بەڵی حجاب نەریتی ئیسلامی سیاسی و ڕەمزی کۆیلەتی ژنانە…

0

بەڵی حجاب نەریتی ئیسلامی سیاسی و ڕەمزی کۆیلەتی ژنانە…

حجاب کە ئیسلامیەکانی کوردستان پێی دەڵێن “باڵا پۆشی، و تاجی زێڕین” نەریتی ئیسلامی سیاسی و رەمزی کۆیلەتی ژنانە و دوور و نزیک پەیوەندی بە کەلتور و جل و بەرگی خەڵکی کوردستانەوە نەبووە و نییە، تەنانەت هیچ پەیوەندی و نزیکایەتیەکی لەگەڵ سەرپۆش و لچک نییە، کە بەشێکی زۆر لە ژنانی باوەڕدار و موسوڵمان لە کوردستان پۆشیویانەو دەیپۆشن.

…حجابی ئیسلامی پرۆژەیەکە لەگەڵ ئیسلامی سیاسییدا هاتۆتە کۆمەڵگەوە و پرۆژە ئیسلامی سیاسییە. بۆئەم پرۆژەیەش سەدان کۆبونەوەو دەیان و سەدان هەزار دۆلاریان خەرج کردووە، مەراسیمیان بۆی سازداوە، کەمپەینیان بۆ وەڕێخستووە. ئەگەر حجابی ئیسلامی بژاردەی ئازادانەی ژنان و کۆمەڵگە بێت، مەراسیم و پارە سەرفکردنی بۆچییە؟ نەخێر حجاب بژاردەی ئازادانەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا نییە، بەڵکو بژاردەی ئیسلامی سیاسیە بۆ داسەپاندنی بەسەر ژنانی کوردستاندا و سەرەتاش لە ژنانی ئەندامی حزبەکانیانەوە دەستیان پێکردووە دواتر بە کەڵک وەرگرتن لە هەژاری و نەداری، لەبەرامبەر بە کۆمەک کردنی خێزانە کەم دەرامەتەکان، حجابیان کردە سەر مناڵان و لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، ئەم پرۆژەی حجابکردنی ژنانە لەلایەن یەکگرتووە وە حزبە ئیسلامیەکانەوە کاری لەسەر دەکرێت. دیارە هیچ لەوە تاوانکارانە تر نییە حجاب و جل و بەرگی ئیسلامی بکەیتە بەری مناڵان… ئاخر ئینسان تا تەمەنی نەگاتە سەرو ١٦ ساڵی و قانوونی، سەپاندنی هەر بیروباوەڕ و جل و بەرگێک، دەستدرێژیەکی ئاشکرایە بۆسەر ئیرادەی بالغ نەبووی مناڵان خۆیان و تەمەنی قانوونیان. بەجیا لە مناڵانیش تەنانەت گەورەکانیش کاتێک حجاب دەپۆشن، پرۆژەیەکی ئیسلامی سیاسی پەیڕەوی لێدەکەن و لەژیر گوشار و بە بەخشینی ئیمتیازاتە، نەک ئەوەی بژاردەی خۆیان بێت و بەشێک بێت لە نەریتی خۆبەخۆی کۆمەڵگە. حجاب هەر بەوهۆیە زۆر سادەیەوە کە بژاردەی ئیسلامی سیاسیە، لچکی موبڕ و سیاسیە، بژاردەی ئازادانەی ژنان خۆیان نییە…حجابی ئیسلامی رەمزی ئیسلامی سیاسی و نەریتی سەردانەواندی ژنانە بە بریاری ئیسلامیەکان، بۆیە رەمزی قبوڵکردنی کۆیلەتییە. هەموو ئەو ژنانەی حجاب پۆشن، ئەگەر سەر بە ئیسلامیەکانی کوردستانیش نەبن، بوونەتە کۆیلەی هەژموونی پرۆژەی ئیسلامی سیاسی کە چەندی دەیەیە بە سیستماتیک کاری لەسەر دەکەن. جل و بەرگی ئازادانەی ژنان هەمەچەشن و هەمە رەنگ و هەمە شێوازە، بەڵام جل و بەرگی ئیسلامی تاک چەشن و تاك شیوازە… ژنێکی گەورەساڵ کە هەرەشەی باوک و مێرد و برای لەسەر بیت بۆ پۆشینی جل و بەگ و حجابی ئیسلامی و بە غەزەبی خوا و دنیای ئەولا بترسێنرێت، بە ئاگری دۆزەخی خوای میهرەبان بتۆقێنرێت… هیچ جۆرە ئازادییەکی نەک تیانییە، بەڵکو لەڕیگای زۆرەوەیە. جل و بەرگ و  حجابی ئیسلامی جۆرێکی تایبەت لە جل و بەرگ و سەرپۆشە، کە ئیسلامی سیاسی لە پشتیەتی. هەر ئەو ئیسلامیانەی حجاب دەکەنە سەر ژنان، هەر ئەوانن پێداگری لەسەر لاوازی ژن، ناقس عەقڵ بوونی ژن، چەند ژنە، لیدان و تەمی کردنی ژن و سەرجێی لێ جیاکردنەوە، بەرەسمی ناساندنی زەواجی مناڵانی ٩ ساڵ، بەو پێودانگەی باڵغن… تا دەگاتە بە بانگەشە ئاشکرانیان بۆ جیاکردنەوەیان لە قوتابخانەکان و تیکەڵ بوونیان لەگەڵ پیاوان و …تاد. دەکەن و ئەوەش کۆیلەتیەکی ئاشکرایە بۆ ژنان و مافە زۆر سادەو ساکارەکانیان. دیارە هیشتا ژنان بە حجاب و مەقنەعەشەوە لای مەلاعبدالتیف و مەزهەرەکان و هەڵۆکان، هەر بەرووتی دەبینرێن و هیچ بەربەستێک بۆ نەبینی عەورەت و سنگ و مەمک و سمت و پۆزیان بوونی نییە… لەسەر و بەندی راپەرینی خەڵکی ئیراندا، بۆ راماڵینی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی ئاخوندەکان، جیگایەک بۆ رەوتە ئیسلامیە سیاسیەکان ناهێڵتەوە و حجابیش وەکو جل و بەرگێکی تایبەت و سیاسی وەکو رەمزی ئیسلامی سیاسی و کۆیلەتی ژنان کەنار دەخرێن… هەراسانی ئیسلامیەکانی کوردستان کە بەم دوایانە بە ئاگاداری دەسەڵات لغاویان بۆ هیرش بۆسەر کۆمەڵگە و ژنان و مافەکانیان بەرەڵاکراوە، پەلەقاژەی مەرگ و دارمانی رۆژ لەدوای رۆژیانە… بەکردەوەش سەلماوە هەر ئەو ئیسلامیانەی حجاب دەکەنە سەر ژنان و مناڵان، دوژمنی سەرسەختی سەرەتاییترین مافەکانی ئینسان و دیموکراسین!!… سکاڵا تۆمارکردن لەسەر کۆمۆنیستەکان و نەغەدە عوسمانەکان و سوکایەتیکردن هەرەشەکردن لە فمینستەکان و چۆمان هەردییەکان، هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی توڕدان و سوتاندنی حجابی ئیجباری، کە ژنانی ئیران لە ڕاپەرینی پڕ شکۆی خۆیاندا دەستیان بۆ بردووە.

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.