بەهار عەلی چالاکوانی فێمنست و بەرێوەبەری رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی وەڵامی پرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە…پرسی رۆژ: ئایا حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەو ماددەیە یان نا؟
پرسی ڕۆژ/ سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی باڵا ژمارە( ٢٣٠/اتحادیة/٢٠٢٢) تایبەت لەتانەدان لەنادەستووری بوونی ماددەی ١٨ لە یاسای ژمارە(١٥)ی ساڵی ٢٠٠٨ لە هەمواری یاسای ژمارە(١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.
ناوەڕۆکی ئەو ماددەیە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی پرسکردن بە ژنی یەکەم و بۆئەوەی جیادەبێتەوە یان نا کاتێک پیاو ژنی دووەم و سێەم…تاد دێنێت. واتە وەرگرتنەوەی ئەو مافە سەرەتاییە کە ئازادی بدات بە ژن کاتێک ژنی دووەمی بەسەردادێت لە جیابوونەوە یان مانەوە!
پرسی رۆژ: ئایا حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەو ماددەیە یان نا؟
بەهۆکاری کێشەی سیاسی و ئابووری نێوان هەرێم عێراق، زۆرجار هەرێم پابەند نابێت بە بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق و بە سیاسیان لەقەڵەم دەدات. پێتان وایە هەرێم هەمان هەڵوێستی دەبێت؟
جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە کوردستان، بەمانای گەڕانەوە نیە بۆدواوە لە یاسای باری کەسێتی بەتایبەتی پرس و مافی ژنان؟
هەڵوێستی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز و ڕێکخراوەکانیان دەبێت چی بێت.
بەهار عەلی: چالاکوانی فێمنست و بەرێوەبەری رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی.
بریارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ژمارە 230 ساڵی 2022 دوو لایەنی هەیە:
یەکەم: ئەم بریارە سیاسیە و دەستبردنە بۆ سەر مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان کە مافی ئەوەی هەیە بە پێی بارودۆخی گونجاو بە خۆی یاسای تایبەت دەربکات بە مەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستووری عێراق. لە یاسای باری کەسێتی عێراقدا ژن مافی هەیە داوای جیابوونەوە بکات، بۆیە لەم رووەوە مادەی 18 لە یاسای ژمارە 15 ساڵی 2008 بە هیچ شێوەیەک ناکۆک نییە لەگەڵ دەستووری عێراق.
بەرای من هۆکارێکی تری سیاسی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان توانیویەتی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا چەندین دەستکەوتی گەورە بۆ ژنان بەدەست بهێنێت بە تایبەتیش لە بواری یاسادا، ئەم دەستکەوتانە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە هەمیشە بەرز دەنرخێنرێت و لە کاتی بەراوردکردندا کوردستان بە باشتر لە عێراق لە قەڵەم دەدرێت. ئەمەش زۆر جار نیگەرانی لە لای عێراق دروست کردوە.
دووەم: ئەم بریارە پێشێلکاریەکی ئاشکرای مافی ژنانە، چوونکە بە پێی یاسای باری کەسێتی لە کوردستان هێنانی ژنی دووەم بە بێ ئاگاداری یەکەم هۆکارێکی زۆر بە هێزە بۆ ژنی یەکەم کە داوای جیابوونەوە بکات و بە ئاسانی پرۆسەکەی تەواو بکات و مافەکانیشی پارێزراو بێت.
دەربارەی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بەم بریارەوە، ئێمەی رێکخراوەکانی ژنان و هەندێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ هەر لەیەکەم رۆژەوە لە دژی ئەو بریارە وەستاینەوە و چەندین بەرنامەو چالاکی جۆراوجۆرمان کرد لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت یەکێک بوو لە داواکاریەکانمان لەو یاداشتنامەی کە لە کەمپینی 16 رۆژی بەرەنگاربووەنەوەی توندوتیژیدا بڵاومان کردەوە.
جگە لەوە لە چەندین بواردا داوامان لە دام و دەزگاکا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کردوە کە نابێت بچێتە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەو بریارەوە و پێویستە وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ بریارەکانی ئەم دادگایە بۆ مەلەفی نەوت و بوودجە و مەلەفە گرنگەکانی تر دەکەن بە هەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ ئەم بریارەدا بکەن. چوونکە بە هۆی زاڵ بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە ئەنجوومەنی دادوەری ترسی ئەوەمان هەیە ئەم بریارە بە ئاسانی جێبەجێبکرێت.
لەگەڵ بوونی لە ئاستەنگی زۆر و توندوتیژی دژ بە ژنان و هێرشی گەورەی هێزە کۆنەپەرستان بۆسەر بزووتنەوەی ژنان، بەڵام مەسەلەی ژن پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و هەرگیز ناگەرێتەوە بۆ دواوە. هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ ترساندن و دروستکردنی دوودڵیە بۆ ژنان تاوەکو بوێری ئەو نەکەن دەست بۆ مەسەلە هەستیارەکانی مافی ژن ببەن، بەڵام ئەوان بە هەڵەدا چوون و تازە دۆزی ژن لە کوردستان پاشەکشە ناکات.