جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەرکی بەرەی ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکانە!
جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەرکی بەرەی ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکانە!
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
روداوەکانی چەند رۆژی رابردوو لەبەردەوامی جوڵە و هێرشی سەربازی حكومەتەکەی عێراقی نۆکەری ئێران، و رادەستکردنی کەرکوک بەپێی ریکەوتننامەیەکی نیوان عەبادی لەگەڵ نانخۆرو کرێگرتەکانی قاسم سلێمانی و بە سوپاو حەشدی وەحشی و شیعی، لە ١٦ ئۆکتۆبەردا، پاشەکشەی ئابروبەرانەی هێزەکانی پارتی لەسنوری زۆنی زەرد… بێدەنگە و تەنانەت هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکاو غەرب بۆ هێزەکانی عێراق بۆ هێرش بۆسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان و کوردستان و ئەو کارەساتە ئینسانییە دڵ هەژێنەی بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێنا.. هەموویان یەک پاکیج لە هیرش و پلانێکی ئاشکرا لەدژی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی دەردەخەن.
هەموو ئەم روداوانە لە باری زەمەنەوە بەدوای ریفراندۆمی ٢٥ سێبتەمبەردا روویاندا… هەر ئەوەشە کە وای کردووە کە زۆرێک لە نووسەرو سیاسی هۆکاری ئەم هێرش و ئاڵوگۆرانەی روویانداو روودەدەن بە ریفراندۆم و ئاکامەکانی ریفراندۆمەوە شەتەک بدەن و هۆکارەکەی بە ریفراندۆم لە قەڵەم بدرێت. لە راستیشدا نەک ریفراندۆم پاساوێکی نا بەجێی نییە بۆ شاردنەوەی ئامانجە راستەوخۆکانی هێرشەکانی ئێستاو داهاتو… بەڵکو نیعمەتێکی خودایی بوو چ بۆ ئەوەی حکومەتی عەبادی پاساوی بۆ هێرش بۆسەر ناوچە جێناکۆکان و کوردستان دەست بۆببات و هەم بۆ باندی بنەماڵەش تا لە سەفقەیەکی سیاسی کرێگرتەییدا تۆڵە لە باڵەکانی ناوخۆی یەکێتی و رەقیبە گەورەکەیان پارتی بکەنەوە…
شکستی سیاسی و سەربازیی و دیبلۆماسی ١٦ ئۆکتۆبەر، ئاکامی چاوەروانکراوی شکستی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی ٢٦ ساڵەی رابردووە، ئاکامی چاوەروانکراوی شکست و درۆی فیدرالیزمی قەومییە کە پارتی و یەکێتی و سەرجەم لایەنەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی، ملیان پێداو بەدەستکەوتێكی گرنگ دەرخواردی خەڵکی کوردستانیان دا.
ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆم، هۆکاری شکستی بزوتنەوەی کوردایەتی و روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر نییە، لای هەموو کەسێکی هوشیار و چاوکراوە روون بوو کە کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ داعش و دۆخی دوای داعش… دەبێتە هۆکار بۆ سەربەرزکردنەوەی رەوتی ناسیونال/ ئیسلامی شیعی و دەبێتە ویستگەیەکی تازە بۆ هێرشی یەک لەدوای یەک بۆ سەر رەوتی ناسیونال/ قەومی سونی و ناسیونالیزمی کوردو دەسەڵاتدارێتیەکەی. دیارە لەو نێوەدا هەڵبژاردنی ناسیونالیزمی کورد و سەرەتا گورز وەشاندن لەو لە ژێر ناوی پاراستنی سیادەی عێراق و گێڕانەوەی سەروەری و یاسا بژاردەیەکی بیرلێکراوەو بەنەخشە بوو تا لەو ریگایەوە دەغ دەغەی بزوتنەوەی ناسیونال سونی بدات و بێدەنگی بکات. چونکە هەردوو بزوتنەوەی ناسیونال ئیسلامی شیعی و ناسیونال قەومی سونی، لە بەرامبەر بە پرسی خەلکی کوردستان هاو ئاوازو هاودەنگ و هاو پرۆژەن.
ئەوەی کە وای کرد بەوشێوە زود رەس و بەو خێرایە عەبادی، هێرشی سەربازی بکاتە سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان و کوردستان… دوو هۆکاری بناغەیی دەوریان تیایدا هەبوو یەکەم: ململانێی نێوان باڵەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەت پارتی و یەکێتی و لەوەش زیاتر ململانێ ناوخۆییی باڵ و لاباڵەکانی ناو یەکێتی و رێکەوتنی باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی و لەگەڵ قاسمی سلیمانی حەشدی وەحشی و عەبادییدا… بەمەبەستی کەنارخستنی باڵ و لاباڵەکانی تری یەکێتی…
دووەم: کۆتاییهاتنی ریفراندۆم و بەدەستەوەگرتنی ئەو کەیسە، وەکو بیانویەک و فرسەتێک لەلایەن عەبادی و حکومەتەکەی تا لەژێر ناوی هەرەشە لەسەر یەکپارچەیی عێراقدا رەوایەتی بۆ هێرش و ملهوری پەیدابکات..
ئەو دوو هۆکارە بوون کە پرسی هێرشیان بۆسەر کوردستان پێشخست… و بوونە رێگایەک بۆ داخستنی پرۆسەی گفتوگۆ و سازان و قسەوباسی هەرێم و بەغدا لەسەر گیرانەوەی دۆخی ناوچە کیشەلەسەرەکان بۆ بەر لە کاتی هاتنی داعش بەشێوەی گفتوگۆ… هێنانەوەی پاساوی ئەوەی کە ریفراندۆم هۆکاری ئەم دۆخە بووە، بۆشاردنەوەی ریشەی هێرشەکانی عەبادی و تەنانەت بۆ پشتیوانییە لە داگیرکردنەوەی کوردستان و پێشوازی کردنە لە سوپای و تائیفی و حەشدی شەعبی و پلانە چەپەڵەکانی ئیران و قاسم سلێمانی… وە ئەم پیلانە چەپەڵە هەرچەندە و گورزیكە لەجەستەی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەگشتی، بەڵام گورزی کوشندەتر بەر جەستەی خەڵکی کوردستان و ئایندەی سیاسیەکەی دەکەوێت. چەند هەنگاو کیشەی خەڵکی کوردستان دەباتە دواوەو پرسە سیاسیەکەی ئاڵۆزتر دەکات.
بۆ رێگریکردن و پوچەڵکردنەوەی ئەو نەخشەیەی لەدژی خەڵکی کوردستان لەئارادایە، پاشەکشەکردن لەئاکامی ریفراندۆم نییە، سات و سەوداکردن نییە بە دەنگی خەڵکەوە، گەرانەوە نییە بۆ بەغدا و دانوستاندن لەگەڵ ناوەند لەسەر هەڵپەساردنی ئاکامی ریفراندۆم و یان هێنانە ئارای باسی کۆنفیدراڵی… بەڵکو پێداگرییە لەسەر جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆییە. بیرکردنەوە لە هەڵپەساردن و پاشەکەوت و دوبارە گەرانەوە بۆ پێش ٢٥ دیسەمبەر… نەک رێگری ناکات لە هەرەشەکانی عەبادی و حەشدە شیعیە وەحشیەکەی، نەخشەکانی، بەڵکو دەستیان ئاوەڵاتر دەکات بۆ زێدەرۆیی زیاتر و ملهوری زیاتر نواندن لەدژی خەڵکی کوردستان و تەنانەت حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش دەخاتە گۆشەیەکی شکستخواردوی قەرەبوونەکراو.
هێزی واقعی و بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی کاریگەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەری کرێکارو زەحمەتیكشی کوردستان و بەرەی چەپ و پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازی کوردستانە… نەک پشتوانی وڵات و دەوڵەتەکانی ئەمریکاو غەرب و نە وڵاتە چنگ خوێناویەکانی ناوچەکەو نە هێزی نۆکەرو خۆشخزمەتی یەکێتی و پارتی و نە لایەنە بۆدەڵەو هیچ لەباردانەبوەکانی ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوای کورد… ئەمانە هەموویان کۆسپی بەردەم سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆن… هێزی پشتیوانی لە ویستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، تەنها دەتوانێت هێزی جەماوەری و پێشکەوتنخوازی ناوچەکەو دنیا پیشکەوتخوازی ئەمریکا وغەرب بێت… نەک دەوڵەتە قازانج پەرست و خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەکان.
وە لە راستای هەنگاونان بۆ سەربەخۆیدا… هاتنە مەیدانی جەماوەری دەوێت، خۆپێشاندان ورێپێوانی ملیۆنی شەقامی دەوێت، هێزی چەکدارو رێکخراوە سەربەخۆیی جەماوەری دەوێت، دروشم و پلاتفۆرمی ئازادیخوازانەو ئینسان دۆستانەی و پێشکەوتنخوازانەی دەوێت… پێداگری لەسەر مافە جیهانداگرە ئینسانیەکانی دەوێت… بزوتنەوەیەکی ئاوا هەم دەتوانێت سیاسەت و نەخشە گڵاوەکانی حکومەتە نۆکەرەکەی عێراق و وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە پوچەڵ بکاتەوە و هەم دەتوانێت دنیای شارستانی و پێشکەوتنخوازانەی دنیا بکێشێتە پشتی خۆی و هاوکات ئەمە دەتوانێت دەستی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی پارتی و یەکتیش ببەستێت و کۆتایی بە تەمەنی دەسەڵاتی خۆشخزمەتی و تاڵانکارانەو سەرکوتگەرانەیان بهێنێت.
پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ئاکامەکانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و وڵاتێکی سەربەخۆ… هاوکات دەبێ گربدرێت بە خەباتی هەموو رۆژەو نەپساوە بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتبەستوی جەماوەری بە بەشداری راستەوخۆی ئازادانەی خاوەنانی سەرەکی کۆمەڵگەوە، کە چینی کریکار ئاڵاهەڵگری بێت.
کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازوەی ئێستا، بە دەستدریژی حکومەتە تایفی و نۆکەرەکەی ئیران لە عێراق، بە هەرەشەی وڵاتانی ناوچەکە، بە دوورووی ئەمریکاو غەرب… بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا نابێت… بە پێکهێنانی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی!! نابێت… ڕیگاچارەی کارساز پێداگریە جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بە رەسمی ناسراوی نیودەوڵەتی… روداوەکانی ئەم دوایە نیشانیاندا، کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەک شایستەو هێزی جیاکردنەوەی کورددستان لە عێراق و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ نین، بەڵک و ئەمانە ئامادەن لە پێناو بەشی سیاسی و داهات و دزی سامانی گشتییدا، سات و سەودا بەهەموو دەستکەوتەکانی خەڵکی و کوردستان و ئیرادەی سیاسیانەوە بکەن… کاری جیاکردنەوەی کوردستان و جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم و هەنگاونانی بەکردەوە بۆ پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ ئەرکی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و چەپ و کۆمۆنیستەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە… نەبەردی جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم، نەبەردێکی گەورەی دەورەی ئێستاو داهاتووە، دەبی چەپ و کۆمۆنیستەکان ئاڵاهەڵگری سەرخستنی ئەو نەبەردە سیاسی و کۆمەڵایەتیە گرنگە بن…