ژن، ژیان، ئازادی جاڕنامەی لانی کەمی داواکاریەکانی سەندیکا کرێکاریی و ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان بۆ شۆڕشی ئەمڕۆی ئێران!

0

خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی ئێران!

لە ٤٤ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩٧٩ دا، شیرازەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات کەوتوەتە ناو گێژەڵوکەی قەیران و هەڵوەشانەوەیەکی وەها کە هیچ دیدگایەکی ڕون و بەرهەمدار ناتوانرێت لە چوارچێوەی ئەم ڕوبینا سیاسیەدا کە ئێستا هەیە سەرکەوتوبێت بۆ کۆتایپێهێنانی، هەر لەبەر ئەو هۆکارەیه کەخەڵکی ستەملێکراوی ئێران – ژنان و گەنجانی خوازیاری ئازادی و یەکسانی – شەقامی شارەکانیان له هەموو وڵاتدا کردوەته ناوەندی خەباتێکی مێژویی و چارەنوسساز بۆ کۆتایهێنان به هەلومەرجه نامرۆییەکانی ئێستاو ئەوە پێنج مانگ زیاترە سەرەڕای سەرکوتکردنی خوێناوی حکومەت، بۆ ساتێکیش پشوویان نەداوە.

ئاڵای ناڕەزایەتییە بنەڕەتیەکان کە ئەمڕۆ لەلایەن ژنان، قوتابیان، مامۆستایان، کرێکاران، داواکاران، هونەرمەندان، پەلکەزێڕینەکان، نووسەران و گشت جەماوەری ستەملێکراوی ئێران لە سەرانسەری وڵات لە کوردستانەوە تا سیستان و بەلوچستان بەرزکراوەتەوە و بێوێنەترین پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، ناڕەزایەتییەکە لە دژی توندوتیژی دژی ژنان و جیاکاریی جێندەری، نائەمنی ئابوری بێکۆتایی، کۆیلایەتی هێزی کار، هەژاری و نەهامەتی و چەوساندنەوەی چینایەتی، چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئاینی، شۆڕشێکە لەدژی هەموو جۆرە ستەمکاریەکی ئاینی و نائاینی کە زیاتر لە یەک سەدەیە، بەسەر ئێمە گشت خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە.

ئەم ناڕەزایەتییە ژێرەوژورکەرە لە چوارچێوەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە گەورە و مۆدێرنەکان و سەرهەڵدانی نەوەیەکی شکست نەخواردودا سەرهەڵدەدەن کە بڕیاریان داوە کۆتایی بە مێژوی سەد ساڵ دواکەوتویی و پەراوێزخستنی ئایدیای کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ئاوەدان و ئازاد لە ئێران بهێنن.

دوای دوو شۆڕشی مەزن لە مێژوی هاوچەرخی ئێراندا، ئێستا بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە پێشەنگەکان – بزوتنەوەی کرێکاریی، بزوتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان، بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، خوێندکار و لاوان و بزوتنەوەی دژ بەسزای لە سێدارەدان و هتد-ن لە ڕەهەندێکی جەماوەریدا و لە خوارەوەشەوە لە پێگەی کاریگەریدا دانراون لە ڕۆڵێکی مێژویی و چارەنوسسازدا لە داڕشتنی پێکهاتەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتدا وەستاون.

بۆیە ئەم بزوتنەوەیە ئامانجی ئەوەیە بۆ هەمیشە کۆتایی بە پێکهێنانی هەر دەسەڵاتێک لە سەرەوە بهێنێت و سەرەتای شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و مۆدێرن و ئینسانی بێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤەکان لە هەموو جۆرەکانی ستەم و هەڵاواردن و چەوساندنەوه و ستەمکاری و دیکتاتۆریەت.

ئێمە، ئەو ڕێکخراوە پیشەیی و دامەزراوە مەدەنیانەی کە ئەم جاڕنامەیەمان واژۆ کردوە، بە گرنگیدان بە یەکڕیزی و پێکەوەگرێدانی بزوتنەوە و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان و گرنگیدان بە خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دۆخی نامرۆڤانە و وێرانکەری ئەمڕۆ، ئەم لانی کەمی داواکاریانەی خوارەوە وەک هەنگاوی یەکەم و دەرئەنجامی ناڕەزایەتییە بناغەیەکانی خەڵکی ئێران و تاکە ڕێگەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێی مۆدێرن و ئینسانی وڵات دەزانین و داوا لە هەموو مرۆڤە شەریفەکان دەکەین کە ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری لە دڵیاندایە، هەر لە کارگەکانەوە تا زانکۆ و قوتابخانە و گەڕەکەکان بۆ سەر شانۆی جیهانی، بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەم لانیکەمی داواکاریانە ئەوان لوتکەیەکی بەرزی ڕێگای ئازادیان هەیە.

١. ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و قەدەغەکردنی بەتاوان ناساندنی چالاکیە سیاسی و سەندیکایی و مەدەنیەکان و دادگایکردنی ئاشکرای ئەو کەسانەی بەرپرسن لەسەرکوتکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان.

٢. ئازادی بێمەرجی بیروڕا و ڕادەربڕین و بیرکردنەوە، ڕۆژنامەگەری، حیزبی، یەکێتیە ناوخۆیی و هاوپیشەیەکان و ڕێکخراوە جەماوەریەکان، گردبونەوە، مانگرتن، ڕێپێوان، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیای دەنگی و ڤیدیۆیی.

٣. هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی فەرمان و جێبەجێکردنی هەر جۆرە سزایەکی مردن و لەسێدارەدان و تۆڵەسەندنەوە و قەدەغەکردنی هەر جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەرونی و جەستەیی.

٤. ڕاگەیاندنی دەستبەجێی یەکسانی تەواوی مافەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و خێزانیەکان، هەڵوەشاندنەوەی بێمەرجی یاسا و فۆرمەکانی هەڵاواردن دژی پەیوەندی و مەیلی سێکسی و جێندەری، داننان بە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان”LGBTQIA Plus”. بەتاواندانەنانی هەموو پەیوەندی و مەیلەکانی ڕەگەزی و پابەندبونی بێمەرج بە هەموو مافەکانی ژنان بەسەر جەستە و چارەنوسی خۆیان و ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵی پیاوسالارانە بەسەریاندا.

٥. ئاین بابەتی تایبەتی تاکەکانە و نابێت لە چارەنوس و یاسا سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتوریەکانی وڵاتدا بەشدار بێت.

٦. دەستەبەرکردنی سەلامەتی کار و ئاسایشی کار و زیادکردنی دەستبەجێی موچەی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم کرێکارانی کارمەند و خانەنشین بە ئامادەبون و بەشداری و ڕێککەوتنی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە سەربەخۆ و سەراسەریەکانیان.

٧. هەڵوەشاندنەوەی یاسا و هەر تێڕوانینێک کە لەسەر بنەمای هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئاینی بێت و دروستکردنی ژێرخانی پشتیوانی گونجاو و دابەشکردنی دادپەروەرانە و یەکسانی ئاسانکاریەکانی حکومەت بۆ گەشەکردنی ڕۆشنبیری و هونەر لە هەموو ناوچەکانی وڵات و دابینکردنی ئاسانکاری پێویست و یەکسان بۆ فێربوون و فێرکردنی هەموو زمانە باوەکانی کۆمەڵگە.

٨. هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی سەرکوت و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت و بەشداری ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات لە ڕێگەی شورا ناوخۆیی و سەرتاسەریەکانەوە. دەرکردنی هەر بەرپرسێکی حکومی و ناحکومی لە لایەن دەنگدەرانەوە لەهەر کاتێکدا کە پێویستە لە مافە بنەڕەتیەکانی دەنگدەران بێت.

٩. دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هەموو کەسانی حەقیقی و یاسایی و دامەزراوە حکومی، نیمچە حکومی و تایبەتەکان کە بە تاڵانی ڕاستەوخۆ یان کرێی حکومەت موڵکو سامانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێرانیان بردوە. ئەو سەروەت و سامانەی لەم دەستبەسەرداگرتنانە بەدەست هاتووە، پێویستە بەپەلە بۆ مۆدێرنکردن و ئاوەدانکردنەوەی پەروەردە، سندوقی خانەنشینی، ژینگە و پێداویستیە ناوچەیەکان و چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران کە لە سەردەمی دوو ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ڕژێمی پاشایەتیدا بێبەشبون و ئیمکاناتی کەمتریان هەبووە، خەرج بکرێت.

١٠.  کۆتایهێنان بە لەناوبردنی ژینگە، جێبەجێکردنی سیاسەتی بنەڕەتی بۆ گەڕاندنەوەی ژێرخانی ژینگەیی کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لەناوچووە، و هاوبەشکردنی ئەو بەشانەی سروشت (وەک لەوەڕگە، سەیرانگە، دارستان و دامێنی گردەکان) کە لە شێوەی تایبەتکردنی مافە گشتیەکاندان، خەڵک لێیان بێبەش کراوە.

١١. قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی ژیان و خوێندنیان جیا لە پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی خێزان. دروستکردنی خۆشگوزەرانی گشتی لە ڕێگەی بیمەی بێکاری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەهێز بۆ هەموو ئەو کەسانەی تەمەنیان لە تەمەنی یاسایدایە کە ئامادەن بۆ کارکردن یان ناتوانن کار بکەن. خوێندن و چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر بۆ هەموو مرۆڤەکان.

١٢. ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە ئاستە بەرزەکاندا لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای پەیوەندی دادپەروەرانە و ڕێزگرتنی یەکتر و قەدەغەکردنی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و هەوڵدان بۆ ئاشتی جیهانی.

لە ڕوانگەی ئێمەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بونی سامانێکی ژێرزەمینی پۆتانسێل و ڕاستەقینە لە وڵاتدا و بونی خەڵکێکی وشیار و بەتوانا و نەوەیەکی گەنج و تازە پێگەیشتو کە پاڵنەرێکی زۆریان هەیە بۆ چێژوەرگرتن لە ژیانێکی خۆش و ئازاد و خۆشگوزەران، دەتوانرێت دەستبەجێ ئەو لانی کەمی داواکاریانەی سەرەوە بەدی بهێنرێت.

ئەو داخوازیانەی لەم جاڕنامەیەدا باسکراون، تەوەری گشتیی داخوازیەکانی واژۆکەرانمان لەبەرچاو دەگرێت و دیارە لە درێژەی خەبات و هاودەنگیماندا بە شێوەیەکی وردتر و وردبین مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.

* شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی کارمەندانی پەروەردە و فێرکردنی ئێران

* یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران

* یەکێتی ڕێکخراوەکانی خوێندکاری و خوێندکارانی یەکگرتوو

* سەنتەری داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ

* سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای نیشکار هێفت تەپە

* شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت

* ماڵی ڕۆشنبیری ئێران (خەفا)

* بەئاگاهاتنەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.