ئیسلامی سیاسی چ یارییەکی نەزۆک دەکات لە کوردستان!… نووسینی: عوسمان محەمەد
ئیسلامی سیاسی چ یارییەکی نەزۆک دەکات لە کوردستان!
نووسینی: عوسمان محەمەد
ئەوە زیاتر لە (٣١) ساڵە بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی لە کوردستان دەسەڵاتدارە، ئەم دەسەڵاتە هەرچی دەردەسەری و نەگبەتی و برسێتی و بێکاری و ڕەشەکوژی و ماڵوێرانی و هتد…. نەماوە بەسەر خەڵکیدا نەهێنێ، هەلومەرجێکی وای دروستکردووە کە سۆز و عاتیفەی ئینسانی بەدەگمەن بەدی ئەکرێ، تا ئێرە مەسەلەکان زۆر سەیرو عەجایەب نییە، بەڵام ئەوەی کە زۆر سەیرو عەجایەبە ئەوەیە ئیسلامی سیاسی بەدرێژایی ئەم دەسەڵاتە شەریکە بەشی پارتی و یەکێتی بووە..!
وەکو برا گەورەو برا بچووک کێکەکەیان دابەشکردووە، هەتا ئەم ساڵانەی دوایی لە هەشت کابینەی وەزاریدا بەشداربوونە، تائێستا هیچ ڕەخنەیەکی ڕیشەییان لە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم نەبووە لەملاو ئەولا ڕەخنەیان لە لق و پۆپی دەسەڵات گرتووە، بەڵام ئەوان بوونەتە لەمپەر لەبەردەم تیری ڕەخنەی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم، بەهەموو توانایانەوە لەپشتی ئەو دەسەڵاتە بوونە، بەڵام ئێستا کە گڵۆڵەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم کەوتۆتە لێژی لە کابینەی (٩) دا ئەوان ڕەخنە ئەگرن، ئەترسن بەر شاڵاوی ناڕەزایەتی خەڵک بکەون و لوشیان بدات، بۆیە تۆزێ ڕەخنەی جددی ئەگرن هەموو ڕەخنەکانیشیان لەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە دزو گەندەڵە، نەک ڕەخنەیەک لەکۆی سیستەمەکە.
بۆچــی ئیسلامی سیاسی ئەیەوێ بەرگی عەلمانیەت بکاتە بەری ناسیۆنالیزم، لە کوردستان سێ بزووتنەوەی سیاسی زۆر شەفافانە کاروکردەوەی ڕۆژانە ئەنجام ئەدەن هەر بزوتنەوەیەک لەهەوڵی ئەوەدایە زۆرترینی خەڵک بەدوای سیاسەتەکانی خۆیدا گردو کۆ بکاتەوە،
١-بزوتنەوەی ناسیۆنالزمی کوردی
٢-بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی
٣-بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری
ئەم سێ بزوتنەوەیە لە هەموو ڕویەکەوە جیاوازیان هەیە لە مەیدانی سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری بۆ هەر یەکێک لەمانە تاکتیک و ستراتیژی جیاوازیان هەیە، بەهیچ جۆرێک ناتوای بڵێی سونەت و کاروکردەوەیان نزیکایەتی هەیە، بەڵام شتێک کەسەیرە لێرەدا ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی ئەیەوێ کە ناسیۆنالیزم وەکو ڕەوتێکی علمانی لەقەڵەم بدات ئەمەش مێژوویەکە کە ئەم دهۆڵە لێ ئەدەن. ئایا ئیسلامی سیاسی لەئەنجامی تێنەگەیشتنایەنە لە ڕێباز و بیرووبۆچوونی عەلمانیەت، یاخود کارێکی دروستکراو و بەئەنقەستە.
بەڕۆشنی دیارە کە کارەکەیان دروستکراو و بەئەنقەستە، چونکە زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیڕەوی لە ڕێبازی عەلمانیەت ئەکەن بۆیە ناکرێ ئەمان بەڕێڕەوی سیاسەتی کۆمەڵاتی ئەم وڵاتانە ئاشنا نەبن، وەک هەموو لایەک ئەزانن عەلمانیەت ڕەوتێکی سیاسی کۆمەڵایەتی زۆر ڕۆشنە کە زیاتر لە (٢٠٠) ساڵە زۆرێک لە وڵاتەکانی جیهان پیادەی ئەکەن، ئەویش جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت و لەپەروەردەو فێرکردن و یاساکان، بەواتایەکی تر نابێ دین لەکاروباری سیاسی وڵاتدا خۆی تێوەگلێنێ، هەروەها نابێ دەقە دینیەکان وەک وانەیەکی تایبەت لە قوتابخانەکاندا وجوودی هەبێ، و نابی دین وەکو بنەماو سەرجاوەی یاساکان کەڵکی بەکاردبێت، و نابێ هیچ مرۆڤێکی خوار هەژدە ساڵ بیروبۆچوونە دینیەکان فەرزکرێ بەسەریدا هەموو ئینسانێ ئەبێ ئازادبێ تا تەمەنی ئەگاتە سەروی هەژدە ساڵ، دوای ئەو تەمەنە کە ئینسانێکی کامڵە ئەتوانێ هەڵبژاردەی خۆی بکات چی پێ باشە با هەڵیبژێرێ،
ئایا ئەو فورمانەی کە باسمان کرد لە (٣١) ساڵی ڕابردوودا لە بەرنامەی سیاسی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا پەیڕەو کراوە، تەنانەت یەک خاڵیش لەو خاڵانەی سەرەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمدا لەکوردستان نەپەیڕەوی لێ کراوە نە خراوەتە دەستوری کاریانەوە،
ئەم ڕەوتە ئیسلامیانە هەرخۆیان بەدرێژای دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم بەشداری دەسەڵاتیان کردووە ئەگەر ئەوانە عەلمانی بوونایە ئێوە چۆن توانیتان بەشداری دەسەڵاتەکەیان بن،
خەڵکی کوردستان ئێوە بەشەریکە بەشی دەسەڵات و کاروکردەوە تاوانەکانیان ئەزانن، ئێوە ئەتانەوێ گا بکەن بەکۆڵانداو کەس پێتان نەزانێ…..!!!؟
لەلایەکەوە بەشە کێکی خۆتان ببەن و لایەکی ترەوە بەرگی عەلمانیەت بکەن بەبەریاندا، بەم کردەوەتان ئەتانەوێ خۆڵ بکەن بەچاوی خەڵکداو بەلاڕێیان بەرن، خەڵک لەوە هۆشیارترەو ئەزانن کەئەم کارە دوو فلیقانەیە ئێوە ئەیکەن کارێکی قێزەونە، ئەتانەوێ لەگەڵ دەسەڵات بکوژو ببڕن و لەگەڵ خەڵکدا شیوەن بکەن، زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەزانن کە ئێوەی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزمی کوردی لەیەک سەرچاوە ئاو ئەخۆنەوە.
ئەوەی کە ئەتانەوێ ناسیۆنالیزم وەک علمانیەت بناسێنن، ئەتانەوێ هەرچی کاروکردەوەی دژی ئینسانی و بێکاری و برسێتی و تیرۆر و ڕەشەکوژی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستە بخەنە پاڵ ڕەوتە عەلمانیەکان، ئەم بەیت و بالۆرەیەش زیاتر لە (٣٠) ساڵە لێئەدەن، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیووە لەناو بەشێکی کەمی کۆمەڵگەدا جێی خۆی بکاتەوە، چونکە دەسەڵاتی کوردی واتا یەکێتی و پارتی، یەک سەرکردەی پارتی نییە کە پرەنسیب و بەرنامەو کارکردی عەلمانیەتی پێ قبوڵ بێ، ئەمەش زۆر ڕۆشنە لای خەڵکی کوردستان ئەوەندەی بە یەکێتی ئەگەڕێتەوە لەسەرەتاوە هەندێ تەموو مژ هەبوو لەسەر ئەوە کە عەناسر هەیە لەناو یەکێتیدا خۆی بە عەلمانی ئەزانێ بەڵام هیچ کاتێ وەک بەرنامەو سیاسەت پەیڕەویان لێ نەئەکرد، مەلا بەختیار یەکێتی بوو لەو سەرکردانەی یەکێتی کەلەناوخۆی یەکێتیدا بە عەلمانیەت لە قەڵەم ئەدرا، بەڵام ئەم مشتومڕانەی کە خۆی و بافڵ کردیان دەستی بەتەواوی کەشف بوو ئەو خۆشباوەڕییەی ناوخۆیان ڕەوییەوەو دەستیان لێ شۆری، بەدرێژایی (٣٠) ساڵی ڕابردوو هەوڵێکی بێوچانتاندا بۆئەوەی بەرگی عەلمانیەت بەباڵای ناسیۆنالیزمدا بکەن، بەڵام ڕێسەکەتان جارێکی تر لێبویەوە بە خوری، ئێوە ئەوانەتان وا لەبەرنامەو سیاسەت بەمانای ناکۆکی چینایەتی تێگەیشتوون پێتانوایە کەسێک ئیسلامی نەبوو ئەبێ عەلمانی بێ، تەنانەت ڕیزەکانی خۆشتان وا ڕاهاوردووە، بەڵام ئەمە بیروبۆچوونێکی زۆر هەڵەیەو لەگەڵ دنیای سیاسی ڕۆشنبیری ئێستا ناکۆکە ئێمەی کۆمۆنیستەکان خەبات ئەکەین لەپێناوی ئازادی و یەکسانی حوکمەتی کرێکاری، بەواتا بۆ دونیایەکی ئازادو یەکسان. ناسیۆنالیستەکان هەوڵ ئەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بۆژوازی نەتەوە دابمەزرێنن و ناکۆکی چینایەتی درێژە پێبدەن بەچەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئێوەی ئیسلامی سیاسی ئەتانەوێ دەوڵەتێکی ئیسلامی دروستبکەن و مێژووی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی (١٤٠٠) ساڵ پێش ئێستا زیندوو بکەنەوەو بەزۆری شمشێر فەرزی بکەن بەسەر خەڵکداو ئافرەتان لەسەرکار دەرکەن و ڕەوانەی ماڵەوەی بکەن و وەکو کالا بۆ خزمەتی پیاوان بەکاریان بێنن، ئەمانەو چەندین بزوتنەوەی سیاسی تر لەکۆمەڵگەدا وجوودیان هەیە کە نە عەلمانــی و نە ئیسلامیــــن.