سەردار عەبدوڵا حەمە وەڵامی پرسی ڕۆژ دەداتەوە… 

0

پرسی ڕۆژ/ لەسەروبەندی یادی راپەڕیندا کە بڕیاربوو باسی زیندانی بیروڕای سیاسی و جیاواز نەبێت و بەئازادی و بێ سانسۆر قسەی دڵی خۆمان بکەین. لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان باوکی یەکێک لەوگیراوانەی بەتۆمەتی ئەوەی گومانیان هەبووە کە سەر بە داعشە دادگایی کراوە و سزا دراوە. لەبەردەمی کامێرا و میدیاکاندا ئاماژەی بەچەند شتێک کرد سەبارەت بەکورە سزادراوەکەی:

کوڕەکەی بەتۆمەتی داعش دەستگیرکراوە، وەک خۆی دەڵێت ئێمە مارکسین و تەنانەت خۆم کورەکەم هاتوچۆی مزگەوتیش ناکەین!

لەزیندان ئەشکەنجەی زۆر دراوە تەنانەت لەسەر شێوەی ئەشکەنجەدانی بەعس وەک (بتلی شوشە خستنە ناو لەشی کەسەکە)!

لەیادی راپەڕین ئێوە قسەتان چییە لەبەرامبەر ئەو کردەوەیەی کە دادگا و ئاسایشی هەرێم دەیکات لەبەرامبەر هاووڵاتیانی خۆی، کە دنیایەک ئاوات هەبوو لەدوای راپەڕین ئاسەوار و کردارەکانی بەعس و ڕژێمەکانی لەجۆری بەعس و جمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا و سوریا نەبینین؟ لایەنە یاساییەکەی چۆن دەبینن؟

بەڕێز  سەردار عەبدوڵا حەمە یەکێک لەزیندانیانی بەعس و ئەمنە سوورەکە، بەمشێوەیە وەڵامی پرسی رۆژی داینەوە.

سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئەم بەسەر کردنەوەیە تا بتوانم لەڕێگای بۆ پێشەوەوە ڕاو بۆچوونی خۆم لەم بارەوە دەربڕم.

ئامانجی ڕاپەڕین و شۆڕش لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بریتیە لە گۆڕينی بارودۆخی خراپ بۆ باشتر. بۆیە ناکرێ بە

هەموو هەستان وخرۆشانێکی خەڵک بووترێت ڕاپەڕین وەک ئەوەی لە کوردستاندا ڕووی دا. چونکە بارودۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نەک هەر نەگۆڕا، بەڵکو خراپتری کرد.

با بێمە سەر لایەنی سیاسی کە پەیوەندە بە پرسیارەکەی ئێوەوە، لەدنیادا یەک دەسکەوتی مرۆڤایەتی هەیە کە

بەخەباتی کرێکاران وئازادیخوازان و کۆمۆنیزم و چەپ بەدەستهاتووە، ئەویش ئەوەیە نابێ هیچ کەس لەسەر باوەڕی سیاسی جیاواز زیندانی بکرێت، ئەمە لە کۆمەڵگەی ئەوروپی وڕۆژئاوادا تا ئاستێکی باش پەیڕەو دەکرێت، بەڵام لە دونیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی کە پێی دەگووترێت وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی؛ پەيڕەو ناکرێت، لە نێو ئەمانیشدا هەرێمی کوردستانە. لە کاتێکا هەردەسکەوتێکی مرۆڤایەتی دەبێت بۆ هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بێت. لە ماوەی دەسەڵاتی دوو حزبی پارتی ویەکێتی خەڵک لەسەر بیروڕای جیاوازی سیاسی زیندانی دەکرێ، لەوەش خراپتردەرفێنڕێن هەندێک جار سەرنگون و تیرۆر دەکرێن. ڕاستە خەڵک ئيعدام ناکرێ لە بەر ئەم هۆیە، بەڵام ئەم شێوازەی ئەمان خراپترە لە

 ئیعدام کردن.

بۆیە دەتوانین بڵێین  بەهۆی باڵادەستی دوو حیزبی میلیشیایی و مافیایی، کە پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەک ناکەن، ودرێژە بە ڕەفتارەکانی بەعسی فاشی دراوە وە تائێستاش بەردەوامە.

سەبارەت بەو باوکەی قسەی بۆ میدیاکان کرد و گووتی تۆمەتی داعشیان بۆ کوڕەکەی دروستکردووە، من نازانم ئەم تۆمەتە چەندە ڕاستە؟ بەڵام نموونەی ناڕاستی ئەم تۆمەتانە پێشتر هەبووە بۆ نموونە؛ بەسەردەشت عوسمانیان گووت تیرۆریست بووە،  لەکاتێکا ڕۆژنامەنوسێکی ئازاد وخاوەن بیروڕایەکی ئازادیخوازانە وئینسان دۆستانە بووە، تەنها بیروڕای جیاوازی هەبووە لەگەڵ حیزبی دەسەڵاتداردا.نموونە زۆرە لەمبارەوە وەک فەرهاد فەرەج  کوشتنی نەزیر عومەری کۆمۆبیست و چەندین موخالیفی سیاسی لە ساڵی نەوەدەکان لە بادینان تیرۆر کران و لە  سلێمانیش ٥ کۆمۆنیستیان بە ڕۆژی ڕووناک تیرۆر کرد و لاشەکانیشیان نەدایەوە بەکەسوکاریان.

هیچ کات دەسەڵاتدارانی پارتی ویەکێتی نەیان وتوە ئەمانە بەهۆی سیاسیەوە بووە، بەڵکو تۆمەتی تریان بۆ هەڵبەستوون، وەک ئاژاوە گێڕ وتیرۆریست وشتی تر… هەروەک بەعس تۆمەتی تێکدەر وموخەریبی بەکار دەهێنا.

سەبارەت بە ئازارو ئەشکەنجەی زیندانیەکان، بەهەر تۆمەتێکەوە بێت ڕەفتارێکی فاشیستانەو دژی مرۆڤانەیە کە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی قەدەغەی کردوە. لە وڵاتانی ئەوروپی وغەربدا ئەم ڕەفتارە نەماوە، ئەمەش بەخەباتی چینی کرێکارو کۆمۆنیست  وسیکۆلارەکان بەدەستهاتووە، بەڵام دەسەڵاتی کوردایەتی هێشتا ئەم ڕەفتارە بەشێوە زۆر خراپەکەشی بەکاردێنێ   وەک سەردەمی رژێمی بەعسی ساڵەکانی پێش نەودەکان، چونکە ئەو ڕژێمە دەستی هەڵگرتبوو لە هەندێ لەو ئەشکەنجانەی پێشتر بەکاری دەهێنان و ئێستا  دەسەڵاتی کوردایەتی بەکاریدەهێنێ.

دوا قسەی من ئەوەیە ئەتوانم بڵێم ئەوەی خەڵک بۆی ڕاپەڕی بەدی نەهات! واتە ڕاپەرینەکە شکسی پێهێنرا لە لایەن حیزبەکانی کوردایەتییەوە، کە ئەتوانم ناویان بنێم بە دژە شۆڕش یا دژە ڕاپەڕین، چونکە ئامانجەکانی ڕاپەرینیان  بە گۆڕ سپاردو چینیکی تازەی سەرمایەداریان دروستکرد وخەڵکیان هەژاروبرسی کرد. ئازادییان خنکاند و خەڵکیان لەسەر بیروڕای جیاواز زیندانی کردو وتیرۆریان کردن، ئەمەش درێژکراوەی کارەکانی بەعسە. ئەتوانم بڵێم  پایەکانی ئەم دەسەڵاتە لەسەر دزی وچەتەگەری و کوشتن وزیندانیکردنی  ئازدیخوازان وەستاوە، بۆیە ناتوانن لەم بارە چاکسازی بکەن. تەنها نەمانی ئەمانە لەدەسەڵاتدا چارەسەرە و خەڵک  خۆی لەڕێگای شوراکانەوە حوکمی خۆیان بکەن وژیانی خۆیان بەڕێوە بەرن، ئەم ڕێگایەش لە لای کۆمۆنیزمی  کرێکاریی و حیزبەکەی و بەشێکی بەرچاوی کۆمۆنیست وچەپەکانە. بۆیەگرنگە هەموو کەسێکی کە باوەری بەوە  هەیە کە مانەوەی دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی چارەسەر نییە، بەڵکو گرفتە لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا، و دەبێ لەهەوڵی بەهێزکردنی ئەلتەرناریڤی شوراییدا بن ئەوە چارەسەرە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.