لە هەولێر چالاکی دژی تورکیا و لە سلێمانی چالاکی دژی ئیران یاساغە!
لە هەولێر چالاکی دژی تورکیا و لە سلێمانی چالاکی دژی ئیران یاساغە!
دوو دەسەڵاتی بۆرژوای کورد، چۆن دابەشی سەر دوو دەوڵەتی کۆنەپەست و فاشیستی ناوچەکە تورکیاو ئێران بوون، ئاواش لە راستای عادەت پیشەییاندا بۆیان، لەناوخۆی کوردستاندا رێگە نادەن کەس لەگوڵ کاڵتر بەم دوو دەوڵەتە بڵێت و هەر کەس و لایەنێک سەرپێچی لە بریاریان بکات، بەر غەزەبی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دیموکراسییەکەیان! دەکەوێت.
لە زۆنی زەددا داوای موڵەت بۆ کۆبونەوەیەکی نارەزایەتی یان چالاکیەک لەدژی هێرش و ملهوری تورکیا یا وەستانەوە بە رووی تۆپباران و تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی تورکی یان هەر سیاسەت و کردەوەیەکی دوژمنکارانە بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان، رەت دەکرێتەوە و هێرش دەکرێتە سەر خۆپیشاندان وچالاکیەکان و هەڵسوڕاوانی و بە زۆری هێز بڵاوەی پێدەکرێت و رابەرانی دەستگیر دەکرێن… لە زۆنی سەوزیش بەهەمان شێوە هەر داواکارییەک بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ هەر چالاکی و خۆپیشاندان و کۆبونەوەیەک بەرووی کردەوە دەخالەتی ئیران لە کوردستاندا، دەکەوێتە بەر هێرشی پێش وەختەی دەسەڵات و ڕیگای پێنادرێت و بەزۆری هیز بڵاوەی پێدەکريت و هەڵسوڕاوان و رابەرانی دەستگیر دەکرێن… ئەوە لە کاتێکدایە رژێمی ناسیونال/ فاشیستی تورکیا، لە زۆنی زەردا دەیان بنکەو بارەگای سەربازی و جاسوسی هەیە، رۆژانە هێرش دەکاتە سەر سنورەکان و بۆمباباران دەکات، رابەران و کادر و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن لەناو جەرگە و قوڵایی کوردستاندا تیرۆر دەکات و درۆنەکان، دروێنەی ئەندامەکانی دەکەن لە هەر جێگایەک دەربکەون. لەم کردەوە ئینسان کوژی و پیشیلکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستاندا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لەلایەن پیاوەکانی دەسەڵاتەوە چاو ساغی دەکرێن و باندە ئینسان کوژەکان و بکوژی دەیان و سەدان کادر و هەڵسوراویان، دەستی هیچ لیپرسینەوەیەکی پێ ناگات. هەروەها رژێمی ئاخوندەکانی ئیران، لەزۆنی سەوزدا بە ئاشکرا تەراتێن دەکەن و بە سەدان کادر و بەرپرسی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانیان تیرۆر کردووە، لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بە سەدان جار بۆردومانی ناوچە سنوریەکانیان کردووە، هێرشیان کردۆتە سەر بنکەو بارەگای هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیران و دەیان بنکەو بارەگای ئاشکراو نهینیان بەناوی جیاجیاوە هەیە… کەچی دەسەڵاتی ئەم زۆنەش لەبەرامبەر بەو هەموو ملهورییە ئاشکراو نائینسانییە بێدەنگە، بەلام کە جەماوەر و خەڵکی ئازادیخواز دەیانەوێت لەڕێگای چالاکیەکەوە ئیدانەی رەفتار و کردەوی دەسەڵاتی ئاخوندەکان لەناوخۆی کوردستاندا بکەن، هیزە سەکوتگەرەکان و نۆکەرەکانیان، هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندان و کۆبونەوەکانیان و هەلسوڕاوانیان راپیچی زیندان دەکەن… ئەو مامەڵەیەی دەسەلاتی زۆنی زەرد و سەوز، بە ئاشکرا ئەوە دەخاتە روو کە ئەم دوو دەسەڵاتە بەتەواوەتی لە ئامیزی دەوڵەتەکانی ناوچەکەدان و نۆکەری پیشەیی بۆیان بۆتە تایبەتمەندییەکی جێکەوتوو… خەڵکی ئازادیخواز و ئینسان دۆست لەناو تورکیاو ئیراندا و لەژێر سایەی سەرکوتی میت و جەندمەو ئیتلاعات و پاسداردا، نارەزایەتی دەردەبڕن، کەچی دەسەڵاتی بۆرژوای کورد ڕیگەی هیچ چالاکیەک نادات..
لەزۆنی زەرد خۆپیشاندان تا رادەیەک بەدژی ئیران ڕێگەپێدراوترە، چونکە نەیاری بلۆکی خزمەتکارییەتی و لە زۆنی سەوزیش چالاکی تا ڕادەیەک لە دژی تورکیا ڕێگەپێدراوە، چونکە نەیاری قوتبی خزمەتکارییەتی، واتە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بەکردەوە شەر و مەئموریەتی بەوەکالەت بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەکات و لەبەرامبەر خۆپیشاندانی ئازادانەی جەماوەرییدا کە دەسەڵاتی مۆری تەئیدی لێنادات، ڕیگری دەکات و حەربەی سەرکوتی ئامادەیە.
دیارە ئەوە بەو مانایە نییە خۆپیشاندان و چالاکی تر بۆخواست و مافەکانی تر، لەژێر سایەی دەسەڵاتی زۆنەکان ڕێگەپیدراو بێت… بەڵکو رێگە بەهیچ خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکی جەماوەری نادەن خەڵکی ئازادیخواز بەدژی دەسەلاتی ئەوان بیکات و کە داخوازی و مافەکانیان بەیان بکات… بەڵکو وەکو هەموو رژێمە سەرکوتگەرەکان تەنها ڕیگە بەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە دەدەن کە بەدڵی خۆیان و بە شان وباڵی دەسەڵاتدا هەڵبدات… هەموو ئەمانە نیشان دەدەن، کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بانگەشەی ئازادی و بەرگری لە ئازادییەکانی درۆیەکی پوچەو ئەوەی جار و باریش دەکرێت، زادەی قوتبی نەبوونی دەسەڵات و بێ توانایی دەسەڵاتە لە ڕیگری لێکردنی… ئەوە هێرشەی ٢٨ ی ئەم مانگە دەسەڵاتی یەكیتی کردییە سەر خۆپیشاندانی مەدەنی و خەڵکی ئازادیخواز کە بۆ پشتیوانی لە جەماوەری راپەریوی ئیران ویستان وەڕی بخەن… پەڵەیەکی نەنگی تری دژە ئازادیی یەکێتییە، لە چوارچیوەی بەرگری لە نیزامی ئاخوندەکانی ئیران، کە کەوتۆتە سەر لێواری قەبر… دیارە ترس و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ترسە لە راپەرێن و خرۆشانی جەماوەری کە رۆژ بەرۆژ بەردی بناغەکانی لەلایەن بزوتنەوە کۆمەلایەتییە ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازەکانەوە، بۆ سەریەک دەنرێت. سەرکوت و ملهوری تاسەر ڕێگایەکی بن بەستەو راپەڕینی ئێستای خەڵکی ئیران بەڵگەی راستی ئەم بۆچوونەیە…
عەبدوڵا مەحمود
کۆتایی سێبتەمبەری ٢٠٢٢