کەزییەی ( ژینا ) بۆتە ئاڵای شۆڕشێکی سەرتاسەریی  نووسینی: جەمال غریب

0

کەزییەی ( ژینا ) بۆتە ئاڵای شۆڕشێکی سەرتاسەریی

 نووسینی: جەمال غریب

  ژینا  دەنگی زوڵاڵ و دلێرە لەڕێی کۆنسێپتی (گوناه) ەوە توانی یەکەمین یاخیبوون لەدژی ئیسلامگەرەکانی  ئێران  لەمێژووی سەرزەمیندا دابهێنێت، ئەم چەمکە پێمان دەلێت یاخیبوون بریتییە لە کرۆکی مرۆڤ، وە مرۆڤ بەو ئاکارە باشەی هەیەتی کاتێک دەڵێت (نا) ئیتر بەمە خۆی دەبێتە خودا. کاتێکیش کامۆ لە سالی 1951 دا مرۆڤی یاخی نووسی، ئەو شتێکی لەوە زیاتری نەخستەڕوو، کە  (ژینا)   بەمەرگی  خۆی  خستیە  ڕوو.

بەدرێژایی  نزیک بە  نیو سەدەیە ، دەستە و تاقمێکی  عەمامەبەسەر، دەستیان ناوەتە بنەقاقای ئازادی و  سەرخۆبوونی مرۆڤەکانیان کردۆتە قوربانی  فیشەک و پەتی سێدارەیان، بە  ماشێنی سڵنگی  ئەڵمانی  هەڵخستوە بۆگەنجو لاو و جوانانی گەلانی ئێران، لەو ڕۆژەوەی ئەو ئاخوندانە  هاتونەتە سەر حوکم  ئێرانینان بە دەردێکدا بردوە  کە ڕێژەی هەژاری و بێ کاری و نەبوونی  ڕۆژ لەدوای ڕۆژ  لە هەڵچوندایە و تروسکەی  هیوایەکی  گەش لەسایەی  کۆماری  ئێسلامی  پەت و سێدارەوە  نابینرێ، خەڵکی  چەوساوەو  ئازادیخوازی  ئێران  لە دەرفەتێک دەگەڕێن کە هەرچی  توڕەیی و بێزاری و ئەو زوڵم و زۆرو نادادیەی  دەسەڵاتدارانی  ئاخوند  سەپاندوێتی بەسەر چین و توێژە کۆمەڵاتیەکانی گەلانی  ئێران، ڕۆژێک  بێت  وەک بورکانێک  بتەقێتەوە بەڕووی ئەو دەسەڵاتە دا، ئەوەی لەم ڕۆژانەدا  دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ئێران ئەنجامێاندا بەرامبەر  بە کچە چالاکوانێکی ئازادیخوازی   خەڵکی سەقز  بەنێوی   ژینا  و گیان لەدەستدانی  بەبیانوو و گوناهی قژ ڕووتی و حیجاب نەکردن،  ژینا  بە فڕێدانی سەرپۆشی  سەری و هەڵبژاردنی مەرگ  وەک کیژێکی  ئازاو ئازادو  خۆنەویست( نا) یەکی  نابە دڵی  ئاخوندەکانەوە  کە ببێتە بڵێسەی شۆڕشی جەماوەری و بەرزبوونەوەی دەنگی  ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری، ژینا بە مەرگی خۆی  یەکەمین  یاخی بوونی لەدژی  ئیسلامگەراکان بەرپاکرد

واتە یاخی  بوون  پێمان دەڵێ  بریتی یە  لە کرۆکی مرۆڤ، وە مرۆڤ بەو ئاکارە باشەی کە هەیەتی دەتوانێ  نەهێڵێ هیچ دەستەو تاقم و دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست خۆی بسەپێنێ بەسەریدا و نەهێڵێ هەوای ئازادی هەڵمژێ، بەپێچەوانەوە مێژووی مرۆڤایەتی دەریخستوە کە هەر دەسەڵاتێکی خۆسەپێن ناتوانێ تاسەر ئازادیەکانی مرۆڤ  زەوت بکات، ئەگەر مرۆڤ خۆی  هاوئاهەنگی ئەو  زەوتکاریەی نەبێ، ژینا بە فڕێدانی سەرپۆشەکەی سەری، شۆڕشێکی بەرپاکردو هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان هەماهەنگ بن و بڕژێنە سەر شەقام و ڕووبەڕووی  دەزگا سەرکوتکەرەکانی  ئیسلامی ئێراندا ڕابوەستن و تەواوی شارەکانی ئێران بخرۆشێ، وەلێ لە باشوری کوردستان تاوەکو ئەمڕۆکە  هیچ  هاوئاهەنگی  هاوپشتییەک  نابینرێ بۆ داکۆکیکردن لە دروشمی (  ژن… ژینا …  ئازادی)  بکەنە بەیداخی بەرزو سیمبولی ئازادی و سەرخۆبوونی ئینسان و هەڵکردنی ئەو بەیداخە و هێشتنەوەی بەبەرزی لەلووتکەدا، لەکاتێکدا دەبوو لەباشوریش بەهەمان شێوە شۆڕش و ڕاپەرین و خۆپیشاندانەکان هەموو شارەکانی سلێمانی و هەولێرو دهۆک و کەرکوک و هەڵەبجەی بگرتایتەوە و ببوایە بەدەستە خوشکی شارەکانی تری ڕۆژهەلات، بەڵام بەداخەوە کەش و هەوایەکی ترسنۆکانەو  ژێردەستەیی شارەکانی کوردستانی داگیرکردوە  نەک بەرگری لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە ناکەن، بەڵکو لەم هەرێمەدا کەسانێکی تیایە بەناوی فڕێدانی سەرپۆش و نەکردنی حیجابەوە، نەفرەت دەنێرێ بۆ خۆپیشاندەران و گیانی ژینای  ئازادیخواز، لێرەوەیە  دەبێ خەڵکی ئازادیخوازی  بە ماڵ و گیان و ماندووبوونی خۆی  ڕێگەنەدا ئەم ڕاپەرین و ئاگری بڵێسەی شۆڕشە دامرکێتەوە، بەڵکو پێویستە ڕۆژ بەڕۆژ تاوبسەنێ بە مەشخەڵەکەی شۆڕشی سەرتاسەری ئازادی و ڕزگاری بەرپاببێ تا لەسایەیدا کۆمەڵگەیەکی دوور لەچەوسانەو ناعەدالەتی و یەکسانی ژن و پیاو  جێگرەوە بێت بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی..

Leave A Reply

Your email address will not be published.