ئارام حەسەن نووسەر وەڵام بەپرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە..
ئارام حەسەن نووسەر وەڵام بەپرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە..
پرسی رۆژ: ئیسماعیل خەیات یەکێک لە ناوە بەرچاو و جێگەوتەکانی هونەری شێوەکاری ناو ڕەنگەکانی کوردستان بەتایبەت ماڵئاواییکرد. شێوەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی دەنگۆ و قسەی زۆری لێکەوتۆتەوە لەناو ڕۆشنبیر و هونەرمەند و نووسەران و کەسانی حەقخواز و ئازادیخوازی کۆمەڵکەی کوردستان. نیگەرانیەکە لەوەیە کە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم و بەرپرسان و خەڵک بەگشتی لەئاست ماندووبوون و ئەرکێک کە ئیسماعیل خەیات لە پێناو هونەر و خەباتی هونەری بەرگریدا کردوویەتی نەبوون. ئاماژەش بەوەدەکرێت کاتێک ڕێوڕەسمی کەسانی وەک خەیات و شێرکۆ و عەزیز گەردی و مستەفا شووکر…تاد بەراورد بە کەسێکی دەسەڵاتداری سیاسی دەکرێت، جیاوزایەکی زۆر گەورە بەدی دەکرێت. ئەوەجگە لەوەی ڕەخنەی تایبەتتر لەو شارە دەکرێت کە بەناوی پایتەختی ڕۆشنبیریەوە ناونراوە!
ئایا هۆکار سەرقاڵی خەڵکە، یان وەک کەلتورێک کە دەبێت مردوو زوو بەخاك بسپێردرێت؟ بۆیە خەڵک دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە بەئەرکی خۆیان هەستن، یان نەخێر پرسەکە سیاسیە و بەنەخشە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات کە مرۆڤ بەگشتی و کەسانی دڵسۆز و جێکەوتە لەکۆمەڵگە بەوجۆرە پاداشت دەکرێن؟ڕای ئێوەی ئازیز بۆ ئەم پرسە چۆنە؟
بەڕێز ئارام حەسەن نووسەر بەمشێوەیە وەڵامی پرسی ئەمجارەی بۆپێشەوەی داوەتەوە.
چەند هۆکارێک هەیە سەبارەت بە گرنگی پێنەدانی خەڵک لەکاتی بەخاک سپاردنی کەسانی وەک ئیسماعیل خەیات:
یەکەم: بەهۆی تەکنەلۆژیاوە، تادێت پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کاڵتر ئەبنەوە، ئەوەندەی کە چاوەکانی ئەمڕۆ ڕوو لە شاشەن، ڕوو لە هونەر و ئەدەبیات نین، لەلایەکی تریشەوە پەیوەندی نێوان خەڵک و هونەرمەند، خەڵک و نووسەر تابڵێی ساردن، ئەمەش پێش ئەوەی خەتای خەڵکبێ، خەتای هونەرمەندان و ئەدیبانە، چونکە بەداخەوە چ هونەرمەند و چ ئەدیب بەشێکی زۆریان لوتبەرز و لە خۆبایین، خەڵک زۆر لە خوار خۆیانەوە ئەبینن، هەر بەوەی کە کتێبێکی نووسیوە، یان پێشانگەیەکی شێوەکاری کردوەتەوە.
دوەم: دەسەڵات و پەروەردە و ڕاگەیاندن، سی ساڵە بە ڕۆژی نیوەڕۆ، بەبەرچاوی خەڵکەوە ئیش لەسەر بێقیمەت کردنی ئەدەب و هونەر ئەکەن.
سێیەم: ئیرەیی بردن و کێبڕکێی نێوان ئەدیبان و هونەرمەندان وایکردوە خوێنەر و بینەری نوخبە دروست ببن، واتە هونەرمەندان و نوسەران جەماوەری تایبەت بە خۆیان پەیدا کردوە، کە تەنیا یەک نووسەر بە نووسەر ببینن و یەک هونەرمەندیش بە هونەرمەند.
چوارەم: سەرقاڵی خەڵک بە پەیداکردنی نانەوە، وایکردوە لەتێک نان لە جوانترین تابلۆ جوانتربێ لە پێشچاویان . لەسەر هەموو ئەمانەشەوە، ئەم نەوەیەی ئێستا، نەوەی پۆپجی و مزگەوتن، بەشێک پۆپجی بە فەرهەنگ و ئەدەب و هونەر و نیشتمان ئەبینن، بەشەکەی تریش خەریکی دیندارین، وا فێرکراون چوونە سەر گۆڕی هونەرمەند و غەیرەدینەکان شیرک و حەرامە.. ئەمانە هۆکاری ئەو چۆڵەوانیەی گۆڕستان بوون لە کاتی بەخاک سپاردنی شێوەکاری ڕۆح شاد (ئیسماعیل خەیات)دا…