گەشاوەیە تێکۆشانی جەماوەری خەڵکی ئێران… عبدالرحمن رسول

0

گەشاوەیە تێکۆشانی جەماوەری خەڵکی ئێران

عبدالرحمن رسول

بەڕاماڵینی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئاخوندی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکارێکی بەهێز و کاریگەر بۆ گەشەدان و لەدایک بوونی گەشەی شارستانی و ئازادیخوازی و مەدەنی بوونی نەک کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو تەواو ناوچەکە دەبوژێتەوە بە بیروباوەڕی ئازادیخوازی و مرۆڤ دۆستی و یەکسانیخوازی. لەبەرئەوەی  ئەم جۆرە فاشیزمە  خراپترین و ملهوڕترین جۆری فاشیزمە کە جگە لە گەشەدانی کردەوەی  وەحشیگەری ودژە ئینسانی و هەژاری و بێکاری و برسیکردنی گەلانی ئێران هیچ جۆرە سوودێکی نەبووە. بەهاتنە سەر کاری دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ کاریگەری بەهێزی هەبوو بۆ گەشەدانی ڕەوتی کۆنەخوازی و توندڕەوی و دژە ئینسانی لەناوچەکەدا.
چەندین ڕێکخراو و حیزب لەژێر ناو و بانگەشەی دینی دامەزران. ئەم دەسەڵاتە لەپارەی داهاتی گشتی ئێران ساڵانە و مانگانە پارەیەکی زۆری تەرخانکرد بۆ هاوکاری ویارمەتیدانیان. زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم ڕێکخراوانە دەستیان بەچالاکی و بانگەوازیی خۆیان کرد. یەکێک لەو وڵاتانە عێراق و کوردستانە کە دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران زۆر بەئاشکرا یارمەتی و هاوکاری ماددی ومەعنەوی پێشکەش کردن. سەرکردەو ڕابەرانی ڕێکخراو و حیزبە ئیسلامییەکان بەئاشکرا لەلایەن فاشیزمی ئیسلامی ئاخوندی ئێرانەوە هاوکاری ماددی ومەعنەوەی کراون خول و ڕاهێنانی سەربازی و سیاسییان لەئێران لەژێر چاودێری بەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بۆکراوەتەوە. هەر ئەمەش وایی کردووە هەمیشە بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران ئەم ڕێکخراوە ئیسلامییانە نیگەران و دڵتەنگتربن  لەبەرپرسانی ئێرانیش.
جار جارەش ئەگەر لەسەر  هێرش و تۆببارانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر باشووری کوردستان شتێکی جیاواز دەڵێن تەنها بۆ ئەوەیە کە لەڕوکەشدا وا خۆیان دەردەخەن کە هاوخەمن لەزیانەکان بەخەڵکی کوردستان، دەنا ئەم هێزە ئیسلامییانە و هێزەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی  پشت وپەنای ڕاگرتنی پایەکانی ئەو جۆرە فاشیزمەن لەناوچەکەدا. ئەم جۆرە وەفادارییان لەکاتی ناڕەزایەتی یە جەماوەرییە فراوانەکانی  خەڵکی ئێراندا چاوەڕوانی فەرمانی کۆماری ئیسلامین کە ئەرکدارییان بکات بەفەرمانێک.
بۆیە ئیسلامییەکان لەگەڵ لافاوی ناڕەزایەتی گشتی خەڵکی ئێراندا دژایەتی خۆیان ناشارنەوە بەرامبەر خەڵکی ناڕازی ئازادیخواز و  ڕاستەوخۆ لایەنگری و شاباش بۆ خزمەتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران لێدەدەن. بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتی فاشیزمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەردەوام خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازو یەکسانیخوازی بەبێ تاوان لەسێدارەداوە و کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی کوشتووە و خەڵکی هەژارو بێکار کردووە بەڵام ئەم ئەم حیزبە ئیسلامییانە بەچەند دێڕێکیش کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە وەحشیگەرییەیان مەحکوم و شەرمەزار نەکرد، بەڵام ئێستا دێن لەبەرژەوەندی ئەم دەسەڵاتە ملهوڕە دژایەتی خەڵکی ناڕازی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان دەکەن و پێیان وایە خەڵک تەنها لە دژی لەچک و حیجاب هاتوونەتە مەیدان هەرچەندە خەڵک لەدژی سەرجەم یاسا چەوسێنەرو زۆرە ملێکاندا هاتونەتە مەیدانی تێکۆشان، یەکێک لەیاسا کۆنەخوازو دژە ئینسانییەکان هەبوونی یاسای بەزۆر سەپاندنی حیجاب و لچکە  هەربۆیەش  سووتانی لچکە وحیجاب بۆتە سمبوڵێکی ئازادیخوازی ژنان وپیاوانی ئێرانی.

هەر بۆیە  کە چەندە سیستەم و حکومەتەکەی  ئاخوندی ئیسلامی سووتانی لەچک بەمەترسی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی دەزانێت، بەڵکو زیاتریش هێزە کۆنەخوازی دەسەڵاتداری چەوسێنەری  بنەماڵەکانی کوردستان و حیزبە ئیسلامییەکان بەزیانی خۆیانی دەزانن. لەبەرئەوەی باش دەزانن ئەم  تێکۆشانە ئازادیخوازەی خەڵکی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان  بە مەترسی جدی یە بۆ  سەرخۆیان و سەرجەم پایەکانی هێزی کۆنەپارێزییان.
خودی ڕێگریکردن لەخۆپیشاندانی خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵەیی چەوسێنەر  بەدیاریکراوی ڕۆژی چوارشەممەی  ٢٨-٩-٢٠٢٢ لەشاری سلێمانی ڕاستەوخۆ خزمەت بەسیاسەتی دژەبەشەری فاشیزمی ئیسلامی ئێران دەکات. نیشانەی ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ بەرپرسانی چەوسێنەری بنەماڵەکانی کوردستان دژایەتی شۆڕش و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی جەماوەری شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. بەمیلیشاکردنی خیابانەکانی شاری سلێمانی لەکاتی بۆمبارانکردنی بنکەوبارەگانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەناو باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی فاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێرانەوە ئەوپەڕی کردەوەی دژە ئینسانی یە. لەمێژووی دەسەڵاتی دا بەردەوام هێزی دەسەڵاتی فاشیزم پشت دەبەستێت بەهێزە کۆنەخوازو دژە بەشەرییەکانی هاوشێوەی خۆی بۆمانەوەی لەدەسەڵاتدا، ئەوەی لەباشوری کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەی کوردایەتی چەوسێنەر ڕوودەدات کە بەزۆر خۆپیشاندانی ئازادیخوازانی باشوری کوردستان بۆ پشتیوانی خەڵکی تێکۆشەری ناڕازی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت دەکات و خەڵکی خۆپیشاندەر زیندانی دەکات، نیشانەی ئەوەیە کە تەواوی بنەماڵەکانی دەسەڵات وحیزبەکەیان ڕاستەوخۆ خزمەت چی  فاشیزمی ئیسلامی ئێرانن و خۆیان بەشێک لەو جۆرە فاشیزمە دەزانن، هەربۆیەشە لەکاتێکدا بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی موشەک باران دەکرێت و خەڵکی بێتاوان دەبێتە قوربانی ئەوانیش وەک بنەماڵەکانی دەسەڵاتی کوردایەتی شارەکانی باشوری کوردستان ملیتاریزە و پڕ چەکدار دەکەن و خەڵکی ناڕازی بەفاشیزمی ئیسلامی ئێران ڕاپێچی زیندانەکان دەکەن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن تەمەنی دەسەڵاتی ئاغاکانیان زۆری نەماوە ڕاپێچی زبڵدان بکرێت لەلایەن خەڵکی تێکۆشەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئەوکات ئەوانیش دیواری دەسەڵاتیان دەڕمێت. مێژوو شاهیدە کە فاشیزمی کۆماری خوێــنڕێژی ئیســـلامی لە ســاڵی ١٩٧٩ەوە لەدوای شۆڕشی بەهمەن، بە یارمەتی دەوڵەتە زلهێزەکان لەوانە فەرەنســا و ئەمریکا  قاچەکانی خۆی لەناو ئێراندا چەقاند و لە ماوەیەکی کەمدا بەزۆر پاش کوشتن و زیندانی و لەسێدارەدانی هەزارەها کەسی ئازادیخوازو یەکسانیخواز حوکمی ئیســلامی خۆی دامەزراند. ئاشکراو ڕوونیشە یەکێك لە پایە سەرەکیــیەکانی ئەم رژێمە ئیســلامییە ئاخوندییە دژایەتیکردنی ژنـــان و بەزۆر حیجاب پێکردنیـــانە. بەبێ زۆرە لەملێ و سەرکوت و لەسێدارەدان ئەم ڕژێمە ناتوانێت بەردەوام بێت لەبەرئەوەی بەرگەی هەبوونی ئازادی ناگرێت. سەرکوتی بەهێزی ئەو فاشیزمە ڕاستەوخۆ و ئاشکرا یە لەخیابان وکوچەکانی شارەکانی ئێران. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ  ساڵانە نزیك ١٠٠ هەزار ژن بە تاوانی بێ حیجابی یان دەرکەوتنی چەند تاڵێك لە قژیـــان لەلایەن دەزگا سەرکوتگەراکانی رژێمەوە دەســتگیر دەکرێن و رەوانەی زیندانەکان دەکرێن. لەدوایی هاتنە سەر دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی لەئێران لەساڵی ١٩٧٩ ژنانی شاری تاران ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانی هەزارەها کەسیان ئەنجامدا بۆ ڕەتکردنەوەی یاسایی بەزۆر سەپاندنی حیجاب و لچک، بەڵام ئەم فاشیزمە بەنەخشە بەرنامەیەکی درێژخایان هەرچی ژن و پیاوی ئازادیخوازو یەکسانیخواز هەبوو ڕاپێچی زیندانەکان دەکرد و دۆسییەی ساختەی بۆساز دەکردن دەستە دەستە لەسێدارەی دەدان، هەر بۆیە بەهەزارەها کەس ئاوارەبوون بەناچاری ئێرانیان بەجێهێشت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کە ڕژێم نەخشەی دژە ئینسانی خۆی بەرامبەر ئازادیخواز ویەکسانیخوازان جێبەجێ دەکرد بەتوندی، بەڵام  ڕۆژ دوای ڕۆژ هێزی چینایەتی باشتر وشیاربۆتەوە وهێزی گەنجان و لاوانی کچان و کوڕان باشتر بەرەو بەئاگایی ئازادیخوازی هەنگاوییان ناوە. باشترین بەڵگەش ئەم ناڕەزایەتی یە جەماوەرییەی قۆناغی ئەم ساڵە کە زۆرینەی پێکهاتەی کچان و کوڕانی جوان و گەنج و لاوە. هەربۆیەشە سەرتاپای بەرپرسانی باڵایی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەژنۆیان شکاوە. بەپێی زانیاری ناوخۆی شارەکانی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان کە ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران کە زۆربەیان گەنجن، زیاتر لە ٥٠ شار و شارۆچکەی ئێرانی لە  ٣١ دەڤەر و ناوچەی دا گرتۆتەوە. هەروەها  تا ئەمڕۆ ٥٣ کەس قوربانیی بوون، و نزیکەی ٦٠٣ کەس  برینداربوون و بە هەزاران کەسیش دەست بەسەرکراون.
کوژرانی دڕاندانەی ‘ژینا ئەمینی’ هۆکاری سەرەکی نەبووە و نییە بۆ ڕاپەڕینی ئەم خەڵکە.  کوژرانی ‘ژینا’ تەنها بیانوویەکە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم ناڕەزایەتییانە بەرامبەر دەسەڵات و کۆی سیستەمی دژە بەشەری ئێران سەرتاپایی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە لەڕوویی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی یەوە خەڵک بەکردار یاساکانی ئەم ڕژێمە ڕەت دەکاتەوەو بەرامبەری دەوەستێتەوە. کارە دروستەکە ئەوەیە هەریەکەمان ئەم هێزە تێکوشانە جەماوەرییە بەهێز بکەین بۆئەوەی ببێتە لافاوێک بۆڕاماڵینی ئەم سیستەم ودەسەڵاتە فاشیزمە. هەرجۆرە پەرت کردنێک و دابەشکارێک لەوجۆرە بزوتنەوە جەماوەریدا خزمەت بە فاشیزمی ئیسلامی ئێران دەکات. جۆری دابەشکاریییەکان وێڕای ئەوەی کۆنەپەستانەن لەهەمان کاتدا دواتر چەوسانەوە و دژەبەشەری بەجۆرێکی تر ئارایشت دەدەنەوە. بۆنموونە بەرگی نەتەوەیی وناوچەیی و دژەدینی پێدا بکرێت ئەمانە هەڵەیەکی کوشندەیە یان  ئاراستەکردنی ناڕەزایەتی و سۆزی خەڵکی کوردستان بەرەو ململانێی جیاواز و دەوڵەتی جیاوازی تر جگە لە فاشیزمی ئیسلامی ئێران. واتە سەرقاڵ کردنی خەڵکی ناڕازی بۆئەوەی وزەی تێکۆشانیان دابەش بکەن. نموونە لەکاتێکدا موشەکباران و تۆپبارانی بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەکرێت خەڵک دەکرێتە قوربانی و ئاوارە دەکرێت، لەهەمان کاتدا لەشارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی ناڕەزایەتی درێژە پێدەدات و زیندانی ودەکرێت و دەکرێتە قوربانی،  ئێمە بێین باسی جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ی  حکومەتی عێراق بکەین و باسی هێرشی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا بکەین. هەرچەندە فاشیزم جیاوازییان نییە بەڵام خودی باسکردنی لەئێستادا ئاراستەی تێکۆشانەکان دەشێوێنێت و خزمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، لەلایەکی تریش هەموو لایەک باش دەزانێت کە خەڵکی کوردستان ناتوانێت لەیەک کاتدا شەڕی چوار دەوڵەتی ملهوڕی چەوسێنەر بکات کەهەریەکەیان خاوەنی سوپایەکی گەورەیە. لەساڵی ١٩٩١  هەتا سالی ٢٠٠٠ وێڕایی گەمارۆی ئابووری و سەربازی وبازرگانی  بەهاوکاری ڕاستەوخۆی هێزی هەزارەها سەربازی ئەمریکا و بەریتانیا و هێزەکانی تر بەهێزی سەربازی مۆدێرن ئەوجا فاشیزمی بەعس ڕوخا بۆیە هەرجۆرە باسێک لەو جۆرە دەچێتە خزمەتی فاشیزمی ئیسلامی ئێرانەوە. بەشێک لەحیزبەکان بەناوی سۆزی کوردایەتی چوار پارچەیی جارێکیتر ئاو بەئاشی  فاشیزم دا دەکەن.
ڕێگا دروستەکە ئەوەیە کە لەقۆناغی ئێستادا خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان  گەشەی پێدەدەن خەباتی یەکگرتووانەی جەماوەرییە، کە ئامانجیان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی یە لەیاسا وسیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەرو فاشیزمی ئاخوندی ئێران، هەرئەمەشە سووتاندنی لچک وەک تێکشکاندنی بتەکانی فاشیزم بۆتە ڕەمزی تێکۆشانی کچان و ژنانی ئازادیخواز.
لەناوخۆی شارەکانی ناوخۆی تورکیا و باکوری کوردستانیش دەتوانن  دەست بە تێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەری بەردەوام بەرن بەئاراستە و ئامانجی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەجۆری سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەری فاشیزم. بۆ عێراق وباشووری کوردستانیش بەهەمان شێوەی دەتوانن وەک خوێندنگایەک سەیری ئەم تێکۆشانەجەماوەرییەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و سوود لەتەجروبە و خاڵەبەهێزەکانی ئازادیخوازییەکانیان وەربگرن. تێکۆشانی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جوانترین وباشترین جۆری تێکۆشانە لەبەرئەوە نییە زۆرینەی ژنان بەشدارە، بەڵکو لەبەرئەوەیە زۆرینەی کە بەشدارە لەو تێکۆشانە بەئاستی وشیاری بەرزەوە بەگژ هەبوونی یاسا بەزۆر سەپێندراوەکانی چەوسانەوە ونایەکسانیدا دەچنەوە. خودی ئەم جۆرە وشیارییە جەماوەرییە گرینگی زۆری هەیە نەک بۆ ئێستای تێکۆشان، بەڵکو بۆ دوایی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەکۆمەڵگەدا. ئەم جۆرە تێکوشانە بەکردار جیاوازە لە تێکۆشانە جەماوەرییەکانی تر  هەرئەمەش نیشانەی هێنانەدی کۆمەڵگایەکی نوێتر و باشتری لێ چاوەڕوان دەکرێت.
لەوانەیە ئەم گورز و ڕاچڵەکێنە جەماوەرییە نەتوانێت ڕژێم بڕوخێنێت، بەڵام ڕەوتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی زۆر باشتر لەڕابردوو دەبێتە سونەت وپێگەی جەماوەری خەڵک بەکرداری پیادەکردنی ڕۆژانەیان. هەرئەمەشە نەک بەرپرسانی فاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێران، بەڵکو گەجەرو کۆیلە و ئیتڵاعات و جاسوس و هاوکارانیشی لەدەرەوەی ئێرانیشی شپرزەو شێواو کردووە، هەرئەمەشە وای لە بەشێک لە کۆنەپارێزو کۆیلە و هاوکاران و جاسوسانی لەباشووری کوردستان کردووە کە نەتوانن کەمێک خۆڕاگربن  لەدەربڕینی سۆزو وەفادارییان بۆ فاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێران و  بەپەلە پڕوزێ دەستیان بە هاوارو ناڵە ناڵەی بەرگریکردن لەوفاشیزمە دژە ئینسانییە کردووە. خودی بەرگری کردن لەئازادی هیچ سنوورێک ناناسێت کاتێک لەچێوارچێوەی مافی مرۆڤایەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەوەی لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات جوانترین و باشترین جۆری تێکۆشانی ژنانە بۆ هێنانەدی ئازادی لەچوارچێوەی مافی مرۆڤایەتی. هەبوونی لچک و سەرپۆش بەئازادی مافی هەر ژنێکە، بەڵام کاتێک لچک و سەرپۆش دەکرێتە زۆرە ملێ وسیاسی  زۆر دڕندانەو دژە ئینسانی یە. لە فەڕەنسا و ئەوروپا ئازادانە ژنان وکچان دەتوانن لەچک و حیجاب بپۆشن لەشوێنە گشتی و ناوبازاڕ بەئارەزومەندانەیە لەبەرئەوەی دین لەدەوڵەت جیاکراوەتەوە وەک کاری شەخسی وکەسی چاوی لێ دەکرێت، بەڵام لەئەفغانسان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجیاوازە وبە زۆرەملێیە،  نەپۆشینی لەچک وحیجاب سزایی زیندانی و ئەشکەنجەدانی لەسەرە ئەمەیە دەسەڵاتی وەحشیکەری و دژە ئینسانی. پێویسته هەر مرۆڤێک کە باوەڕی بەهەبوونی ئازادی و مافی مرۆڤ هەیە لەبەرامبەری بەزۆر سەپاندنی هەر یاسایەک کە مرۆڤەکان ڕاپێچی چەوسانەوە وئازارو ئەشکەنجە وبێ مافی دەکات بوەستنەوە. بەزۆر سەپاندنی حیجاب و لچکیش واتە ئازاردان وبێ مافی کردن دێت ئەرکی هەر مرۆڤێکە دژایەتی بکات و خاوەن هەڵوێستی ئینسانی بێت. کەم تەرخەمی یان دژایەتیکردنی  تێکۆشەرانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هەر جۆرە بیانوێکدا بێت نیشانەی بەرگریکردنە لەکۆنەپارێزی وچەوسانەوە و گەشەدانی ملهوڕییەکانی دژە ئینسانی، کەفاشیزمی ئاخوندی ئیسلامی ئێران  لەناوچەکەدا ڕابەرایەتی دەکات. پێویستە تێکۆشانی جەماوەری یەکگرتووانە لەبەرامبەریدا بەهێز بکرێت بۆئەوەی لمۆزو ملهوڕییەکانی دەسەڵاتی وەحشیگەرییەکانی ئەو جۆرە فاشیزمە کۆتایی پێ بێت، ژنان و پیاوان ئازاد و بەرابەر ویەکسان ژیان بگوزەرێنن. کە ٤٢ساڵە لەئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان فاشیزمی ئیسلامی بەزۆرە ملێ و ملهوڕی یاسا چەوسێنەرو دژە ئینسانییەکانی پیادە دەکات و گەنجان و لاوانی تێکۆشەر لەسێدارە دەدات و کۆڵبەرانی زەحمەتکێش ڕاستەوخۆ دەکوژێت،  بەڵام هەرگیز  نەی توانیووە  ئەم سونەت و یاسا دژە بەشەرییانە بکاتە سونەتی جێبەجێ کردنی ئازادانەی خەڵک، ئەمەش نیشانەی گەشەی ئاستی وشیاری کچان و ژنانە وگەشەی وشیاری پیاوانی وشیاره  کە یاسا زۆرەملیەکان ڕەت دەکەنەوە ئەوەش مافی خۆیانە دەبێت هاوپشتیان بین دڵسۆزانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی چەوسێنەر و سەرکوتگەر لەتەواوی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان و ئێران. لەدوایی ڕاماڵین خەڵک دەتوانن باشترین بەدیل و ئەڵتەرناتیڤی ئینسانی بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگە دەست نیشان بکەن، خەڵک باشترە لەدوایی ڕوخانی ئەم فاشیزمە خۆیان لەڕێگای شوراکانی خۆیانەوە لەگەڕەک و شوێنی کارکردنیانەوە کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن، حکومەتی شورایی دابمەزرێنن هەر خودی خەڵکیش زۆر بەکراوەیی و ئازادانە دەتوانێت چاودێری جۆری ئیدارەدانی شورایی بکات…

Leave A Reply

Your email address will not be published.