پێگەی ژنانی ئازادیخوازی ئێران، لە مەراسیم و چالاکیەکانی ٨ مارسی دنیادا…

0

ئەمساڵیش وەکو ساڵانی رابردوو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و رێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵ و هەڵسوڕاوانی فیمینست و حزب و رێکخراوەکانی لایەنگری لە مافەکانی ژنان، لەسەرتاسەری دنیادا و بەبۆنەی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنانەوە، مەراسیم و ئاهەنگ و رێپیوان و چالاکی جۆراو جۆریان وەرێخست… زۆرێک لەولاتانی دنیا و شەقامەکانی بوونە نمایشی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان.. ژنان لەم رۆژەدا جارێکی تر پەیامی نەفرەت لە زوڵم و زۆر و بێمافی و جیاکاریان، بەدەنگی رەسا لەدژی نیزامی سەرەوخواری سەرمایەداری و دەوڵەتەکان وتەوە.

ئەمساڵ لە هەلومەرجیکدا ژنان، لەسەراسەری دنیادا، ریزیان لە ٨ مارس رۆژی جیهانی ژنان و رەمزی نەفرەت لەئاپارتایدی رەگەزی گرت… کە لەلایەکەوە هیرشی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان، چ لە مەیدانەکانی کار و بەرهەم هێناندا بۆسەر ژنانی کریکار و بێکار پەرەپێداوە و چ لە ئاستی خێزان و کۆمەڵگەدا، پاشەکشەیان لەمافەکانی ژنان و هاوکات ملیان بەرەو کۆنەپەرستی چەرخاندوەو و لەژێر ناو و پاساوی پوچی پۆست مۆدێرنە” مەڵتی کەڵچەریزم” دا، بەشیکی بەرین لە ژنانیان، لە مافە ئینسان داگرەکان، بێبەش کردووە. جیا لەوانەش قورسایی گرانی و بیکاری و نەداری و لێکەوتەکانی جەنگیان بەپلەی یەکەم بەسەر ژناندا شکاندۆتەوە… ژنان بەدژی ئەو دۆخەدا هاتنە مەیدان و مۆری نەفرەت لەو هەلومەرجە سەختە بە بزوتنەوەی دژە هەلاواردن و بیمافی سەرمایەداریدا، بەرۆشی خستەوە ڕوو، بەڵام هاوکات و لەوە زیاتر بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەکانی بەرگری لەمافەکانی ژنان، لەسەراسەری دنیادا، مۆری پێشرەوی و هاتنە مەیدانی ژنانی ئیرانی پێوە بوو… دروشمی” ژن، ژیان، ئازادی” لە زوربەی هەرەزۆری خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکاندا دەبینراو و پشتوانی لە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئیران و رۆڵی بەرجەستەی ژنان بەتایبەتی، سیمای هەشتی مارسی ئەمساڵی نەخشاندبوو.

کاریگەری بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران بەگشتی و رۆڵی ژنان لەو بزوتنەوەیەدا، بەدژی دەسەڵاتی نەنگینی سەرمایە لەئیران کە رەمزی دژە ژن بوون و کۆنەپەرست بوون و ئیسلام بوون و بیمافی هەمەلایەنەیە لە دنیای ئەمڕۆدا، هێندە کاریگەر و جێگا ئومێدە، کە دەتوانێت لە پێشرەوی خۆیدا، ئاڵوگۆری گەورە بەسەر بەشێکی ئیکجار زۆر لە وڵاتانی دنیا و بزوتنەوەی ژناندا بهێنێت و تەکانێکی گەورە بە سودی ئازادیخوازی و بەرابەری بدات.

لەناو جەرگەی ئەوروپاوە تا دەگاتە ئەفغانستان و وڵاتانی ئەمریکای لاتین و دنیای عەرەب و تا دەگاتە عێراق و کوردستان، مۆری پیشرەوی بزوتنەوەی ژنانی ئیران، بە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانەوە وەکو ناسنامەی ئاشکرا لەدژی پیاوسالاری و بێمافی ژنان دەبینراو و پشتیوانیش لەو بزوتنەوەیە، هاوشانی داخوازییەکانیان بوو.

بەجیا لە خواستی دیاریکراوی ژنان کە زادەی تایبەتمەندێتی هەر کۆمەڵگەیەک بوو، وە بەجیا لە ناوەرۆکی گشتی بزوتنەوەی ژنان لەدنیادا، خاڵی هاوبەشی بزوتنەوەی هەشتی مارس و ئاکسیۆنەکانی، نەفرەت بوو لە نیزامی سەرمایەداری وەکو سەرچاوەی سەرەکی بیمافی و هەلاواردن و ستەمی سەر ژنان و پشتیوانی بوو لە بزوتنەوە یەکسانیخوازی ژنان و راپەرینی خەڵکی ئیران…

دیارە بەهەمان ئەندازەی رادیکالیزەبوونی بزوتنەوەی ژنان و دەربرێنی پشتیوانی لە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئیران و رۆڵی حاشاهەڵنەگری بەرجەستەی ژنان تیایدا، هیز و دەوڵەتە دژە ژن و کۆنەپەرستەکان نیگەران و نارەحەت بوون و لە ئاسۆی سەرکەوتنی خەڵکی ئیراندا، مەرگ و پەلەقاژەی خۆیان دەبینی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.