گیراوەکانی بادینان، پەڵەیەکی نەنگن، بەدەسەڵاتی نەنگینی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە…

0

گیراوەکانی بادینان، پەڵەیەکی نەنگن، بەدەسەڵاتی نەنگینی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە…

لەبەرامبەر بەو مامەڵە نائینسانی و دوژمنکارانەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتی پارتی لەبەرامبەر بە گیراوەکانی بادینان، گوهدار زێباری بەناوی گیراوانی بادینانەوە، لە زیندانی چاکسازی گەورە ساڵانی هەولێرەوە جارێکی تر هانا بۆ ڕیکخراو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبات و داوا دەکات بەدەنگیانەوە بچن. گوهدار  زێباری لەچەند خاڵێکدا باسی ئەو زۆر و گوشارانە دەکات کە دەخرێتە سەریان. لەوانە سوکایەتی و جنێوپێدان. لەناو زینداندا بردنیان بۆ زیندانی تاکەکەسی وەکو سزای سەربار لەسەر هەلوێستەکانیان. دانانی چاودێر و سیخور بەسەریانەوە. بە دەستەوەگرتنی یاسای تر بۆ تۆمەتبارکردنیان بە دۆسیەی تر. رێگری لە پارێزەرەکانیان تا بە کاری خۆیان هەڵبستن…تاد.

ئەم مامەڵەیەی پارتی و ئاسایشەکەی لەگەڵ گیراوەکانی بادینان، لەدەستگیرکردن و تۆمەت بۆ سازکردنیان، زۆر ناشیرین تر و قیزەونترە… ئەم گیراوانەی بادینان لەسەر داوای زۆر ڕەواو بۆ موچە و خزمەتگوزاری و بەدژی گەندەڵی و داگیرکاری دەرەکیدا، دەستگیر کران و تۆمەتی تیکدانی ئاسایشی نیشتمانی و کارکردن بۆ دەستی دەرەکیان بەسەردا سەپاندن… بەر لە بڕیاری دادگا سەرۆکی حکومەت تۆمەتی تری ئاراستەکردن و پاشان دادگاش تۆمەتەکانی سەرۆکی کردە یاسا و سزا!!… ئەوەی ئێستاش بەرامبەریان دەکرێت، لە درێژەی ئەو رەفتار و نەریتە نائینسانی و نایاسایەدایە.

دیارە کەم کردنەوەی سزاکانیان لەژێر گوشاری نارەزایەتی ناوخۆ و دەرەکیدا بوو، وە بەپێی لێبوردنی بەمەرج لەلایەن دادگاوە دەبوو ئازاد بکرێن، بەڵام تا ئێستا لە زیندان هێڵراونەتەوەو سوکایەتیان پێدەکرێت و بەردەوام تۆمەتی بێ بناغەیان ئاراستە دەکرێت.

کەیسی گیراوەکانی بادینان، کەیسێکە کە بۆتە پەڵەیەکی نەنگ، بە تەوێڵی دەسەڵاتی نەنگینی بۆرژوازی کورد بەتایبەتیش پارتی. دەستگیر کردنی رۆژنامەنووس و چالاکوان و بێ دادگایی هێشتنەوەیان بۆ ماوەی ساڵیک و دواتر دۆسیە بۆ دروستکردنیان و تۆمەت خستنە پاڵیان، ئێستاش دوای بریاری دادگا هێشتنەوەیان لە زیندان و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵیان دەکرێت… دەرخەری ئەو راستیەیە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد کۆپیەکی هەر ناشیرینی دەسەڵاتە ملهور و دیکاتۆرەکانە و کەیسی گیراوەکانی بادینانیش، باشترین بەڵگەی سەلمێنراوە. پێویستە جارێکی تر لایەنگرانی بەرگری لە ئازادی و ئازادییەکان و ئازادی بیروڕا، بەدەنگ بانگەوازی گیراوەکانی بادینانەوە بچن و گوشارەکانیان بۆسەر دەسەڵاتی زۆنی زەرد زیاد بکەن تا هەرچی زووە ئەم زیندانیانە ئازاد بکات و قەرەبووی مادی و مەعنەویان بکاتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.