کــۆمــەڵــگــای مــرۆڤــایــەتــی لــەبــڕیــنــی قــۆنــاغــەکــانــی گــەشــەکــردنــی ژیــیــانــیــدا، لــەســەرەتــاوە بــۆ ئــەمــڕۆ

0

کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەرەتای دروستبوونی ژییانەوە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ چەندین قۆناغی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئابووری بڕیوە. هەر قۆناغەش فرماسیۆنی ئابووری کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی هەبووە. هەتا ئێستاش لەسەردەمی داروین و فدریک ئەنگلس و کارل مارکسەوە چەندین کتێب و توێژینەوەی زانستی لەسەر گەشەکردنی قۆناغەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نووسراون. سەرەتای یەکەم قۆناغیش لە کۆمۆنەی سەرەتاییەوە دەستپێدەکات. کە لەو قۆناغەدا کاری مرۆڤ تەنها لە دەستەوە بۆ دەم بووە. بیر لە هیچ پاشەکەوتێک بۆ ژەمەکانی تر نەکراوەتەوە. مرۆڤ لەسەر خواردنی گیاو بەرووبوومی سروشت ژییاوە. ئاژەڵی ڕاوکردووە. پێستەکەی لەخۆی ئاڵاندووە و خۆی پێگەرم کردۆتەوە. دۆزینەوەی ئاگریش لەو قۆناغەدا هەر بەڕێکەوت بووە. ژن لەو سەردەمەدا دەسەڵاتێکی باڵایان بەسەر پیاودا هەبووە. سەربڕینی ئاژەڵ و پەلەوەریش بە بەردی تیژبووە، چونکە چەقۆ لەو کاتەدا بوونی نەبووە.

دوای قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی، قۆناغی کۆیلایەتی دەستپێدەکات. ئەم قۆناغە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە  کە هۆش و ئاوەزی مرۆڤ وردە وردە بەرەو پێشەوە گەشەی کرد و بیری لەوە کردەوە خێزان دروست بکات. دەس بەکاری کشتوکاڵی بکات. ئاژەڵەکان ڕابهێنێ بۆئەوەی لەژێر کۆنترۆڵیدا بن. ئەمانەش پێویستی بەهێزو بازووی مرۆڤ هەیە. لەبەرئەوە مرۆڤە دەسەڵاتدارە بەهێزەکان کەوتنە کۆنترۆڵکردنی مرۆڤە بێدەسەڵاتە بێهێزەکان. پاشاو دەسەڵاتدار پەیدابوون. بازاڕی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە سەریهەڵدا. تەنانەت زۆر جار مرۆڤ

بەو پارچە زەوییەشەوە دەفرۆشرا کە بەدانەوێڵە بەرهەمی دەهێنا. چەندین جاریش بۆ کات بەسەربردنی مرۆڤە دەسەڵاتدارەکان مرۆڤە کۆیلەکان دەکران بەگژی یەکتریدا و خوێنی یەکترییان دەڕشت. مرۆڤە کۆیلەکان وەک ئاژەڵ کڕین و فرۆشتنییان پێوە دەکرا. دەست و پێیشییان زۆربەی کات لە کۆت و پێوەندابووە. ئەم قۆناغە هەتا ئەوکاتە درێژەی کێشا، کەشۆڕشی کۆیلەکان لەسەردەستی سپارتاکۆس کۆتایی بەو قۆناغە قێزەونە هێنا. بەڵام دوای ئەو قۆناغە قۆناغی دەرەبەگایەتی دەست پێدەکات کە هیچی وای لە قۆناغی کۆیلایەتی کەمتر نییە. بەڵام تەنها کڕین و فرۆشتنی مرۆڤی تێدا نەما. ئیدی مەسەلەی دەست بەسەرداگرتنی زەوی و زار پەیدابوو . ئاغایەتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە پەیدابوو. جوتیاران دروستبوون .بەڵام بە بەشێکی مەمرە و مەژی دەبوایە بە بەردەوامی لە خزمەتی دەربەگدا بوونایە. کارگەیشتبوو بەوەی دەبوایە سوورانەشیان بدایا بە ئاغا. واتە یەکەم شەوی بووک دەبوو بۆ ئاغابووایە. هەر لەو سەردەمەدا عێل و عەشرەتگەرییش دروستبوون. ئاغاش دەبوو بە سەرۆک عەشرەت، بەڵام بەهۆی زیاتر دەوڵەمەندبوونی دەرەبەگەکانەوە سەرەتای سەرهەڵدانی قۆناغی سەرمایەداری سەریهەڵدا، چونکە دەرەبەگەکان پێویستییان بە بازاڕ هەبوو بۆ ساخکردنەوەی بەروبوومەکانییان. ئەمەش وایکرد شار درووست ببێ. ئیدی وردە وردە دەربەگەکان بوون بە سەرمایەدار . جوتیارەکان هەندێکییان بەرەو شارەکان ڕەوییان کرد. کەوتنە کاری مانیفاکتۆرەی بچووک. هەندێکیشیان بوون

بە ساغکەرەوەی بەروبوومی سەرمایە تازە پەیدابووەکان. هەر لێرەوە چینی کرێکاران پەیدابوون. ململانێی نێوان کرێکار و سەرمایدار پەیدابوو، بەشێوەیەکی سەرەتایی خەباتی چینایەتی سەری هەڵدا. قۆناغی سەرمایەداری بەهۆی شۆڕشی پیشەسازییەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. چەوسانەوەی کرێکاران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. ئەمەش بوو بەهۆکاری سەرەکی کە بیر لە دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسی چینایەتی بکرێتەوە. هەڵبەت دوای قۆناغی سەرمایەداری . قۆناغی سوسیالیستی و کۆمۆنیستی دێت کە ئەمەش حەتمییەتی!! مێژووییە و دەبێت هەربێتەدی. کرێکاران و چین و توێژە ڕەنجەدەرە زەحمەتکێشەکان بەو شۆڕشە خوێناوییە هەڵدەستن ئەمەش بۆ بڕینی قۆناغی سەرمایداری و چوون بەرەو قۆناغی سوشیالیستی و کۆمۆنیستییە، هەر لەوکاتەدا دوو گۆڕی مێژوویی هەڵدەکەنن گۆڕێکییان بۆ بەرەی سەرمایەداریی و گۆڕی دووەمیشییان بۆ خۆیان، چونکە ئیتر هیچ چینێک نامێنێ، هەتا ململانێی یەکتری بکەن. ئەمە کورتەیەک بوو لەسەر قۆناغەکانی گەشەکردن و بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

نووسینی: مەلا ڕێباز

Leave A Reply

Your email address will not be published.