسەن مارف: هەڵبەتە لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشای قاچدارەکان و پەهلەویەکان و ئاخوندەکان گەلانی ئێران  و تایبەت کرێکاران زەحمەتکێشان ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ یەک بەیەکی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و دیکتاتۆرانە هەیە، میدیای وڵاتانی ڕۆژئاوا بەدوو ئامانج ڕۆژەڤی ئەم باسە دەکەن:

یەکەم بەو بەڵگەیەی خەڵکی ئێران ئەزمونێکی  ڕابردووی تاڵی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتانە هەیە لەشۆڕش بکشێنەوە پاشەکشە بکەن. دووهەم، ڕێگە خۆشکردن لە ئەگەری ڕووخاندنی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران کە لەبەرژەوەندی  ئەوان و لیبرالیزمی نوێدا نییە ئەم دەسەڵاتە لاببرێت، جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتی پێشوتربێت کە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ڕۆژئابوو، لەلایەکی کەیش ڕژێمی لەناوچوی بەعس چۆن بووە بیانو بۆ هاتنی سوپای داگیرکەری ئەمریکا، ڕژێمی ئێستای ئێرانیش بیانوە  بۆمانەوەی سوپاکەی لەکەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوێن.

بۆپێشەوە: ئاییندەی ئەم بزوتنەوەیەی لە ئیراندا دریژەی هەیە، چۆن دەبینن، ئایا پاشەکشەی پێدەکریت، یان دەتوانێت دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئیران بروخێنێت؟

حەسەن مارف: ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی گەلانی ئێران توانای خۆڕێکخستن و خۆسازدانیان تاچەندە؟  ئەمە بڕیاری درەنگ یان زووی  سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە ئەدات، بەبۆچونی من ئەم شۆرشە  ئەم ساڵ و ساڵی ڕابردوو لەئێران دەستی پێ نەکردوە، بەڵکو لەسەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی خەڵک لەشۆرشدابوون،  ناوە ناوە بەپێ دەرفەتەکان گونجاندنەکان ئەم شۆرشە خۆی نمایش کردوە، بەڵام ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت ڕووبدات.

بۆپێشەوە: چۆن دڕوانیتە جاڕنامەی لانی کەمی داواکاریەکانی سەندیکا کرێکاریی و ڕێکخراوە مەدەنی و سەربەخۆکان بۆ شۆڕشی ئەمڕۆی ئێران؟

حەسەن مارف: ئەگەر شۆرش بگاتە ئامانجی خۆی و بەوماناو تێگەشتنە شۆڕش بێت، دەبێت تەواوی کۆمەڵانی گەڵانی ئێران، هەموو مافە سیاسی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و نەتەوەییەکانیان پارێزراوبێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.