بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری … بەشی چوارەم کۆڵەکەکانی سەرمایەداری
بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری
بەشی چوارەم
کۆڵەکەکانی سەرمایەداری
گومانی تێدا نییە کە کۆمەڵگەی هاوچەرخ کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزو ئاوێتەیە. بە میلیارەها ئینسان لە میانەی پەیوەندیە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە فراوان و هەمەچەشنەکاندا لە مامەڵەی هەمیشەییدان لەگەڵ یەکتری. تەکنەلۆجیا و بەرهەمهێنان مەودایەکی سەرسوڕهێنەریان پەیدا کردووە، ژیانی فیکریی و کەلتووریی مرۆڤی ئەمڕۆ، هەروەک گرفت و مەینەتیەکانیشی، فراوان و هەمەجۆرە. بەڵام ئەم هەموو ئاڵۆزیە تەنها کۆمەڵێک حەقیقەتی سادە و ئاسان لەبەرچاو ون دەکەن کە بنەمای ئابوری و کۆمەڵایەتی جیهانی سەرمایەداری پێک دەهێنن.
بناغەی نیزامی سەرمایەداری، وەکو هەر نیزامێکی چینایەتی تر، چەوساندنەوەی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆیە، واتە دەستبەرسەرا گرتنی بەشێک لە بەرهەمی کاری ئەوان لەلایەن چینە دەسەڵاتدارەکانەوە. تایبەتمەندی هەر نیزامێکی کۆمەڵایەتی لە سەردەمە جیاجیاکاندا، بەدرێژایی مێژوو، لەو شێوازە تایبەتەدایە کە لەهەریەکێکیاندا ئەم چەوساندنەوەیە ئەنجام دەدرێ. لە سیستمی کۆیلەداریدا نە تەنها بەرهەمی کاری کۆیلە، بەڵکو خودی خۆشی موڵکی خاوەنەکەیەتی. کۆیلە بۆ خاوەنەکەی کار دەکات و لەبەرامبەردا لەلایەن ئەوەوە ژیانی دابین دەکرێ. لەنیزامی فیۆدالیدا ڕەعییەت بەشێک لە بەرهەمەکەی دەداتە خاوەن موڵک و ئاغا، وەیان چەند کات و ڕۆژێک بێگاری بۆ دەکات. چەوسانەوە لەنیزامی سەرمایەداریدا لەسەر بنچینەیەکی تەواو جیاواز ڕاوەستاوە.
لێرەدا بەرهەمهێنەرانی سەرەکی، واتە کرێکاران، ئازادن. موڵکی هیچ کەسێک نین، بە موڵک و زەویەوە نەبەستراونەتەوە و ژێردەستەی هیچ ئاغایەک نین. خۆیان خاوەنی لەش و هێزی کاری خۆیانن و هەرخۆیان خاوەن بڕیارن تیایدا. بەڵام کرێکاران لەم نیزامەدا لەڕوویەکی تریشەوە “ئازاد”ن. واتە ئەوان خاوەنی هیچ جۆرە ئامڕازێکی کار و بەرهەمهێنان نین و بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان ناچارن کە لەبەرامبەر کرێدا هێزی کاری خۆیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە چینی سەرمایەدار، واتە ئەو کەمینە بچووکەی کە هۆیەکانی بەرهەمهێنانیان لەدەستدایە و پاوانیان کردووە، بفرۆشن و دواتر پێداویستیەکانی گوزەران و ژیانی خۆیان، کە هەر بەدەستی خۆیان بەرهەم هێنراوە، لەبازاڕدا لە سەرمایەدار بکڕنەوە. بەکاڵابوونی هێزی کار لە لایەک و لەلایەکی ترەوە خاوەندارێتی تایبەتیی چینی سەرمایەدار بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا، ئەمانە کرۆکی سەرمایەداری و بنچینەی چەوساندنەوە پێکدەهێنن لەم نیزامەدا. لەسایەی هەر نیزامێکدا، ناکرێ بیر لە بوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و خودی مانەوەی ئینسان و دابینکردنی پێداویستیەکانی بکرێتەوە، بە بێئەوەی کە هێزی کاری زیندووی ئینسانەکان ئامڕاز و هۆیەکانی کار بخاتە گەڕ و بەرهەمی نوێ بخوڵقێنێ. بەڵام لە نیزامی سەرمایەداریدا هێزی کار و هۆیەکانی بەرهەمهێنان بە دیواری خاوەندارێتی تایبەتی لێک جیاکراونەتەوە. بوونەتە ئەو کاڵایانەی کە خاوەنەکانیان دەبێ لە بازاڕدا لەگەڵ یەکتری ڕووبەڕوو ببنەوە. ڕواڵەتی مەسەلەکە ئەوەیە کە خاوەنی ئەم کاڵایانە لە بازاڕدا دەکەونە سەودایەکی هاوسەنگ و ئازادەوە. کرێکار هێزی کارەکەی بۆ چەند سەعاتێکی دیاریکراو بە سەرمایەدار، واتە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان، دەفرۆشێ و لەبەرامبەر ئەمەدا کرێ وەردەگرێ. سەرمایەدار، هێزی کار ئەخاتە گەڕ، بەکاری ئەهێنێ، وە سەرەنجام بەرهەمی نوێ بەرهەم دێنێ. ئەم کاڵایانە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت و ئەو پارەیەی کە بەدەستدێت دەبێتە سەرمایە و سەرلەنوێ سووڕی بەرهەمهێنان دەستپێدەکاتەوە.
بەڵام لەودیوی سەودای بەڕواڵەت هاوسەنگی کار و سەرمایەوە، نایەکسانیەکی بنەڕەتیی خۆی حەشارداوە کە چارەنووسی هەموو مرۆڤایەتی ئەمڕۆ دیاری دەکات و ڕزگاری و ئازادی کۆمەڵگە بەبێ ڕزگاربوون لەم نایەکسانیە مەیسەر نابێ. کرێکار بەو کرێیەی کە وەری دەگرێ تەنها ئەو شتە بەدەست دێنێتەوە کە فرۆشتوویەتی، واتە توانای کارکردن و سەرلەنوێ گەڕانەوەی بۆ بازاڕی کار. چینی کرێکار بە کاری هەرڕۆژەی تەنها کرێکار بوونی خۆی، وە مانەوەی خۆی وەکو فرۆشیاری هەمووڕۆژەی هێزی کار زامن دەکات. بەڵام سەرمایە لەم نێوەدا کەڵەکە دەبێت و پەرەدەسێنێ. هێزی کار هێزێکی خوڵقێنەرە. بەهای تازە بۆ کڕیارەکەی بەرهەم دێنێ. بەهای ئەو بەرهەم و شمەکانەی کە هەرجارێک لەلایەن چینی کرێکارەوە بەرهەم دێت زیاترە لە کۆی ئەوبەشەی بەو دەبڕێ و ئەوبەشەش لە بەرهەمهێنان کە بۆ دەست پێیاهێنانەوەی ئەو هۆیانەی بەرهەمهێنان خەرج دەکرێت کە بەکار براون یان سەرف کراون. ئەم زێدەباییە، کە خۆی بەشێوەی خەروارێک لە کاڵاکان نیشان دەدات، بەهۆی خاوەندارێتی چینی سەرمایەدار بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنانەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیک دەچێتە کیسەی ئەوەوە و سەرمایەکەی هەرچی زیاترو زیاتر دەکات. هێزی کار لە میانەی ئاڵوگۆڕی لەگەڵ سەرمایەدا تەنها خۆی سەرلەنوێ بەرهەم دێنێتەوە. لەکاتێکدا کە سەرمایە لە ئاڵوگۆڕی لەگەڵ هێزی کاردا گەشە دەکات. توانای داهێنەرانەی هێزی کارو چالاکیی خوڵقێنەرانەی چینی کرێکار، خۆی لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەی تازە بۆ چینی سەرمایەداردا دەردەخات. هەرچی چینی کرێکار زۆرتر و باشتر کار بکات، توانای سەرمایە زیاد دەکات. توانای سەرسوڕهێنەری سەرمایە لە جیهانی ئەمڕۆدا و دەسەڵاتی ڕۆژلەڕۆژ زیاتری بەسەر ژیانی ئابوری و سیاسی و فیکریی میلیارەها دانیشتووانی سەرگۆی زەویدا، شتێکی تر نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی ئاوەژووی توانای خوڵقێنەرانەی کار و جەماوەری بەرینی کرێکاران.
بەم جۆرە چەوسانەوە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، بەبێ هیچ کۆت و زنجیرێکی ئاسنین لە گەردن و دەست و پێی بەرهەمهێنەران، لە ڕێگەی بازاڕ و سەودای ئازاد و هاوسەنگی کاڵاکانەوە مەیسەر دەبێت. ئەمە تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سەرمایەداریە و لەڕووی جەوهەریەوە لە هەموو نیزامەکانی پێشووی جیا دەکاتەوە.
تێکڕای زێدەبایی بەدەستهاتوو لە چەوسانەوەی چینی کرێکار بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی بازاڕ وە هەروەها لە کەناڵی سیاسەتە دارایی و دراویەکانی دەوڵەتانەوە لە نێوان بەشە جیاجیاکانی چینی سەرمایەداردا بەشدەکرێت. قازانج و سوود و موڵکانە شێوە سەرەکیەکانی بەشی سەرمایە جیاجیاکانە لە بەرهەمی ئەم چەوسانەوە چینایەتیە. کێبەرکێی سەرمایەکان لە بازاڕدا بڕی هەر بەش و یەکە و دامەزراوێکی سەرمایەداری دیاری دەکات.
بەڵام کار بەمە کۆتایی نایهت. سەرجەم خەرجی دامودەزگای دەوڵەت و سوپا و سیستمی بەڕێوەبردنی بۆرژوازی، سەرجەم خەرجی دامودەزگا ئایدۆلۆژی و کەلتووریەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوایی و خەرجی ئەو ژمارە زۆرە لە ئینسانەکان کە لەڕێگەی ئەم دامودەزگایانەوە پارێزگاری و پاسەوانیی لە دەسەڵاتی بۆرژوازی دەکەن، هەر لەم سەرچاوەیەوە دابین دەکرێت. چینی کرێکار بە کارو ڕەنجی خۆی خەرجی چینی دەسەڵاتدار، خەرجی کەڵەکە بوونی ڕۆژلەدوای ڕۆژی سەرمایە و خەرجی باڵادەستیی سیاسی و کەلتووریی و فیکریی بۆرژوازی بەسەر خۆی و هەموو کۆمەڵگە دابین دەکات.
بە کەڵەکەبوونی سەرمایە بەردەوام قەوارەی خەرواری ئەو کاڵایانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی بۆرژوایی پێکدەهێنن زیاد دەکات. گەشەی هەمیشەیی و خێرای تەکنیک و چوونەسەری قەبارە و توانای ئامڕاز و هۆیەکانی بەرهەمهێنان کە چینی کرێکار لە هەر سووڕێکی تازەی بەرهەمهێناندا دەیانچەرخێنێ، ئاکامی حەتمیی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ مەودای پەرەسەندنی سەروەت و سامان و توانای بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە، چینی کرێکار هەمیشە بەشێوەیەکی ڕێژەیی بێبەشتر دەبێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەگەر بەشێوەیەکی ڕەها و یەکلایەنە سەیری بکەین، دەبینین کە پلە بە پلە و بەشێوەیەکی سنووردار ژیانی کرێکاران لانی کەم لە وڵاتە پێشکەتووەکاندا دەچێتە سەرەوە، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە لە پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا ڕێژەی بەشی چینی کرێکار لە تێکڕای سەروەتی کۆمەڵگە، بەخێرایی دێتە خوارەوە و قڵشتی نێوان ئاستی ژیانی چینی کرێکار و ستانداردە مومکینەکانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی، کە بە هەوڵ و تەقەلای خودی ئەو وەدی هاتوون، قووڵتر دەبێتەوە. هەرچی کۆمەڵگە سەروەتمەندتر دەبێت، ئەوەندەیتر کرێکار تیایدا بەشێکی مەحرومتر پێک دەهێنێ.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و چوونەسەری ئاستی بەرهەمهێنان و توانای بەرهەمهێنانی کار، بە مانای ئەوە دێت کە هەرچی زیاتر دەزگا و ئامێر و سیستمە ئۆتۆماتیکەکان جێگای هێزی کاری زیندوو بگرنەوە. لە کۆمەڵگەیەکی ئینسانی و ئازاددا ئەمە دەبێ بەمانای فەراهەمبوونی دەرفەتی زیاتر بێت بۆ هەمووان بۆ دەستئاوەڵابوون و چێژوەرگرتن لە ژیان. بەڵام لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، کە هێزی کار و هۆیەکانی کار تەنها کۆمەڵە کاڵایەکن کە سەرمایە بەمەبەستی وەدەستهێنانی قازانج بەدەستیەوە گرتوون، جێگرتنەوەی ئینسان بە ئامێر دەبێتە مایەی بێکاری و بێکارسازیی هەمیشەیی بەشێک لە چینی کرێکار و بێبەشبوونیان لە دەرفەتی دابینکردنی گوزەران. پەیدابوونی لەشکرێکی زەخیرە لە کرێکارانی بێکار، کە تەنانەت دەرفەتی فرۆشتنی هێزی کاری خۆشیان نییە، ئاکامێکی حەتمیی ڕەوتی کەڵەکەی سەرمایەیە کە لەهەمان کاتدا خۆی یەکێک لە مەرجەکانی بوون و مانەوەی نیزامی سەرمایەداریش دابین دەکات. بوونی سوپایەکی زەخیرەیی لە بێکاران، کە لە بنەڕەتدا ئەرکی بەڕێوەچوونی ژیانیان دەکەوێتە ئەستۆی بەشی لەسەرکاری خودی ئەم چینە، کێبەرکێ لەنێو چینی کرێکاردا پەرەپێدەدات و کرێ لەئاستێکی هەرچی کەمتردا ڕادەگرێ. ئەم سوپای زەخیرەیە ئەو دەرفەتەش بە سەرمایە دەدات کە بڕی ئەو هێزی کارەی کە دەیخاتە گەڕ بەپێی پێویستیەکانی بازاڕ کەموزیاد بکات. بێکاری، دەرهاویشتەیەکی لاوەکیی بازاڕ، یان ئاکامێکی سیاسەتی هەڵەی ئەم یان ئەو دەوڵەت نییە، بەڵکو بەشێکی سروشتی و جیانەکراوەی کارکردی سەرمایەداری و ڕەوتی کەڵەکەی سەرمایەیە.
قەیرانە ئابووریە ناوبەناوەکان بە ئاکامە ترسناک و ماڵوێرانکەرە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیانەوە، بەشێکی جیانەکراوەی نیزامی سەرمایەدارین. ئەم قەیرانانە لە بنەڕەتدا لە ناکۆکیەکی بنچینەیی هەناوی خودی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە سەرچاوە دەگرن: لە کاتێکدا کە کار سەرچاوەی قازانج و زێدەباییە، ڕەوتی کەڵەکەبوونی سەرمایە و گەشەی حەتمیی تەکنیک، بە بەردەوامی ڕێژەی هێزی کار بە بەراورد لەگەڵ هۆیەکانی بەرهەمهێنان دێنێتە خوارەوە. زێدەبایی بەرهەمهاتوو، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی ڕەها و یەکلایەنەش ڕوولە زیادبوون بێت، بە شێوەی ئاسایی ناتوانێ هاوشان لەگەڵ چوونەسەری هەمیشەیی ئەو سەرمایەیەی کە دەخرێتە کارەوە زیاد بکات. تێکڕای قازانجی سەرمایە ، بەپێی یاسا مادییەکانی خودی ڕەوتی کەڵەکەبوونی سەرمایە، بە ناچاری ڕوو لە دابەزینە. هەوڵ و تەقەلای هەمیشەیی بۆ بەرگرتن بەم دابەزینە و بۆ بەرزڕاگرتنی تێکڕای قازانج، بەتایبەت لە ڕێگەی توندکردنەوەی چەوسانەوە و کەمکردنەوەی بەشی چینی کرێکار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، کە لە شێوەی کرێ و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و …تاد -دا پێی دەدرێت، کاری هەموو ڕۆژەی چینی سەرمایەدار و دەوڵەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی و هەروەها توێژاڵێکی فراوان لە بیرمەندانی ئابوری و بەڕێوەبەران و پسپۆڕانی بۆرژوایە لەسەرتاسەری جیهاندا.
سەرباری هەموو ئەم هەوڵانە، ناکۆکیە ناوخۆییەکانی سەرمایە و ڕەوتی ڕوولەدابەزینی تێکڕای قازانج، هەموو جارێک سەرەنجام خۆی دەسەپێنێت و هەموو نیزامی ئابووری دەکێشێتە قەیرانێکی قووڵەوە. سەردەمی متبوون و قەیران نە تەنها نیشانە و بەڵگەی توندبوونەوەی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی سەرمایەیە، بەڵکو لەهەمان کاتدا میکانیزمی عەمەلیی خامۆشکردنەوەی قەیران و دەستبەخۆداهێنانەوەی سەرمایەشە. کێبەرکێ لەنێوان توێژە جیاجیاکانی سەرمایەدا توند دەبێتەوە و گەلێکیان دەکەونە داوی ئیفلاسبوونەوە. ئەمە لەهەمان کاتدا سەرمایە لاوازەکان لە مەیدان دەکاتە دەرەوە و هەلومەرجی قازانجکردن بۆ ئەوانەی کە دەمێننەوە لەبارتر دەکات. لەلایەکی تریشەوە چینی سەرمایەدار و دەوڵەتەکانی لە وڵاتە جیاجیاکاندا هێرشێکی بەربڵاو لەشێوەی جۆراوجۆردا بۆ سەر ئاستی ژیانی چینی کرێکار دەستپێدەکەن. ژمارەی بێکاران بە خێرایی بەرزدەبێتەوە و چەوسانەوەی تێکڕای چینی کرێکار توندتر دەبێتەوە. سەرمایە لە دڵی هەر قەیرانێکدا چەقبەستووتر دێتە دەرەوە و بەم پێیەش قەیرانی دواتر بەمەودایەکی فراوانترو قووڵترەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە مایەی کێبەرکێ و کێشمەکێشێکی توندوتیژتر لەناو خودی چینی سەرمایەداردا. سووک کردنی هەر قەیرانێکی تازە خۆسازدانەوەیەکی هەمەلایەنەتری سەرمایە دەخوازێ. پێبەپێی ئەمەش ئاسۆیەک کە بۆرژوازی دەینێتە بەردەم کۆمەڵگە، جار لەدوای جار تاریکتر و خەتەرناکتر دەبێت.
ئاکام و دەرهاویشتەکانی ناکۆکی و قەیرانەکانی نیزامی سەرمایەداری تەنها لە چوارچێوەی قەڵەمڕەوی ئابووریدا نامێنێتەوە. جەنگە ماڵوێرانکەرەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا، میلیتاریزم و دەستدرێژیی سەربازی، داسەپاندنی حکومەتە پۆلیسی و سەرکوتگەرەکان، سەندنەوەی مافە مەدەنی و سیاسیەکانی جەماوەر و بەتایبەت چینی کرێکار، پەرەسەندنی تیرۆریزمی دەوڵەتیی و ڕێکخراوە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، توندبوونەوەی ڕاگەیاندن و گوشارە دواکەوتووە دینی و ناسیۆنالیستی و نەژاد پەرستانە و دژی ژنەکان، ئەمانە تایبەتمەندیە بەرجەستەکانی سەرمایەداری هاوچەرخن بەتایبەت لە سەردەمی قەیرانەکاندا.
ماویەتی